دواین ڕۆژە سەختەكانی موسڵ

خەڵكی شاری كۆن چیرۆكی ڕزگاربونیان دەگێڕنەوە
01-07-2017 01:14
موسڵ، 25-6-2017، ژنێك هاوكاری منداڵە بریندارەكەی دەكات بۆ هەڵاتن لە ناوچەی شاری كۆن. فۆتۆ: UNHCR.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

دوای كوژرانی برازاكەی لەكاتی هەوڵی هەڵاتندا، ئەبو تەها كەوتە ژێر گەمارۆوە لە ناوچەی موسڵی كۆنی حوكمڕانی داعش، كە هەر كەسێك تەنیا بە جانتای پشتییەوە بۆ ڕۆیشتن ببینرایە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرا.

 

لە بری هەڵاتن، ئەبو تەها بڕیاریدا لەگەڵ نۆ منداڵەكەیدا لە ژێرزەمینی ماڵەكەیاندا خۆیان بشارنەوە تا كۆتاییهاتنی شەڕ، دواجار توانییان لەو ناوچەیە ڕزگاربن كاتێك هێزە عێراقییەكان گەیشتنە گەڕەكی ئەوان، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران.

 

ڕۆژێك دوای هەڵاتنی، ئەبو تەهای تەمەن 53 ساڵ لە ناوەندی پێشوازی ئاوارەكان لە كەمپی حەمام عەلیل دانیشتبوو، چاوەكانی پڕبوون لە فرمێسك، وتی "ناتوانم وەسفی بكەم چەند دڵخۆشم، هەموو شتێك لێرە باشە بەراورد بەوەی لە موسڵی كۆن بینیومانە، ئەگەر دەست بە گێڕانەوەی مەینەتییەكانی ژیانمان لەو ناوچەیە بكەم بەڕۆژێك تەواو نابم."

 

هێزەكانی سوپا، دژەتیرۆر‌و پۆلیسی فیدراڵی 18-6 دواین ئۆپەراسیۆنیان لە ناوشاری موسڵ دەستپێكرد، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەی شاری كۆن، لەو كاتەشەوە هەزاران كەس ئاوارەبوون.

 

ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی گەمارۆدراو هەوڵدەدەن هێڵەكانی پێشەوەی ڕوبەڕوبونەوە ببڕن لەو كۆڵانە تەسكانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی قەناس بە دەستەكانی داعشدان‌و زۆرجار، بە ئەنقەست مەدەنی دەكەنە ئامانج، ئەوەیشی بمێنێتەوە لەسەر دەستی چەكدارەكان ڕوبەڕوی مەترسی زۆر دەبێتەوە.

 

 موسڵ، 24-6-2017، بەیەك شادبونەوەی دایك‌و منداڵێك دوای دابڕانیان لەكاتی هەڵاتندا لە موسڵی كۆن. فۆتۆ: UNHCR.

 

برۆنۆ گیدۆ، نوێنەری كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەران لە عێراق دەڵێت، چەكدارەكان خەڵك دەگوازنەوە‌و وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاریاندەهێنن، شەڕەكە زۆر توند بووە لە شەقامێك بۆ شەقامێكی تر‌و ماڵ بەماڵ، بۆیە مەترسی لەسەر ژیان خەڵك لەهەموو كات زیاترە.

 

چەكدارانی داعش، ئێوارەی چوارشەممە 21-6 منارەی مێژویی حەدبا‌و مزگەوتی گەورەی نوری-یان لە بەری ڕاستی موسڵ تەقاندەوە، ئەوەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە بە "شكست‌و كۆتایی" ڕێكخراوەكە لە موسڵ دادەنرێت بەوپێیەی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر لەو مزگەوتەوە "خەلافەت"یان ڕاگەیاند.

 

لە ناوەندی پێشوازی ئاوارەكان لە حەمام عەلیل، ئەبو تەها كیسێكی بچوكی لە جانتاكەی دەرهێنا‌و كەوچكێك شەكری تێدابوو، لەكاتی گەمارۆكەدا، بڕێكی زۆر كەم لە شەكرەكەی لەگەڵ ئاو تێكەڵ دەكرد تا منداڵەكانی لەژیاندا بمێننەوە.

 

كاتێك قسەی دەكرد دەستی بۆ زەهرە-ی كچی درێژ دەكرد، ئەو منداڵە تەمەنی شەش ساڵە‌و تووشی نابیستی بووە بەهۆی ئەو بۆمب‌و موشەكانەی لە دەوروبەری ماڵەكەیاندا لەموسڵ دەكەوتنە خوارەوە.

 

"ئێستا منداڵەكان نان دەخۆن‌و بەباشی دەخەون، دوور لەهەر ترسێك، ڕۆژێك لە نان خواردن نەوەستاون چونكە زۆر برسی بوون"، ئەمیرە-ی هاوسەری ئەبو تەها كە تەمەنی 51 ساڵە دەڵێت منداڵەكانیان نەخۆش كەوتوون دوای ئەوەی ئاوی پیسبوی بیریان خواردەوە.

 

 

موسڵ، 24-6-2017، دوو پیاو منداڵە بریندارەكانیان بۆ شوێنی ئارام دەگوازنەوە. فۆتۆ: UNHCR.

 

پێنجشەممە 29-6 حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق "كۆتاییهێنان"ی دەوڵەتی خەلافەتی لە عێراق ڕاگەیاند، ئەوەش دوابەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مزگەوتی گەورەی موسڵ –مزگەوتی نوری- هات.

 

میسا محەمەد تەمەن 47 ساڵ، لە ژێر داروپەردوی خانووەكەیدا هەڵاتووە دوای ئەوەی لەگەڕەكی شیفای بەری ڕاستی موسڵ موشەكێكی بەركەوت، ئەو دەڵێت "بارودۆخمان باشە"، ئێستا لە ناوەندی پێشوازی ئاوارەكان لە كەمپی حەمام عەلیل‌، كەسوكاری لە تەنیشتی كۆبوونەتەوە.

 

"هەست بە ئارامی‌و ئاسایش دەكەین، بەڵام زۆر ماندووین‌و هیچمان ناوێت پشوودان نەبێت."

 

بە وتەی ئەو هاوڵاتییە، چەكدارانی داعش لە موسڵ داوایان لە خێزانی ئەو و خانەوادەكانی تر كردووە دیواری ماڵەكانیان هەڵبكۆڵن، تا بتوانن لەشەقامەكاندا جموجۆڵ بكەن بەبێ‌ ئەوەی كەس بیانبینێت.

 

"كاتێك بهاتنایە‌و هیچ هەڵكۆڵینێكیان لە دیوارەكاندا نەبینیایە، دانیشتووی ئەو ماڵە ڕوبەڕوی كوشتن یان ئەشكەنجە دەبوونەوە"، میسا ئەوەشی ڕونكردەوە ویستویانە پێشتر هەڵبێن بەڵام نەیانتوانیوە"زانیمان چەكدارەكان چەند خێزانێكیان پێش ئێمە كوشتبوو كاتێك هەوڵی هەڵاتنیان دابوو."

 

 

موسڵ، 23-6-2017، كچێكی هەڵاتووی ناوچەكانی شەڕ ئاو بە دەموچاویدا دەكات دوای گەیشتنی بە هێزە عێراقییەكان. فۆتۆ: UNHCR.

 

بەپێی ئامارەكان لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەواوە، 900 هەزار‌و 857 كەس ئاوارەبوون، لەو ژمارەیە لەبەری ڕاستی شارەكەوە كە هێشتا شەڕی تێدایە 724 هەزار‌و 402 كەس هەڵاتوون.

 

چەكدارانی داعش، كەمتر لەسەدا 1ی شاری موسڵ بەدەستیانەوە ماوە‌و هێزە عێراقییەكان لە ئێستادا شەڕی دواین گەڕەكەكانی ژێردەستی ڕێكخراوەكە دەكەن.