بارزانی: ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییەو دەمەوێت لە ژێر سێبەری ئاڵای كوردستانی سەربەخۆدا بمرم

16-06-2017 01:48
بارزانی دەڵێت، دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت‌و خۆی كاندید ناكاتەوە.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییەو دەیەوێت لە ژێر سێبەری ئاڵای كوردستانی سەربەخۆدا بمرێت، دەشڵێت، دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی 11ی ئەمساڵ دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت‌و خۆی كاندید ناكاتەوە.

 

ئەو وتانەی مەسعود بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتووە لەگەڵ گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمەریكی، كەتێیدا تیشكدەخاتەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بارزانی تەئكید دەكاتەوە كە جیابوونەوەی ئاشتییانەی كورد لە بەغدا تاكە چارەسەرە بۆ كێشەكانی عێراق‌و ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە.

 

7ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

لەبارەی كاردانەوەی وڵاتان‌و ئەگەری گەمارۆ خستنەسەر هەرێمی كوردستان، بارزانی دەڵێت"پێمانباشترە لە برسا بمرین، نەک لەژێر زوڵم‌و داگیرکاریی خەڵکانی دیکە بژین. ئەگەر لە ڕیفراندۆمەكەدا بڕیاردراو کاردانەوەکانیش پەراوێزخستنی ئێمە بوو، ئەوا با خەڵکی ئێمە بمرێت. ئەوکات دەبێتە شانازی بۆ جیهان کە ئەوان گەلەكەمانیان بە برسیکردن کوشت، تەنها لەبەرئەوەی ئەو گەلە ویستویەتی چارەنوسی خۆی بەشێوازی دیموكراتییانە دەستنیشان بكات."

 

بارزانی تەئكیدیش دەكاتەوە كە ڕیفراندۆمەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستانەو پێویستە كاربە ئەنجامەكەی بكرێت، ئەوەشدەخاتەڕوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوپرسەی باسكردووە كە مافێكی یاسایی گەلی كوردەو دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەیانەوێت لەسەر ئەنجامەكەی گفتوگۆ بكەن، بەوتەی بارزانی، عەبادی وەڵامی نەرێنی نەبووە.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

بارزانی لەبارەی كێشە ناوخۆییەكان‌و بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕیفراندۆم، باسلەوەدەكات ڕیفراندۆم گەورەترە لە كێشەو ناكۆكییەكان‌و پەیوەندی بە چارەنوسی هەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە، پێشیوایە ئێستا باشترین كاتە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و ئەگەر لەوەزیاتر ئەوپرسە دوابخەن لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نابێت‌و كاریگەری خراپی دەبێت.

 

بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامبدرێن، بارزانی بۆ گۆڤارە ئەمەریكییەكە ئەوەدەخاتەڕوو كە دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت‌و خۆی كاندید ناكاتەوە، پێشتر مانگی 3ی ئەمساڵ بارزانی ڕایگەیاند لەمانگی 9دا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت‌و ئەو خۆی كاندید ناكاتەوە.

 

ئەوكات بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لیمۆندی فەڕەنسی، وتی"لە مانگی نۆدا دوو هەڵبژاردن دەبێت؛ سەرۆكایەتی و پەرلەمانی. پاش هەڵبژاردنەكانی 2014 ڕێكەوتنێك هەبوو لەنێوان پارتەكاندا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەك و پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەش، بەڵام بەشێك لەوان كێشەیان دروست كرد و زیاتر بەرژەوەندیی تاكڕۆییی خۆیان دەخستە پێشەوە. دەنگی هاووڵاتیان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بزانرێت، دەبێ كێ دەستەڵات بگریتە دەست."

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە) تائێستاش هەر لە پۆستەكەیدایە.

 

ڕۆژنامە فەڕەنسییەكە لە مەسعود بارزانی دەپرسێت، ئایا خۆتان كاندید دەكەنەوە؟ لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت"یاساكەمان ئەوە دیاری دەكات، كە ماوەی سەرۆكایەتی تەنیا چوار ساڵە و یەك جار تازە دەكرێتەوە. من دوو جار سەرۆكایەتیم كرد و دووەم جار بەهۆی جەنگی دژ بە داعش ناچاربووم بەردەوام بم. یاسا گرینگیی خۆی هەیە، كەواتە خۆم كاندید ناكەمەوە. لەنێو پارتەكاندا چەندین كەس هەیە، كە دەتوانن خۆیان كاندید بكەن و كەسانی سەربەخۆش دەتوانن خۆیان كاندید بكەن و داوای دەنگی هاووڵاتییان بكەن. دەخوازم هەموو ئەو كاتەی كە لە بەردەستمدا دەبێت، تەرخانی بكەم بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق."