گۆڕان‌و كۆمەڵ پێشنیارەكەی پارتی‌و یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕەتدەكەنەوە

14-06-2017 01:29
لە 12-10-2015وە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوەو هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەفەرمی وەڵامی پارتی‌و یەكێتی-یان دایەوەو پێشنیاری ئەو دوو حزبەیان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بە مەرجەوە ڕەتكردەوە.

 

شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕونكردنەوەیەكدا كە ڕاستەوخۆ لە كەناڵی كەی ئێن ئێنی سەربە حزبەكەیەوە خوێندیەوە، ڕایگەیاند، لەدوای پەكخستنی پەرلەمان لە 12-10-2015 بزوتنەوەكەیان جەختی لەوەكردوەتەوە بۆ چارەسەری كێشە سیاسی‌و داراییەكان پێویستە بەو دەستە سەرۆكایەتییە هەڵبژێدراوەی خۆیەوە پەرلەمان دەستبەكارەكانی بكاتەوە.

 

شۆڕش حاجی وتیشی"هەر شێوازێکی تری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبوڵکراو نیە." ئەوەشی خستەڕوو "چونکە هۆکاری سەرەکی ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتییەکەی نیە، بەڵکو کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم‌و هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم."

 

هاوكات ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی حزبەكەی خستەڕوو، ڕایگەیاند"هەموو لایەكمان جەختمان لەسەر بەدیهێنانی كەشێكی تەبایی‌و ئاشتەوایی لەهەرێمدا دەكردەوە‌و پێمانوابوو هەنگاوی یەكەم بەكاراكردنەوەی پەرلەمان دروست دەبوو، بەڵام بەوشێوازەی پێشنیاركراوە ئەو كەشە نایەتەدی."

 

وتەبێژەكەی كۆمەڵ وتیشی"دروستە بپرسین گۆڕینی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ؟ ئایا چۆن دوولایەن هەقی ئەوە بەخۆیان دەدەن كە باسلە بەركەوتەی لایەنەكان بكەن‌و لەبری ئەوانیش بڕیار بدەن."

 

ڕێبوار حەمەد باسیلەوەشكرد، ئەوان پێیانوایە پەرلەمان كارابكرێتەوە بەو دەستە سەرۆكایەتیەی ئێستای درێژە بە بەرنامەو كۆبوونەوەو كارەكانی بدات‌و پێكەوە هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكانی دیكە بنێن لەسەروی هەمویانەوە باروگوزەرانی خەڵك.

 

لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لە زۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوهەڵوێست بوون. 

 

ئەو هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی دوای ئەوەدێت دوێنێ یەكێتی‌و پارتی ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوەو گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ حكومەت.

 

هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوی یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە باسلە ناوەڕۆك‌و چۆنیەتی گەیشتن بە ڕێككەوتنەكە نەكراوە، بەڵام پەرەگراف لە دوو سەرچاوەی یەكێتییەوە ئەوەی زانیوە پارتی بەمەرجی ئەوە ڕازیبووە بە دەستەی ئێستایەوە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، دوای یەكەم دانیشتن یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكار بكێشێتەوە.

 

دوای ئەو ڕێككەوتنەی پارتی‌و یەكێتی، د.محەمەد عەلی، ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە پەرەگرافی وت، ئەو بیرۆكەیەی باسدەكرێت پەرلەمان كارا بكرێتەوەو دوای یەكەم یان دووەم كۆبوونەوە یوسف محەمەد دەستلەكار بكێشێتەوە نوێ نییەو پێشتریش بە گۆڕان وتراوەو ڕەتكراوەتەوەو "ئێستاش ڕەتیدەكەینەوە."

 

ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان، تەئكیدی كردەوە"هەر گۆڕانكارییەك لە سەرۆكایەتی پەرلەمان پەیوەندی بە گۆڕانكاریی لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمەوە هەیە‌و یەك پاكێجن." وتیشی"پەرلەمان دووكان نییە هەركات بیانەوێت دایخەن‌و هەركات بیانەوێت بیكەنەوە."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان پرسیاری لەبارەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم هەبوو، وتی"ئەی پۆستەكەی مەسعود بارزانی چی لێدەكەن كە ماوەی یاسایی تەواوبووەو شەرعییەتی نەماوە."

 

بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە، لەكۆبوونەوەیەكی نێوان مەسعود بارزانی‌و حزبە سیاسییەكان، 7ی ئەم مانگە بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی درەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردو ڕەخنەیان لەو بڕیارەگرت‌و ئەو پرسەیان بەكاری پەرلەمان دانا، ئامادەش نەبوون نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

 

دوای دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ڕایگەیاند، نابێت ڕاپرسی‌و ڕاگەیاندنی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی حزبی‌و خۆدزینەوە لە چاكسازی بەكاربهێنرێت، وتیشی"ئەو پڕۆسەیەی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان‌و هاوئاوازەكانی دەستیان پێكردووە پڕۆسەیەكی حیزبی‌و نایاساییە."

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

قوڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015 بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی‌و تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر، لەو كاتەشەوە بەردەوام پارتی تەئكیدی لەوە كردوەتەوە ڕازی نابێت بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوە پەرلەمان كارا بكرێتەوەو گەڕانەوەی یوسف محەمەدی بە هێڵی سوور داناوە.

 

دەقی ڕونکردنەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ڕای گشتی

 

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین کە لە دوای ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ وە جەختمان لەوە کردۆتەوە کە بۆ چارەسەری کێشە یاسایی‌و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان‌و چارەسەری قەیرانی دارایی‌و باشکردنی بژێوی‌و گوزەرانی هاوڵاتیان پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەو دەستە سەرۆکایەتییە هەڵبژێردراوەی ئێستایەوە دەست بە کارەکانی بکاتەوە. پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین مەرجەعی یاسایی‌و شەرعی هاوڵاتیانی کوردستان ئەرکی تاوتوێکردنی هەمو ئەو بابەتانەیە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵک‌و ئایندەی گەلەکەمانەوە هەیە.

 

هەر شێوازێکی تری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبوڵکراو نیە. چونکە هۆکاری سەرەکی ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتییەکەی نیە، بەڵکو کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم‌و هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. بۆیە هەر هەنگاوێک بەبێ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی‌و چاکسازی ریشەیی لە بوارەکانی دارایی‌و کارگێڕی‌و چاودێری وردی کارەکانی حکومەت نەک چارەسەر نین، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەباو گەلەکەمان پتر نائومێدو ئەزمونەکەمان‌و ئاییندەشمان دەخاتە بەردەم ئەگەرو مەترسی گەورەترەوە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان
١٤/٦/٢٠١٧