بەڤیدیۆ؛ ساتی خۆتەقاندنەوەی یەكێك لەو چەكدارانەی داعش كە ئەمڕۆ هێرشیكردەسەر پێشمەرگە

18-06-2017 08:23
كەركوك/داقوق/20-7ی 2014/ هێزەكانی پێشمەرگە پێشڕەویی دەكەن بۆ چوونە ناو گوندی وەحدە سەر بە قەزای داقوق كە ئەوكات لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو. فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی.

 

پەرەگراف

 

چوار چەكداری خۆكوژی داعش لە خۆرئاوای خورماتوو هێرشیانكردەسەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەو دوای گەمارۆدانیان خۆیان تەقاندەوە، بەبێئەوەی زیان بە پێشمەرگە بگات.

 

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە تایبەت بۆ پەرەگراف نێردراوە، دەردەكەوێت كە هێزەكانی پێشمەرگە تەقە لە چەكدارەكانی داعش دەكەن‌و ساتی خۆتەقاندنەوەی چەكدارێكیان دەبینرێت.

 

هێرشەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووەو چەكدارانی داعش نزیك بوونەتەوە لە بارەگای فەوجی چواری لیوای 16 كە دەكەوێتە خۆرئاوای قەزای خورماتوو، پێشمەرگەكان چەكدارەكانی داعشیان لە بینایەكدا گەمارۆداوەو ناچاریان كردوون خۆیان بتەقێننەوە.

 

سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە لە خورماتوو بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، پێشتر زانیارییان هەبووەو لە ئینزاردابوون بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلاماری داعش، وتی"لەكاتی نوێژی بەیانیدا پێشمەرگەكان دوای پارشێوكردن نوێژیان كردووەو یەك كەسیان پاسەوانی كردووە، لەوكاتەدا داعشەكان پەلاماریانداوەو هێرشیانكردووەو بوەبەتەقە."

 

دواتر پێشمەرگەكان، چەكدارانی داعش لە بینایەكدا گەمارۆ دەدەن‌و دوای تەقەلێكردنیان، داعشەكان خۆیان دەتەقێننەوەو هیچ زیانێك بە پێشمەرگەكان ناگات.

 

"ئێوارەی پێشتر لە گوندەكانی تامور داعش خۆیان پیشاندابوو بۆئەوەی ئێمە بچین بۆ ئەوێ‌و ئەوانیش زەفەربێنن لە فەوجی 4، بەڵام ئێمە لە ئامادەباشیدابووین بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان."سەرچاوەكەی پێشمەرگە وای وت.

 

 

گرتەی ڤیدیۆی خۆتەقاندنەوەی چەكدارێكی داعش، 18-6-2017.

 

داعش لە قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، ناوبەناو هێرشدەكاتە سەر هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی، لە 14-6 هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی چەند هێرشێكی داعشیان لە خۆرئاوای قەزاكە تێكشكاند، دوای چەند كاتژمێرێك شەڕو پێكدادان.

 

قەزای دوزخورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە عەرەبی سونە، كورد‌و توركمانی شیعەو سونە پێكهاتووە، سنورەكەی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكانی ترەوە دەپارێزرێت.

 

داعش تائێستا لە پارێزگای سەڵاحەدین‌و كەركوك جموجۆڵی هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی ئەو رێكخراوە لە قەزای حەویجەی باشوری خۆرئاوای كەركوك كە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین.