یەكێتی: تێدەكۆشین ڕیفراندۆم سەربخرێ بەمەرجێك ڕێوشوێنەكانی بە یاسایەك لە پەرلەمان پەسەند بكرێت

18-06-2017 06:07
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی. فۆتۆ؛ پیوكەی میدیا.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند، تێدەكۆشن بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان بەومەرجەی تەواوی ڕێوشوێنەكانی پڕۆسەكە بە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت.

 

ئەو هەڵوێستەی یەكێتی دوای ئەوەدێت 13ی ئەم مانگە یەكێتی‌و پارتی ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوەو گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ حكومەت، بەڵام بەو مەرجەی دوای یەكەم كۆبوونەوە سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕدرێت كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەوەش ناڕەزایی لەناو بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتیدا دروستكرد، هەروەها هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئەو ڕێككەوتنەی پارتی‌و یەكێتییان ڕەتكردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی، هەرچەندە پرسی ڕیفراندۆمی بەستوەتەوە بە پەرلەمانی كوردستانەوە بەجۆرێك پڕۆسەكە بە یاسا ڕێكبخرێت، بەڵام باسی لە هەڵوێستی حزبەكەی نەكردووە لەبارەی چۆنێتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كە هەریەكە لە پارتی‌و گۆڕان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەو بارەیەوە.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاترو دواین هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی پۆنێتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، پەیوەندیكرد بە زیاتر لە 5 ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە كە بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، بەڵام هەندێكیان ڕەتیانكردەوە لێدوان بدەن‌و هەندێكیشیان وەڵامیان نەدایەوە.

 

ئەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی یەكێتی درێژكراوەی كۆبوونەوەی 15ی ئەم مانگەی سەركردایەتی ئەو حزبە بوو كە تێیدا پرسی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان تاوتوێكران.

 

دوای كۆبوونەوەی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبەو بەشداربووی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد وەكو یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن، وتی"بەڵام دەبێت تەواوی زەمینەسازی بۆ ڕیفراندۆم بكرێت هەرلە یەكڕیزی نیشتمانی هەتا دەگاتە هەموو بوارەكانی دیكە. تەئكیدیش دەكەینەوە دەبێت پەرلەمان كارابكرێتەوە چونكە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكڕیزی نیشتمانی دروست نابێت."

 

لەبارەی شێوازی كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئارێز عەبدوڵا پێشتر وتی"دەبێت بەبێ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوە" لەوەڵامی ئەوەی ئایا ئەوە ڕای زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی بووە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا؟ ئارێز عەبدوڵا وتی"هەموو یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە، بەڵام لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی‌و لەگەڵ گۆڕان ئەوە شتی دیكە دێتەپێشەوە، بەڵام ڕای یەكێتی ئەوەیە بەبێ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوە، ئەمە ڕای تەواوی یەكێتییە.

 

هەرچەندە بڕیاردراوە 25-9ی ئەمساڵ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتی ئەو پڕۆسەیەیان كردووەو هۆكاری سەرەكیش كارانەكردنەوەی پەرلەمانە كە لە 12-10-2015وە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی پەكخراوەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لەشاری هەولێر.

 

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی، باسلە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ گۆڕان‌و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی حزبەكەیان‌و وەڵامەكانی پارتی لەبارەی نەخشەڕێگاكەیانەوە دەكات.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی

 

سەعات (11)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (18/6/2017) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، درێژەی بەكۆبوونەوەكانیدا.

 

لەم كۆبوونەوەیەدا، ئەم بڕگانە، دوای گفتوگۆیەكی ئازادانەی تێروتەسەل، پەسەندكران:

 

یەكەم:
(كاراكردنەوەی پەرلەمان)
یەكێتیی، لەدامەزراندنییەوە هەتا ئێستا، دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بۆ گەلی كوردستان، بنەمای سەرەكی خەباتی بووە، لەو روانگەیەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختدەكاتەوە، كە یەكێتیی وەكو پێشەنگی خەباتی مافی دیموكراسیانەی چارەی خۆنوسین، داكۆكیكەری بی ئەملاو ئەولا دەبێ و تێدەكۆشی پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی، لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دابڕێندراو لەهەرێم، سەربخرێ. بەمەرجێك سەراپای رێوشوێنەكانی بە یاسایەك لەپەرلەمانی كوردستاندا پەسەند بكرێ و دەسەڵاتە تایبەتمەندییەكانی هەرێم و تەواوی دامەزراوە فەرمییەكانی تر، لەبەر رۆشنایی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەركە نیشتمانییەكانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، راپەڕێنن و، زەمینەی كۆ دەنگی یەكڕیزی نیشتمانی بڕەخسێنن.

 

دووەم:
(رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان)

یەكێتیی ئامادەیە، رێككەوتننامەی نێوان یەكێتی و گۆڕان جێبەجێ بكات و لەو پێناوەشدا، سەركردایەتی هاوبەشی راسپێردراو، بڕگەكانی رێككەوتننامەكە، جیبَەجی بكات.

 

سێهەم:
(چاكسازیی و گۆڕانكاری)
لیژنەیەك پێكهات بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەی پێشكەشكراوی مەكتەبی رێكخستن بۆ چاكسازیی و گۆڕانكاریی، لەماوەی هەفتەیەكدا پرۆژەكە گەڵاڵەی رەسمی بكەن و دابەشبكرێتە سەر ئەندامانی سەركردایەتی.

 

چوارەم:
(نەخشەڕێگەی یەكێتی)
وەڵامی نەخشەڕێگەی یەكێتی، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە خوێندرایەوەو بڕیاردرا، هەڤاڵانی سەركردایەتی، بۆچوونی خۆیان دەربارەی بدەنە مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی سیاسیش، لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتیدا، بكەوێتە گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە، لەهەموو ئاست و ئاراستەكاندا.

 

كۆبوونەوە، بۆ تەواوكردنی بڕگەكانی دیكەی پرۆگرامی سەركردایەتی، دوای جەژن، درێژە بەكۆبوونەوە دەدات.

 

بەئومێدی ئەوەی، لەم قۆناغە نوێیەی راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسسازەكاندا، یەكێتیی:

 

-كاریگەر بێ لەكاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی یاسایی و سیاسی و یەكڕیزی نیشتمانی.

 

-ژینگەی هەڵوێستی دیموكراسی نەتەوەیی و زەمینەی ئابوریی و كۆششی دیپلۆماسی و زەمینەی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بڕەخسێنری.

 

-چاكسازیی و گۆڕانكاری لەناو یەكێتی و لەحكومەتدا بهێنرێنەدی، هەتا كێشە پەنگ خواردووەكانی هەناوی یەكێتی چارەسەر بكرێن و پەیڕەوی ناوخۆ بكرێتە بنەمای حزبایەتی. لەهەمانكاتدا، ئەو كار بەدەستانەی نەیانتوانیوە بەپێی پرۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، كە پەیمان و پەیامی یەكێتیی بون بۆ جەماوەر، ئەركەكانیان راپەڕێنن، لێیان بپێچرێتەوەو سەركەوتوەكانیشیان، پاداشت بكرێن.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2017