بەبێ بەشداریی سێ حزبی سەرەكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم چەند بڕیارێكیدا

08-07-2017 02:54
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی بارزانی. فۆتۆ؛ سایتی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامداو تێیدا چەند بڕیارێك دران، بەبێ بەشداریی سێ حزبی سیاسی كە خاوەنی 48 كورسین لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆی 111 كورسی.

 

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دوای مانگێك لە دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەڕێوەچوو، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان(خاوەنی 24 كورسی پەرلەمان)‌و كۆمەڵی ئیسلامی(خاوەنی 6 كورسی پەرلەمان) بایكۆتی ئەو پڕۆسەیەیان كردووەو نوێنەریان بۆ كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش(خاوەنی 18 كورسی پەرلەمان) هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بەوپرسە بەشداریی كردبوو، بەڵام ئەمڕۆ نوێنەری نەنارد بۆ ئەو كۆبوونەوەیە.

 

هەرچەندە هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی(جێگری سەرۆكی حكومەت لە پشكی یەكێتی)و نەجمەدین كەریم(پارێزگاری كەركوك لە پشكی یەكێتی) بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بەڵام بەپێی میدیای فەرمی ئەو حزبە ئەو دوو كەسایەتییە بە سیفەتی پۆستە حكومییەكانیان بەشداربوون نەك نوێنەرایەتی یەكێتی. 

 

هۆكاری بەشدارینەكردنی نوێنەری ئەو سێ حزبە سیاسییە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، بۆ كارا نەكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێتەوە كە لە 12-10-2015وە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی پەكخراوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی‌و دوا پێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، چەند بڕیارێك دراون.

 

لە بڕیاری یەكەمدا هاتووە"پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریكردنی ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك."

 

لەخاڵی دووەمدا بڕیاردراوە بە هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ڕیفراندۆم‌و هەیكەلیەتی كاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كراون.

 

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فەراهەم دەكات"بەپێی خاڵی سێیەمی بڕیارەكانی ئەمڕۆی كۆبوونەوەكە.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە كوردستان، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.