یەكێتی‌و یەكگرتوو داوای كارا كردنەوەی پەرلەمان دەكەن بەرلە ڕیفراندۆم

06-07-2017 01:26
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتی‌و یەكگرتوو. فۆتۆ؛ پیوكەی میدیا.

 

پەرەگراف

 

یەكێتی‌و یەكگرتوو لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوەو داوادەكەن بەرلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دۆخی پەرلەمانی كوردستان ئاسایی بكرێتەوەو ژیان‌و گوزەرانی خەڵك باش بكرێت.

 

كۆبوونەوەكەی ئەو دوو حزبە ئەمڕۆ لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لە یەكگرتوو سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی‌و لە یەكێتی مەلا بەختیار بەپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو چەند بەرپرسێكی دیكەی هەردوو حزب بەشداربوون‌و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و دۆخی ئابوری هەرێم‌و بژێوی ژیانی خەڵك كردووە.

 

دوای كۆبوونەوەكە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەڕووی یاساییەوە كێشەیان لەگەڵ ڕیفراندۆم نییە‌و بە پێویستی زانی پەرلەمان كارا بكرێتەوە، وتی"ڕیفراندۆم بە بوونی پەرلەمان‌و سەقفێكی یاسایی زۆر بەهێزتر دەبێت."

 

پیرە دروستكردنی كۆمیتەكانی ڕیفراندۆمی بە گرنگ دانا كە سەردانی وڵاتانی دراوسێ دەكەن‌و بۆچوونیان لەسەر ئەوپرسە وەردەگرن.

 

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، عومەر محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، ئەوەی خستەڕوو بۆچوونەكانیان لەگەڵ یەكێتی لەیەك نزیكە لەبارەی كێشەكان.

 

"بنەمایەكی یاسایی نەبێت سەركەوتوو نابێت، نابێت بسەپێنرێت، ڕیفراندۆم ئیرادەی خەڵكەو دەبێت ئارەزومەندانە بێت‌و نابێ بسەپێنرێت" عومەر محەمەد وای وت، وتیشی"دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە، چونكە كاراكردنەوەی پەرلەمان كارەكان ئاسانتر دەكات. هەروەها بەر لە ئەنجامدانی ڕفراندۆم دەبێت بژێوی ژیانی خەڵك باش بكرێت."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.