عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی بە دوو ئاڕاستەی ناكۆكەوە كار بۆ كەسی یەكەمی گۆڕان دەكەن

05-07-2017 05:41
قادری حاجی عەلی‌و عومەری سەید عەلی

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرپرسانی گۆڕان لە ئاستی باڵادا بوون بە دوو بەشەوە، هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی وەكو كەسی یەكەمی دوو ئاڕاستەی جیاوازو ناكۆك دەركەوتوون‌و بەرپرسانی بزوتنەوەكەش، ئەو ململانێیانە بەئاسایی دادەنێن.

 

پرسی گەرمی ئێستای ناو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنێتی ڕێكخستنەوەی بزوتنەوەكەو جێگرتنەوەی نەوشیروان مستەفایە، هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی دیارترین دوو ناون لەئێستادا‌و كار بۆ ئەوە دەكەن ببنە كەسی یەكەمی بزووتنەوەكە، بەوتەی سەرچاوەكانی پەرەگراف.

 

دوو سەرچاوەی بەرپرس لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كە داوایانكرد ناویان ئاشكرانەكرێت، ئاماژەیان بەوەدا هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی "كێشەو ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیەو تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بۆ ئایندەی بزوتنەوەكەو هەڵوێستەكانی" بەڵام كێشەكان بەرەو چارەسەر دەڕۆن ئەوەش لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، كە بووە بۆنەیەك بۆ لێكنزیككردنەوەیان.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ململانێكانی ناو گۆڕان لەسەر پارەی نەوت‌و كۆمپانیاو ئەوجۆرە بەرژەوەندیانە نییە وەك حزبەكانی دیكە، هەربۆیە پێیوابوو مامەڵەكردن لەگەڵیدا ئاسانە، "ململانێكان ئاساین‌و تێڕوانینی جیاواز هەیە لەسەر هەندێك پرس ئەوەش شتێكی سروشتییە، بەڵام هەمووان كۆكین كە دەستوری ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێت."

 

هاوكات لەبارەی دیارترین ناكۆكی نێوان عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی، بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان وتی "پێش كۆچی دوایی كاك نەوشیروان خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان كاك عومەرو كاك قادر پرسی كشانەوەبوو لە حكومەت، كاك قادر لەگەڵ كشانەوە بوو، كاك عومەر لەگەڵ مانەوە بوو، هەریەكەشیان پاساوی خۆیان هەبوو."

 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردندا، كۆتایی ساڵی ڕابردوو پرسی كشانەوەی بزوتنەوەكەیانی لە حكومەت تاوتوێ كرد، بەڵام بڕیاری لەبارەیەوە نەداو لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا كە ئەوكات بۆ چارەسەری پزیشكی لەشاری لەندەن بوو، گۆڕان ئەوپرسەی دواخست بۆ دوای كۆتایی هاتنی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە دەستی داعش.

 

وەك بەرپرسەكەی گۆڕان ئاماژەی پێكرد، تائێستا پرسی كشانەوەیان لە حكومەت بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، لەكاتێكدا لە 12-10-2015وە وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان بە بڕیاری پارتی لە حكومەت دورخراونەتەوە، وتیشی"لەدوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان گفتوگۆ لەناو گۆڕاندا لەسەر ئەوپرسە نەكراوە، بەڵام كۆدەنگییەك هەیە لەسەر كشانەوەو پێموایە ئەگەر كاك قادر ببێتە ڕێكخەری گشتی، یەكەم بڕیاری گۆڕان كشانەوە دەبێت لە حكومەت."

 

سەرچاوەكانی پەرەگراف لەناو گۆڕان باسلەوەدەكەن، كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا(19-5-2017) هەریەكە لە قادری حاجی عەلی‌و عومەری سەید عەلی لێكنزیك كردوەتەوەو لە دوای پرسەی نەوشیروان مستەفا "لە نزیكەوە یەكیان بینیوەو پێكەوە گفتوگۆیان كردووە."

 

سەرچاوەیەكی دیكەی پەرەگراف كە بەرپرسیارێتی هەیە لەناو گۆڕان، وتی"هەردووكیان تێگەیشتنیان هەیە بۆ بارودۆخی گۆڕان‌و چاوەڕوانیی جەماوەر لە بزوتنەوەكە لە دوای كاك نەوشیروان، هەربۆیە پەیوەندییەكانیان بەرەو باشی دەڕوات، چەند كەسایەتییەكیش لەناو گۆڕان‌و دەرەوەی گۆڕان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان‌و لێك نزیك كردنەوەیان ڕۆڵیان بینیوە."

 

بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان سەرباری جیاوازیی بیروبۆچونیان لەسەر ئەوكەسەی دەبێتە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، بەڵام هەموان لەسەر ئەوەكۆكن كەس نابێت بە نەوشیروان مستەفاو ئەو كاریگەرییەی ئەوی نابێت، لەگەڵئەوەشدا پێداگریی دەكەن پۆستی یەكەمی ناو بزوتنەوەكەیان بە بەتاڵی نەمێنێتەوە.

 

لە دوای نەوشیروان مستەفا، گۆڕان چەندجارێك بە فەرمی ڕایگەیاندووە كە بەردەوام دەبن لەسەر ڕێبازەكەی‌و لێی لانادەن، دواینجار كۆتایی هەفتەی ڕابردوو دوای یادكردنەوەی نەوشیروان مستەفا، شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی گۆڕان ئەوەی دووپاتكردەوە.

 

"تۆزقاڵێك لە ڕێبازەكەی نەوشیروان مستەفا لانادەین‌و بەردەوام دەبین، پەیمان بەخەڵكی كوردستان دەدەین وەفادار دەبین بۆ متمانەو ئومێدی خەڵك بەكەسایەتی كاك نەوشیروان‌و پەیام‌و بەرنامە سیاسیەكەی و بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ڕێبازەكەی بین، تا گەیشتن بەئاواتەكانی كاك نەوشیروان بۆ هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی تەندروست بۆ ئێستاو نەوەكانی داهاتوو"شۆڕش حاجی وای وت.

 

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی دوو ساڵ جارێك دەبێت‌و هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.

 

مادەی 15 لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان میكانیزمەكەی بەم جۆرە دیاریكردووە "لە كاتی چۆڵبونی جێگەی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەدا، لە سۆنگەی وازهێنانی یان هەر هۆیەكی ترەوە، بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی، یەكێ لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یا یەكێ لە ئەندامانی جڤاتی گشتی یان كەسایەتیەكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردو جڤات، بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و بە زۆرایەتی ڕەها هەڵدەبژێرن. ئەگەر لە جاری یەكەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنابو، بۆ جاری دوەم هەڵبژاردن بۆ یەكەمین و دوەمین كەس، كە زۆرترین دەنگیان هێناوە، دوبارە دەكرێتەوە، ئەوسا دەنگی زۆرایەتی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی."

 

بەوتەی بەرپرسانی گۆڕان، بەر لە هەڵبژاردنی كەسێك بۆ ڕێكخەری گشتی، بڕیارە ئەو بزوتنەوەیە خانەی ڕاپەڕاندن دروستبكات، كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە دەبێت لە نێوان دوو كۆبونەوەدا، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە كە لە حەوت كەس پێكدێن لەناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.