بارزانی هۆشداریی لە "شەڕی خوێناوی" دەدات لە ئەگەری ڕێگری لە ڕیفراندۆم

21-06-2017 08:19
مەسعود بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25-9.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی‌ تەئكید دەكاتەوە بڕیاری ڕیفراندۆم گەڕانەوەی نییەو، داوایەكی‌ ئیدارەی‌ ئەمەریكاشی لەسەر ئەوپرسە ڕەتكردوەتەوە، هۆشداریش دەدات لە هەڵگیرسانی "شەڕی خوێناوی" لەئەگەری ڕێگریی لە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم.

 

بارزانی‌ لە‌ چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی‌ فرانس 24ی‌ فەڕەنسی كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، جارێكی دیكە تەئكیدی لەوەكردوەتەوە كە 25-9 ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدەدرێت‌و ئەوەی خستوەتەڕوو چەند ساڵێكە ئەو پرسەیان دواخستووەو چیدی كاتی دواخستنی نییە.

 

بارزانی‌ باسلەوەشدەكات، داوایەكی‌ ئیدارەی‌ دۆناڵد ترەمپی‌ ڕەتكردوەتەوە بۆ دواخستنی‌ ڕیفراندۆم، هۆشداریش دەدات كە هەرهەوڵێك بۆ ئاستەنگی دروستكردن بۆ ڕیفراندۆمەكە ئەنجامی "كارەساتبار"ی لێدەكەوێتەوەو سەردەكێشێت بۆ "شەڕی خوێناوی".

 

7ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

لەبارەی نیگەرانیی بەغدا لەو پرسەو جیابوونەوەی كوردستان، بارزانی ئاماژەبەوەدەكات، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌، ئەوەشی خستوەتەڕوو كاتی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا كراوەنابن‌و دەبێت لەماوەیەكدا بگەنە ڕێككەوتن.

 

لەبارەی هەر هەڵوێستێكی عێراق بە داخستنی ئاسمانی هەرێم یاخود جوڵاندنی هێزی سەربازیی، مەسعود بارزانی هۆشداریی ئەوەیداوە هەرێمی كوردستان دەستەوەستان نابێت‌و هێزە چەكدارەكانی هەرێم وەڵامیان دەبێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

بڕیارە دوای ڕیفراندۆم‌و لە مانگی 11دا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامبدرێن، بارزانی بۆ فرانس 24 تەئكیدی كردووەتەوە كە خۆی كاندید ناكاتەوەو دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە) تائێستاش هەر لە پۆستەكەیدایە.

 

كۆتایی هەفتەی ڕابردووش بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمەریكی، لەبارەی كاردانەوەی وڵاتان‌و ئەگەری گەمارۆ خستنەسەر هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، وتی"پێمانباشترە لە برسا بمرین، نەك لەژێر زوڵم‌و داگیركاریی خەڵكانی دیكە بژین. ئەگەر لە ڕیفراندۆمەكەدا بڕیاردراو كاردانەوەكانیش پەراوێزخستنی ئێمە بوو، ئەوا با خەڵكی ئێمە بمرێت. ئەوكات دەبێتە شانازی بۆ جیهان كە ئەوان گەلەكەمانیان بە برسیكردن كوشت، تەنها لەبەرئەوەی ئەو گەلە ویستویەتی چارەنوسی خۆی بەشێوازی دیموكراتییانە دەستنیشان بكات."