ڕیفراندۆم لە “ناوچەی جێناكۆك” بڕیارو ئاستەنگەكان

26-06-2017 12:13
هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر قەڵای كەركوك 20-3-2017. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ڕێوشوێنەكانی سازدانی ڕیفراندۆم لە “ناوچەی جێناكۆك”، كە ناوچەی فرە پێكهاتەن، ڕوون نییە، هەرچەندە بڕیاردراوە دوای جەژن ئامادەكارییەكان دەستپێبكات، بەڵام هەندێك سازدانی ڕیفراندۆم لە ناوچەكە بە سەخت دەبینن، پێیانوایە ئاستەنگەكانی بەردەمی زۆرن‌و ئامادەكاریی پێشوەختەی زیاتری دەوێت.

 

6-7ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و "ناوچەی جێناكۆك" ڕیفراندۆم بكرێت.

 

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین"ناوچەی جێناكۆك" هەن‌و هێشتا خاوەندارێتیان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر یەكلایینەبۆتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیارەكەی هەرێم ڕیفراندۆم دەیانگرێتەوە.

 

ئامادەكارییەكیان دوای جەژن دەستپێدەكەن

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، كە سەرپەرشتی كاروباری پڕۆسەكە دەكات، بڕیارە دوای جەژن سەردانی ناوچەی "جێناكۆك" بكەن وەك ئامادەكارییەك بۆ سازدانی ڕیفراندۆم.

 

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەرێم بە (كەركوك ناو)ی وت "سەردانەكەمان مەیدانی دەبێت بۆ كەركوك و "ناوچەی جێناكۆك"، لەگەڵ لایەنی ئیداری ئەو ناوچانە كۆدەبینەوە، تا بزانین دەتوانین چەند وێستگەی دەنگدان بكەینەوە، گرفت و ئاستەنگەكان چین كە دێنە بەردەممان، لەڕووی دەنگدان و سنوری جوگرافیاوە."

 

بەوتەی كۆمسیۆن لە هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكانیان دەستپێكردووە"سەرقاڵی هەڵبژاردنی چاودێرانی پڕۆسەكەین، لەگەڵ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئەم ئامادەكاریانە هەن‌و ڕاسپێردراوین تا هەموو ڕێكارەكان بگرینەبەر"، شیروان زرار وای وت.

 

كارتی ریفراندۆم بە چوار زمان

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان تائێستا چەند بڕیارێكی سەرەتاییداوە، لەوانە ئەو فەرمانبەرانەی وەردەگیرێن، بە شێوەی گرێبەست دەبن‌و لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەبن.

 

هەروەها كارتی دەنگدان، بە زمانەكانی، كوردی، عەرەبی، توركمانی و كلدو ئاشوری دەبێت.

 

تەواوی پێكهاتەكانی "ناوچەی جێناكۆك"، كە تەمەنی یاساییان تەواو كردووە دەتوانن بەشداریی بكەن، كە لە كورد، عەرەب، توركمان و كریستیان پێكهاتوون.

 

شیروان زرار وتی"ئێمە بە پێی ئەو نەخشەیەی لە لایەن كارگێڕی كۆمسیۆنەوە بۆمان دیاریكراوە هەڵسوكەوت دەكەین، هەروەها بەپێی ئەو فەرمانە هەرێمییەی كە دەركراوە جەختكراوەتەوە لەوەی ناوچەی جێناكۆكیش دەگرێتەوە."

 

ئاستەنگەكانی بەردەم ڕیفراندۆم لە "ناوچەی جێناكۆك"

 

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، توركیا، ئێران، عێراق‌، ئەڵمانیاو هەروەها یەكێتی ئەوروپا ڕەتیانكردەوە پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراقێكی یەكگرتوو دوپاتكردەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە خودی پڕۆسەكە لە "ناوچەی جێناكۆك" هەندێك ئاستەنگی لەبەردەمدایە.

 

پشتیوان ئەحمەد، پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر بتەوێت ڕیفراندۆم لە ناوچەی جێناكۆك سەركەوتووبێت یان بەڕێوەبچێت دەبێت لەسەر ئاستی دیبلۆماسی پشتگیری توركمان و عەرەب بەدەستبهێنیت، بەڵام ئەوە نەكراوە."

 

پێشتر مەحمود زێدان، بەرپرسی ڕەوتی دەولە مواتن لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتەكە نەڕەخساوە بۆ ئەو جۆرە ڕیفراندۆمە… شەقامی عەرەبی بە هیچ جۆرێك ئامادەیی بەشداریكردنی تیادا نییە لە ڕیفراندۆم."

 

هەروەها توركمانەكانی "ناوچەی جێناكۆك"یش تائێستا پشتیوانیان لە سازدانی پڕۆسەكە نەكردووە.

 

بەشێك لە "ناوچەی جێناكۆك" هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، لەوانە سەدا 32ی پارێزگای كەركوك، هەروەها بەشێكی تری لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدایە لەوانە حەشدی شەعبی لە سەعدییەو مەندەلی و بەشێك لە قەزای شەنگال لە موسڵ، بوونی ئەو هێزانە هاوكاتە لەگەڵ دژایەتی حكومەتی عێراق بۆ پڕۆسەكە.

 

بۆیە پشتیوان ئەحمەد وتی"تەنانەت هیچ لایەنێك لە عێراق پشتگیری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ناكات، بۆیە بۆچوونی من وایە ڕیفراندۆم لەو ناوچانە (جێناكۆك) ناكرێت."

 

قەیس محەمەد، لێپرسراوی لقی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت"تاوەكو ئێستا دیار نییە كە شێوازی سازدانی ڕیفراندۆم لە شاری كەركوك‌و دەوروبەری چۆن دەبێت، هەرێمی كوردستان داوای هاوكاریی لێنەكردووین ئێمەش بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی ناوەندی هیچ جموجۆڵێك بۆ ئەو پڕۆسەیە ناكەین."