ئیسرائیلیەكان پێداگری لە پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان دەكەن

24-06-2017 01:48
فیشەكێك لەسەر ئاڵای كوردستانە بە جلی پێشمەرگەیەكەوە لەكاتی شەڕ دژی داعش لەنزیك باشیك. فۆتۆ؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

ڕۆژنامەو نوسەرانی ئیسرائیل بە بایەخەوە بەدواداچوون دەكەن بۆ پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق‌و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پشتگیریی ئەو هەنگاوە دەكەن‌و كوردستان وەك تاكە هاوپەیمانی ئیسرائیل دادەنێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ئۆرشەلیم پۆست كە یەكێكە لە ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی ئیسرائیل چەند ڕۆژێك دوای دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، لە سەروتاری ڕۆژنامەكەدا پشتگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

 

"ئۆرشەلیم پۆست لەهەردوو لایەنی مۆراڵی‌و جیۆپۆلۆتیكەوە پشتگیری سەربەخۆیی سیاسیی تەواوتی كوردستان دەكات. لەساڵی 2014 سەرۆك وەزیرانی بنیامین نەتانیاهۆ پاڵپشتی خۆی ڕاگەیاند، وەك چۆن وەزیرانی دادو بەرگریش هەمان كاریان كرد. بەڵام كاتی ڕیفراندۆمەكە كە بڕیار دراوە لە مانگی ئەیلولدا لەو ناوچانەی لەلایەن كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوە ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی مایەی دڵخۆشییە"ئۆشەریلم پۆست وادەڵێت.

 

هەر لەو سەروتارەدا كە بە ڕای فەرمیی ڕۆژنامەكە دادەنرێت، ئۆرشەلیم پۆست باسلەوەش دەكات ململانێكانی نێوان قەتەرو وڵاتانی هاوپەیمانی سوننەكان لەنێویاندا سعودیە، میسر، ئیمارات‌و بەحرەین "ڕێگای كردەوە بۆ پشتگیرییەكی فراوانتری وڵاتە سوننییەكان بۆ كورد لەدیاریردنی چارەنووسی خۆیدا."

 

هەروەها دەڵێت"ئیسرائیل بەتەنها نابێت لە داواكردنی ئەوەی ماف بدرێت بە كوردەكان بڕیار بدەن ئەگەر سەربەخۆییان بوێت. ئەمەریكا –كە لەكاتی ئیدارەی ئۆبامادا ڕێگریكرد لە پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان بەهۆی بەرژەوەندی توركیاوە- ئێستا ڕەنگە لەسایەی دۆناڵد ترەمپدا گۆڕابێت بەهۆی دۆخی نوێی جیۆپۆلۆتیكەوە."

 

7ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

ئۆرشەلیم پۆست لەبارەی پشتگیریی وڵاتانی عەرەبی سوننەوە بۆ كورد دەنووسێت"ماوەیەكی كەم دوای ئەوەی بارزانی ڕیفراندۆمەكەی ڕاگەیاند، سعودیە پاڵپشتی خۆی ڕاگەیاند. پێدەچێت دەوڵەتە سوننەكانی دیكەی ناو هاوپەیمانی عەرەبی كە سعودیە ڕابەرایەتی دەكات هەمان هەنگاو بنێن. هۆكاری پاڵپشتیكردنی سعودیە بەهۆی دامەزراندنی پەیوەندییەكی نوێ نییە لەگەڵ كورد، بەڵكو ململانێكانە لەگەڵ قەتەر. توركیا لایەنی قەتەری گرت لە ململانێكاندا لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبییەكاندا. ڕێگایەك كە سعودیە بتوانێت لە ڕێیەوە سزای توركیا بدات ئەوەیە لە پاڵپشتی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بكات بۆ ڕیفراندۆم."

 

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە تەنها باس لە هۆكارە دەرەكییەكان ناكات‌و كێشە ناوخۆییەكانیش لەبیر ناكات‌و لەو بارەیەوە دەنووسێت "كوردەكان لەناو خۆیاندا كەرتبوون. پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە پەیوەندییەكی باشدایە لەگەڵ توركیا، ناكۆكە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان. ئەو دوو پارتە لە شەڕی ناوخۆیدابوون لەنێوان ساڵانی 1994 بۆ 1998 و بەشی جیاوازی باكوری عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردووە. بارزانی كە سەرۆكایەتی پارتی دیموكرات دەكات، فیگەرێكی یەكگرتوو نییە لە كوردستاندا و ماوەی دیموكراتیی سەرۆكایەتیەكەی چوار ساڵە تەواو بووە و دوو جاری یەك لە دوای یەك درێژكراوەتەوە، بەڵام جارێكی دیكە لەكۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێتەوە."

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

"هەروەها ئەوە ڕوون نییە كە ئاخۆ كوردستانی عێراق لەتوانایدا هەیە ببێتە دەوڵەتێك كە بتوانێت بژی. ئەوان هیچ دەرچەیەكی ئاوییان نییەو گیریانخواردووە لەنێوان عێراق، توركیاو ئێران. سێ وڵات كە دژی دروستكردنی ئەو دەوڵەتەن و لە دژایەتییەكەیاندا یەكگرتوون."ئۆرشەلیم پۆست وا دەنووسێت.

 

لەكۆتایی سەروتارەكەشدا ڕۆژنامە ئیسرائیلیەكە باسلەوە دەكات سەرەڕای هەموو ئەوانە ئیسرائیل دەرفەتێكی بێهاوتای پێشكەش بە كوردەكان كردووە بۆ بڕیاردان لەمافی چارەنووسی خۆیان و دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوەو هەریەكە لە عێراق، ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، توركیا‌و ئێران دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند‌و ئاماژەیان بەوەكرد ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هاوكات هەرلە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، لیات كۆلینس خانمە نووسەری ئیسرائیلی لە وتارێكیدا لەبارەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، باسی لەو وەزیرو بەرپرسە ئیسرائیلیانە كردووە كە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان دەربڕیوە.

 

"كوردەكان دەیانەوێت ڕێگریی بكەن لەوەی ئێران بەتەواوی ئەوە دابمەزرێنێت كە بە هیلالی شیعی ناسراوە لە ئێرانەوە بۆ لوبنان لە دەریای ناوەڕاست‌و یەمەن لە دەریای سور" كۆلیس وادەنوسێت.

 

هەروەها دەڵێت"كورد لەفەڵەستین كەمتر شایستەی دەوڵەتێكی ئازادی سەربەخۆ نییە، لە ڕاستیدا زۆر زیاتریش شایستەیە. ئەوان گەلێكی جیاوازن كە زمان‌و مێژوو، دابونەریتی تایبەت بەخۆیان هەیە. ئەوان مسوڵمانن كە سەلماندوویانە شەڕی توندڕەوە ئیسلامییەكان دەكەن. خەڵكێكی زۆریان هەست بە نزیكییەكی سروشتیی دەكەن لەگەڵ ئیسرائیل و خەڵكی جولەكەدا."

 

ئەو نووسەرە باسلەوەش دەكات كوردستانیش وەك ئیسرائیل پێویستە شەڕ بكات بۆ پاراستنی خۆی "لەهەمان كاتدا یارمەتی داوە بۆ بەرگریكردن لەتەواوی جیهانیش."

 

لە كۆتایی وتارەكەشیدا لیات كۆلینس دەنووسێت"پێدەچێت ڕیفراندۆمەكە یەك پرسیار بكات 'ئایا پاڵپشتی لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكەیت؟' وەڵامەكە بۆ هەر كەسێك كە بەڕاستی دەیەوێت لێدانێك بێت بۆ ئەوانەی پاڵپشتی تیرۆر دەكەن داعش بێت یاخود ئێران، پێویستە بە دەنگی بەرز بەڵێ بێت."

 

هەر لە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستدا، ڕاشێل ئەڤراهام بابەتێكی نووسیوە بە ناونیشانی "بۆچی پێویستە ئیسرائیل دانبنێت بە سەربەخۆیی كوردستاندا"و ئەویش بەهەمان شێوەی لیات كۆلینس پێیوایە سەربەخۆیی كوردستان گورزێك دەبێت لە هیلالی شیعەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەڵێت"ئەگەر كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی تەواو سەربەخۆ لە باكوری عێراق‌و بەشێكی سوریا، بەربەرستی لۆجیستی بۆ ئێران بەشێوەیەكی گەورە زیاد دەكات."

 

"گرنگە تێبینی ئەوە بكرێت ئیسرائیل پێویستە پاڵپشتی كوردستانێكی سەربەخۆ بكات چونكە ئەوە شتێكی مۆراڵیە. كوردەكان لە پەیماننامەی سیڤەردا بەڵێنی دەوڵەتێكیان پێ درا، بەڵام بەڵێنەكە لە پەیماننامەی لۆزاندا شكێندرا. وازهێنان لە كورد وەك گەورەترین نەتەوەی سەر زەوی بەبێ دەوڵەت، ڕاستییەكە كاریگەریی بەسەر 40 ملیۆن كوردەوە هەیە. كورد كلتورو مێژوو و زمانی بێهاوتای خۆیان هەیە كە جیایان دەكاتەوە لە تورك‌و فارس‌و عەرەب. لەوەش زیاتر لە ڕابردوودا كوردەكان سەركردەی بەهێزیان هەبووە كە دۆستی خەڵكی جولەكە بوون وەك سەڵاحەدین."

 

هەروەها ئەو نووسرە لە بابەتەكەیدا وتەی توێژەرێكی ئسیرائیلی هێناوەتەوە بەناوی دكتۆر مۆردێچایی كێدار كە دەڵێت"تەنها هێزێكی سەربازی كوردیی‌و دەوڵەتێكی بەهێزی كوردی دەتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات هاوڵاتیانی كورد بتوانن ژیانێكی ئاسایی بژین وەك چۆن هاوڵاتیانی دیكە ژیانی ئاسایی خۆیان لە دەوڵەتەكانیاندا دەژین."

 

هەروەها ئەو توێژەرە پێیوایە"كوردەكان كۆچبەر نین‌و داگیركەرنین‌و بۆ هیچ شوێنێكی دیكە ناڕۆن. ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئیسرائیل پێویستە هەڵوێستێكی مۆڕاڵییان هەبێت -كە بەهەمان شێوە هەڵوێستێكی واقعیش دەبێت- ئەویش ئەوەیە بە قسەو كردەوە پاڵپشتی مافی شەرعی كوردەكان بكەن بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی‌و دەوڵەت وەك هەموو خەڵكی دیكەی دونیا."