هیومان ڕایتس ۆوچ ڕەخنەی توند لە مامەڵەی پێشمەرگە دەگرێت لەگەڵ هەڵهاتووانی دەستی داعش

21-06-2017 03:16
هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادە باشیدان لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنین. فۆتۆ: ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ هێزەكانی پێشمەرگە تۆمەتباردەكات بەوەی بۆماوەی نزیكەی 3 مانگ‌و لە خاڵەكانی پشكنین، بەو ناوچانەشەوە كە لە هێڵەكانی پێشەوەی شەڕن، "بە هەزاران هاووڵاتی مەدەنی هەڵهاتووی ناوچەكانی ژێردەستی داعش-یان ڕاگرتووە لەسەر بنەمای نیگەرانی ئەمنی گشتی و لە زۆرێك لە كەیسەكاندا ڕێگریان كردووە لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆیان."

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە كە چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ دەكات لە دونیادا لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، لەزاری هەڵهاتووانی دەستی داعشەوە مامەڵەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵیان دەگێڕێتەوە كە هەندێكجار بووەتەهۆی مردن یاخود خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی ئەو كەسانە، وەك گیانلەدەستدانی كۆرپەیەكی 6 مانگ كە باوكی چیرۆكەكەی دەگێڕێتەوە.

 

هیومان ڕاتیس ۆوچ بەپێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێم هەستێت بە دابینكردنی هاوكاری مرۆیی خێراو بەپەلە بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییانەی پێویستیان بەهاوكاری هەیەو ڕێگەیان پێبدەن بگەنە ناوچە ئارامەكان.

 

ئەو هاوڵاتییانە كە ژمارەیەكی زۆریان خێزانن، لە ناوچەی حەویجەوە هەڵهاتوون‌ كە بە دووری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری موسڵ‌و تەلەعفەرو 55 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای موسڵ كە لە مانگی حوزەیرانی 2014وە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بووە.

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت"دەبێت هەموو گرووپە چەكدارەكانی عێراق زۆرترین كۆشش بكەن لە یارمەتیدانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە گەیشتنە ناوچەی ئارام و دابینكردنی خۆراك و ئاوی خواردنەوەو داودەرمان بۆیان. بارودۆخەكە ڕوو لە خراپتر دەكات كاتێك هێزەكانی دژ بە داعش دەست بە ئۆپراسیۆنی گرتنەوەی حەویجەو تەلەعفەر دەكەن."

 

چوار كەس كە لەگەڵ خێزانەكانیان لە خاڵەكانی پشكنین ڕاگیرابوون‌و دوو كەس كە زانیاری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر جموجوڵی ئەو خەڵكانەی لە ناوچەكە هەڵدێن بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووتووە"لە هەریەك لەو چوار بازگەیەی خێزانەكان هەوڵی چوونە ناو ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان داوە، هێزەكانی پێشمەرگە هەستاوون بە ڕاگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بۆماوەی چەندین ڕۆژ و هەفتەو تەنانەت لە كەیسێكدا بۆ ماوەی سێ مانگ. لە زۆرێك لە كەیسەكاندا، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانەكان بكەونە ژێر هەڕەشەو مەترسی هاوەنەكانی داعش و هێرشی خۆكوژی و بێ خۆراكی و پێداویستیە سەرەكیەكانی تر بۆیان."

 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ، پیاوێك كە لەگەڵ خێزانەكەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە بازگەیەك لە مەكتەب خالید ڕاگیرابوو، كە گوندێكی وێرانەیە لە هێڵەكانی پێشەوەو دەكەوێتە مەودای تۆپبارانەكانی داعش، وتویەتی''ئەو سێ ڕۆژەم لە دڵەڕاوكێدا بەسەربرد لەترسی ئەوەی كە داعش هەموومان بكوژێت و، لەهەمان كاتدا، ترس لەوەی منداڵەكانم لە سەرمادا ڕەق ببنەوە. ئەو سێ ڕۆژە خراپترین ڕۆژەكانی ژیانم بوون."

 

كەسێكی دیكە باسی لەوەكردووە كە چۆن "كۆرپە تەمەن 6 مانگەكەی لە بێ شیریدا گیانی لەدەستداوە"‌ لەكاتێكدا خێزانەكەی چاوەڕوانی ئەوە بوون ڕێگەی پەڕینەوەیان پێ بدرێت.

 

یەكێك لەو كەسانەی كە زانیاری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جموجوڵی ئەو كەسانەی لە ڕێگەی مەكتەب خالیدەوە هەڵدێن بە هیومان ڕایتس ۆوچی وتووە، لە چەند حاڵەتێكدا لە مانگی 4و5ی 2017دا، "هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ماوەی تا 14 ڕۆژ‌ ڕێگرییان لە دەیان هاووڵاتی مەدەنی كردووە لە پەڕینەوەو هەروەها ڕێگریان لە ڕێكخراوە مرۆییەكان كردووە لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆیان."

 

هەروەها كەسێكی تر كە زانیاری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جموجوڵی ئەو كەسانەی لە ڕێگەی بازگەی داقوقی پێشمەرگەوە هەڵدێن كە 17 كیلۆمەتر لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ دوورە، وتویەتی"هێزەكانی پێشمەرگە لەوێش بۆ ماوەی تا 16 ڕۆژ ڕێگریان لە پەڕینەوەی هاووڵاتیان كردووەو گەیاندنی هاوكاریە مرۆییەكانیان بۆ ئەو كەسانە سنووردار كردوون."

 

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەكان، دەبێت لایەنەكانی شەڕ هەموو هەنگاوێكی گوونجاو بگرنەبەر لە چۆڵكردنی دانیشتوانی مەدەنی لەو ناوچانەی دەكەونە مەودای شەڕو ئامانجی سەربازی و هەموو ڕێگەیەك بگرنەبەر لەپێناو بەرگریكردن لە هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئازاردانیان. پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان هەستن بە كارئاسانی كردن و دابینكردنی هاوكاری مرۆیی خێرا بۆ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی پێویستیان بەو هاوكاریانەیە.

 

"دەبێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی بدەن لە پرۆسەیەكی دادوەری بێلایەن بۆ دەستگیركراوان و ڕێگەبدەن بە دەستگیركراون پارێزەریان هەبێت و چاودێری تەندروستی و هۆكاری پەیوەندیكردنیان بە خێزانەكانیانەوە بۆ دابین بكەن. هێشتنەوەی هەركەسێك بۆماوەیەكی دیاریكراو بەبێ ئەوەی بتوانێ شوێنەكە جێبهێڵی بە دەستگیركراو لەقەڵەم دەدرێت."هیومان ڕایتس ۆوچ وادەڵێت.

 

ئەوە یەكەمجار نییە ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە ڕەخنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت لە شێوازی مامەڵەی لەگەڵ ئەو كەسانەی لەدەستی داعش هەڵدێن‌و پێشتر هەرێمی ڕوبەڕوی چەندین ڕەخنە كردوەتەوە.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ دەرەنجامی ڕاپۆرتەكانی لەم بارەیەوە خستوەتە بەرچاوی كۆمیتەی باڵای پێداچوونەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و داوای لەو كۆمیتەیە كردووە لێداونی خۆی لەوبارەیەوە بدات، بەڵام تا كاتی بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ وەڵامێكیان لەو كۆمیتەیەوە پێنەگەیشتووە.

 

ئەوڕێكخراوە نێودەوڵەتییە باسلەوەشدەكات، ڕەنگە هێزە ئەمنیەكان نیگەرانی ئەمنی دروستیان هەبێت و مافی خۆیانە لێكۆڵینەوە لەو هاووڵاتیانە بكەن كە لە ناوچەكانی داعشەوە هەڵدێن، بەڵام دەبێت بەرپرسان پێداویستیە تەندروستیەكان بە فریاگوزاری سەرەتایشەوە لە سەنتەرەكانی پێشوازی بۆ هەموو كەس دابین بكەن.

 

لەما فەقیە دەڵێت''ئەم خێزانانە بۆماوەی چەندین ساڵ لەژێر مامەڵەی خراپی داعش ژیانیان گوزەر كردوەو بۆ ماوەی چەندین مانگ بەدەست كەمی خۆراك و ئاوی خواردنەوەو داودەرمان ناڵاندویانە و لەپێناو گەیشتنە ناوچەیەكی ئارام ژیانیان خستۆتە مەترسیەوە. دواخستنی ئەو خەڵكانەی لە داعش هەڵدێن لە گەیشتنە ناوچەی ئارام و سەلامەت و دواخستنی گەیاندنی هاوكاری بۆیان نامرۆڤانەیە."

 

خێزانەكان باس لە چاوەڕوانیكردنیان لە بازگەكان دەكەن

 

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەوكەسانە كردووە كە لەبازگەكان ڕاگیراون‌و باسیان لەوەكردووە خواردن‌و پێداویستییان پێنەدراوە، چوار پیاو وتویانە خۆیان و خێزانەكانیان لە مەكتەب خالید لە ڕۆژێكەوە تا سێ ڕۆژ ڕاگیراون.

 

پیاوێكی خەڵكی حەویجە وتی، لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 لەگەڵ شەش ئەندامی خێزانەكەی كە بەشە خۆراكی یەك ژەمیان پێبووە گەیشتونەتە مەكتەب خالید، ئەو وتی، ئەفسەرانی پێشمەرگە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ‌ ڕێگریان لە خۆی‌و ئەندامانی خێزانەكەی‌و سەدانی تر لە پەڕینەوە كردووە، پێیان ڕاگەیاندوون تەنها كاتێك ڕێگە بەپەڕینەوەی خێزانەكان دەدەن ئەگەر ژمارەیان زیاد بكات.

 

"ئەو خێزانە لە بینایەكی وێرانەو بەبێ بەتانی لەو شوێنەدا دەمێننەوە. لەو ماوەیەداو لە چەند حاڵەتێكی كەمدا، ئەفسەرەكان نانی ووشكی دەدەنێ و ئەویش دەیداتە منداڵەكانی."ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ وادەڵێت.

 

سەرەڕای باسكردنی نیگەرانیەكانی بۆ ئەفسەرێكی پێشمەرگەی بازگەكە سەبارەت بە هێرشەكانی داعش‌و سەلامەتی خێزانەكەی، ئەو پیاوە وتویەتی، ئەفسەرەكە نیگەرانیەكانی پشتگوێ خستووەو پێیوتووە''ئێمە بەرپرسیارنین لە سەلامەتی ئێوە. ئێمە بەرپرسیارنین ئەگەر داعش هێرش بكاتە سەرتان لەبەرەوەی ئێوە لە ناوچەی ئێمەدا نین."

 

"بۆ ڕۆژی سێیەم، كچە تەمەن 9 ساڵەكەم چیتر نەدەیتوانی بجوڵێ و قسە بكا بەهۆی تووندی سەرماو نەبوونی خۆراك. كاتێك لە كۆتایدا ڕێگەیان پێداین بپەڕینەوە، دەبوو بە درێژای هەموو ڕێگاكە هەڵی گرم. لە كۆتایدا، ئەفسەرێك هەندێك ئاوی دەداتێ."

 

پیاوێكی تری خەڵكی حەویجە باسیلەوەكردووە لەمانگی كانوونی دووەم لەگەڵ خێزانەكەی‌و 200 كەسی تر گەیشتونەتە حەویجە كە لەوێ هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەبێ خۆراك ڕایانگرتوون.

 

"ڕۆژی یەكەم كۆرپە تەمەن 6 مانگەكەم بە ناوی خالید دەستی بە گریان كرد، زۆر سارد بوو هیچ شیریشمان نەبوو بیدەینێ لەبەرەوەی خێزانەكەم بۆماوەی سێ ڕۆژبوو هیچی نەخواردبوو. ڕۆیشتم بۆلای ئەفسەرانی پێشمەرگەو داوای خواردن و شیرم لێكردن، بەڵام ووتیان هیچیان لانیە. لێیان پاڕامەوە ڕێگەمان پێبدەن تێپەڕین، بەڵام ڕەتیانكردەوە ڕێگەمان بدەن و ووتیان دەبێت ژمارەكە زیاد بكات بەرلەوەی ڕێگەی پەڕینەوەتان پێبدەین. دەمزانی خالید دەمرێ و بۆ ڕۆژی داهاتوو مرد."ئەوپیاوە وای وتووە.

 

وتوشیەتی"ڕۆژێكی زۆر خەمناك بوو بۆمن، لە دەست داعش هەڵهاتین تا هەلی ژیان بە منداڵەكانم بدەم و ژیانێكی باشتریان هەبێت، بەڵام كۆرپەكەم لەدەستدا. دەبوو لەو بیابانەدا لەوێ بینێژم."

 

ئەو پیاوە ئەوەشی خستوەتەڕوو، كچەكەی كە دووانە بووە لەگەڵ خالید نەمردووە، بەڵام تووشی وشك بوونەوەیەكی زۆر بووە، هێشتا چارەسەری تەندروستی بۆ دەكرا كاتێك هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕێكەوتی ٢٣ی مایس چاوپێكەتنی لەگەڵ كرد.