بارزانی: گەلی كوردستان بە ئاشتییانە بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات لەپێناو ڕێگرتن لە شەڕ

02-07-2017 06:14
بارزانی پێشتریش هۆشداریدابوو لە هەڵگیرسانی "شەڕی خوێناوی" لەئەگەری ڕێگریی لە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید دەكاتەوە، گەلی كوردستان لەڕێگەی گفتوگۆو بە ئامڕازی ئاشتییانە بەرەو سەربەخۆیی‌و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات، ئەوەش لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و گرفتی تازەیە.

 

ئەو وتانەی بارزانی لەكاتێكدایە پێشتریش هۆشداریدابوو لە هەڵگیرسانی "شەڕی خوێناوی" لەئەگەری ڕێگریی لە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

 

بارزانی ئەمڕۆ لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق‌و شاندی یاوەری، باسیلە ئایندەی عێراق كردووەو ئەو هۆكارانەشی خستوەتەڕوو كە هانی گەلی كوردستانیداوە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاوبنێت.

 

بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا"جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕێگەی حیوار و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات و ئەوەیش لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و گرفتی تازەیە."

 

بارزانی‌و باڵیۆزی هۆڵەندا پەیوەندییەكانی نێوان هەردولایان تاوتوێ كردوەو باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە ئەولەویەتەكانی وڵاتەكەی لە عێراق‌و ئاستی بەشداریی هۆڵەندا لە هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش‌و مەشق‌و ڕاهێنان بە پێشمەرگەو سوپای عێراق ئەوەی خستوەتەڕوو، بۆ هۆڵەندا عێراقی دوای داعش جێگەی بایەخێكی زۆرەو بە نیگەرانییەوە لە بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان‌و گوزەرانی خەڵك دەڕوانن. 

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

هاوكات بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فرانس 24ی فەڕەنسی(21-6-2017)، تەئكیدی كردەوە كە 25-9 ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدەدرێت‌و ئەوەشی خستەڕوو چەند ساڵێكە ئەو پرسەیان دواخستووەو چیدی كاتی دواخستنی نییە.

 

بارزانی‌ باسیلەوەشكرد، داوایەكی‌ ئیدارەی‌ دۆناڵد ترەمپی‌ ڕەتكردوەتەوە بۆ دواخستنی‌ ڕیفراندۆم، هۆشداریشیدا كە هەرهەوڵێك بۆ ئاستەنگی دروستكردن بۆ ڕیفراندۆمەكە ئەنجامی "كارەساتبار"ی لێدەكەوێتەوەو سەردەكێشێت بۆ "شەڕی خوێناوی".

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.