مریەمی موسڵ بۆ هەتایە لە قوتابخانە دەمێنێتەوە

04-07-2017 05:05
موسڵ، حوزەیرانی 2017، وەلا ئیبراهیم ئاو بەسەر درەختی سەر گۆڕەكەی مریەمی خوشكیدا دەكات كە لەنێو خوێندنگەیەكدا نێژراوە. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

دۆخەكە لە گەڕەكی خەزرا لە موسڵ بەڕادەیەك مەترسیداربوو بەهۆی شەڕی نێوان هێزە عێراقییەكان و داعشەوە، ئیبراهیم عەلی نەیدەتوانی كچە پێنج ساڵانەكەی (مریەم) بباتە بنكەیەكی تەندروستی كە خەریك بوو گیانلەدەستبدات، ئەو دۆخە بووە هۆی ئەوەی مریەم ئیتر لە قوتابخانەكەی باوكی بمێنێتەوە.

 

27 ڕۆژ بوو گەڕەكەكە گەمارۆدرابوو، هاتوچۆ قەدەغەبوو، ناوبەناو گولە هاوەنێك دەكەوتە خوارەوەو قەناس بە دەستەكانی داعش لە بینا بەرزەكان جێگیرببوون.

 

مریەم ئیبراهیم (پێنج ساڵ)ەو كەمئەندامە، دەبوو سەردانی پزیشك بكات، بەڵام لە نێوان چوون‌و مانەوەدا هاوەنێك لە نێو گۆڕەپانی ئەو خوێندنگەیە دەكەوێتەخوارەوە كە ماڵی ئەو خێزانەی تێدا دەژین‌و مریەم بە سەختی برینداردەبێت.

 

وەلا ئیبراهیم عەلی، خوشكی مریەم، بە (كەركوك ناو)ی وت"باوكم پاسەوانی قوتابخانەی ناوەندیی عائیشە بوو لە گەڕەكی (خەزرا) هەر لە نێو قوتابخانەكەشدا ژیانمان بەسەر دەبرد."

 

وتیشی"بەرلەوەی هاوەن بەر گۆڕەپانی قوتابخانەكە بكەوێت، باوكم دەیویست بەهەر شێوەیەك بێت مریەم بباتە بنكەیەكی تەندروستی، بەڵام شەڕ بەهیچ شێوەیەك ڕێگەی نەدەدا."

 

سوپاو چەكدارانی داعش لە گەڕەكی خەزرا لە بەری چەپی موسڵ (مانگی شوباتی ئەمساڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە)، شەڕێكی قورسیان كردو نزیكەی مانگێكی خەیاند تا گەڕەكەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە، خانووەكان زۆرینەیان خاپوربوون‌و دەیان مەدەنی لە نێویاندا ژن‌و منداڵ بوونە قوربانی.

 

مریەم كچە بچوكی خێزانەكەی بوو، لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو باوكی بیباتە لای پزیشك بەڵام دوای كەوتنەوە خوارەوەی هاوەنێك لەنێو گۆڕەپانی قوتابخانەكە پارچەیەك بەر سمتی كەوت‌و بەسەختی برینداربوو.

 

 

موسڵ، حوزەیرانی 2017، خوێندنگەی عائیشە كە خێزانەكەی مریەم تیایدا دەژین. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

دوای یەك دوو ڕۆژ مانەوە، مریەم لە باوەشی خێزانەكەیدا گیانلەدەستدەدات‌و بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە هەر لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەكە بەخاكدەسپێردرێت.

 

شەڕ‌و پێكدادانەكانی عێراق، لە سێ‌ ساڵدا ژیانی لە هەزار منداڵ سەندوەتەوە‌و زیاتر لەو ژمارەیەش برینداربوون.

 

بەپێی بەدواداچوونێكی ڕێكخراوی یونیسێف پێنج ملیۆن منداڵی عێراقی پێویستییان بە هاوكاری بە پەلە هەیە‌و هێشتا، ئەوان بە دەست توندوتیژیی‌، هەژاریی‌و ململانێكانەوە دەناڵێنن.

 

لە بەری ڕاستی موسڵ كە نزیكەی چوار مانگە شەڕی تێدایە، لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا لانیكەم 23 منداڵ كوژراون‌و 123ی تر برینداربوون.

 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یونیسێف لە ساڵی 2014وە تائێستا، هەزار‌و 75 منداڵ بەهۆی شەڕ‌و توندوتیژییەكانی عێراقەوە كوژراون‌و لەو ژمارەیە، 152 كوژراویان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بووە، هەروەها لە سێ‌ ساڵی ڕابردوودا هەزار‌و 130 منداڵ بریندار یان كەمئەندام بوون‌و لە نێویاندا، 255یان تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا بووە.

 

"مریەم تاوەكو گیانیلەدەستدا هەر دەیوت ئێوە بۆ دەگرین! خۆ من هیچم نییە"، وەلا خوشكە گەورەكەی مریەم بەدەم گریانەوە وای وت.

 

ئێستا كە خوێندن دەستیپێكردووەتەوە، گۆڕەكەی مریەم هەر لەناو قوتابخانەكەدا ماوە، ئەوەش ئازاری زیاتری دایك‌و باوكی ئەو منداڵە دەدات، هەر بەوتەی وەلا.

 

مەحمود حەمید، پاسەوانی قوتابخانەیەكی نزیكی قوتابخانەكەی ماڵی مریەم‌و هاوڕێی باوكی ئەو كچە پێنج ساڵە، وتی"ئەوساتەی موشكەكە لە گۆڕەپانی قوتابخانەكەیان كەوتەخوارەوە، گوێمان لە دەنگی قیژەو گریانی ئافرەتەكانیان بوو، بەڵام بەهۆی بۆردومانی داعش‌و سوپاو قەناس بەدەستەكانەوە نەماندەتوانی سەردەربهێنین… ناچار دوای دوو ڕۆژ توانیم سەردانیان بكەم."