باڵیۆزی بەریتانیا بۆ مەسعود بارزانی: كاتێكی باش نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

15-06-2017 03:00
كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و باڵیۆزی بەریتانیا.

 

پەرەگراف

 

باڵیۆزی بەریتانیا لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی لەگەڵ مافی گەلانە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆیان، بەڵام ئێستا كاتێكی باش نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

 

بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی كردووە لە فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق‌و شاندێكی یاوەری، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بارزانی، باس لە بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنیی عێراق لە قۆناغی دوای داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا.

 

هەروەها ڕۆشنایی خراوەتەسەر ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان، "پەیوەست بەم باسەوە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لەگەڵ مافی نەتەوە و گەلانە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بەڵام، لەوباوەڕەدایە كاتێكی باش نیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان."

 

لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی ئەوەی خستوەتەڕوو، ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە كە دەستكەوتەكانی لە ڕێگەی ئاشتی‌و دوور لە توندوتیژی بەدەست بهێنێت‌و دەیەوێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغداو دراوسێكان‌و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت.

 

7ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.