مەسعود بارزانی: هیچ پاشەكشێیەك ناكەین لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ‌

06-07-2017 05:18
مەسعود بارزانی لەكاتی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ڕۆیتەرز. فۆتۆ؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی، تەئكید دەكاتەوە هیچ پاشەكشێیەك ناكەن لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ‌و ئەوكارە لەڕێی گفتوگۆو دوور لە شەڕ ئەنجامدەدەن.

 

بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاماژەی بەوەكردووە هیچ گەڕانەوە‌و پاشەكشێیەك ناكەن لەهەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ‌و لە ڕێی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا‌و هێزە هەرێمایەتییەكان ئەو هەنگاوە دەنێن، تا دووربن لە شەڕ.

 

بارزانی پێشبینی كردووە دەنگی بەڵێ لە ڕیفراندۆمەكەی 25-9دا سەركەوتووبێت، دەشڵێت، نەرمی دەنوێنن لە خشتەی زەمەنیی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، بەڵام ئەوەش بێسنور نابێت.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

لەبارەی ڕیفراندۆم لە ناوچە جێناكۆكەكان، بارزانی ئەوەی خستوەتەڕوو، دەنگدان چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلایی دەكاتەوە، "خەڵكی كەركوك لە ڕیفراندۆمدا هەر بڕیارێك بدەن، پێویستە ڕێز لەو بڕیارە بگیرێت."

 

پێشتریش مەسعود بارزانی جەختیكردبوەوە كە گەلی كوردستان لەڕێگەی گفتوگۆو بە ئامڕازی ئاشتییانە بەرەو سەربەخۆیی‌و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات، ئەوەش لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و گرفتی تازە، هۆشداریشیدا لە هەڵگیرسانی "شەڕی خوێناوی" لەئەگەری ڕێگریی لە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە كوردستان، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.