یەكێتی‌و گۆڕان: دوای ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان ئامادەكاری بكرێت بۆ ڕیفراندۆم

23-06-2017 06:36
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان ئامادەكاریی بۆ ڕیفراندۆم دەبەستێتەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانەوەو دەڵێت، دوای ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ ڕیفراندۆم بەمەبەستی سەربەخۆیی.

 

ئەمڕۆ سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوەو بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان ئەو دوو حزبە كراوەو بڕیار لەسەر ئەوپرسانە دراون.

 

خاڵی یەكەمی ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت"پاش ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەمەبەستی سەربەخۆیی، بە بەشداریی ناوچە دابڕێندراوەكانیش." لەخاڵی دووەمیش هاتووە"جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ڕێكەوتنامەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕین."

 

لەخاڵی سێیەمی ڕاگەیەندراوەكەشدا سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان ئەوەی خستوەتەڕوو دوای جەژن كۆبوونەوەكانیان تایبەت دەكرێن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە چارەنوسسازەكانی هەرێم.

 

 

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان.

 

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان باسیلە چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان نەكردووە، ئەوەش دوای ئەوەی 13ی ئەم مانگە یەكێتی‌و پارتی ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوەو گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ حكومەت، بەڵام بەو مەرجەی دوای یەكەم كۆبوونەوە سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕدرێت كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەوەش ناڕەزایی لەناو بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتیدا دروستكرد، هەروەها هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئەو ڕێككەوتنەی پارتی‌و یەكێتییان ڕەتكردەوە.

 

18ی ئەم مانگەش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، ئەو حزبە پرسی ڕیفراندۆمی بەستەوە بە پەرلەمانی كوردستانەوە بەجۆرێك پڕۆسەكە بە یاسا ڕێكبخرێت، بەڵام باسی لە هەڵوێستی حزبەكەی نەكرد لەبارەی چۆنێتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كە هەریەكە لە پارتی‌و گۆڕان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەو بارەیەوە.

 

هەڵوێستی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیاندا دوای ئەوەدێت، گۆڕان نیگەران بوو لە یەكێتی دوای ئەوەی شاندێكی باڵای ئەو حزبە بەشداربوون لە كۆبوونەوەی 7ی ئەم مانگەی مەسعود بارزانی‌و حزبەكان كە تێیدا بڕیاردرا 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجام بدرێت.

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردو ئامادەش نین نوێنەر بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن، ئەو دوو حزبە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەكاری پەرلەمانی كوردستان دادەنێن نەك حزبەكان.

 

یەكێتی‌و گۆڕان لە 17-5-2016وە ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كردووە كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون لە ناویاندا بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان وەك ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.

 

دەقی مادەی 11ی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان دەڵێت"هەردوولا كۆكن لەسەرئەوەی، كە مافی چارەی خۆنوسین و راگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە، ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانیە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە.


هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوە سەركارەكەی لە هەولێر.