قوباد تاڵەبانی‌و نەجمەدین كەریم نوێنەرایەتی یەكێتییان كرد لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ڕیفراندۆم؟

08-07-2017 06:46
نەجمەدین كەریم‌و قوباد تاڵەبانی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەشداریكردنی قوباد تاڵەبانی‌و نەجمەدین كەریم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم مشتومڕی لێكەوتەوە، مەكتەب سیاسییەكی پارتی دەڵێت، ئەوان نوێنەرایەتی یەكێتی-یان كردووە، بەڵام سكرتێری ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی‌و سەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیك لە نەجمەدین كەریم كە بۆ پەرەگراف قسەیانكرد، ئەوە ڕەتدەكەنەوە.

 

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامدا، ئەوەش بەبێ بەشداریی سێ حزبی سیاسی كە خاوەنی 48 كورسین لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆی 111 كورسی.

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان(خاوەنی 24 كورسی پەرلەمان)‌و كۆمەڵی ئیسلامی(خاوەنی 6 كورسی پەرلەمان) بایكۆتی ئەو پڕۆسەیەیان كردووەو نوێنەریان بۆ كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش(خاوەنی 18 كورسی پەرلەمان) هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بەوپرسە بەشداریی كردبوو، بەڵام ئەمڕۆ نوێنەری نەنارد بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، هۆكاری بەشدارینەكردنی نوێنەری ئەو سێ حزبە بۆ كارا نەكردنەوەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە كە لە 12-10-2015وە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی پەكخراوە.

 

هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی(جێگری سەرۆكی حكومەت لە پشكی یەكێتی)و نەجمەدین كەریم(پارێزگاری كەركوك لە پشكی یەكێتی) بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.

 

هەرچەندە میدیای فەرمی یەكێتی ڕایگەیاند، ئەو دوو كەسایەتییە بە سیفەتی پۆستە حكومییەكانیان بەشداربوون نەك نوێنەرایەتی یەكێتی، بەڵام هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئەوان نوێنەری یەكێتی بوون لە كۆبوونەوەكە.

 

زێباری كە بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، بەشداریی قوباد تاڵەبانی‌و نەجمەدین كەریم لە كۆبوونەوەكە بە ئاگاداری سەركردایەتی یەكێتی بووە، وتی"سەد لەسەد نوێنەرایەتی یەكێتییان كرد."

 

پەرەگراف پەیوەندیكرد بە سكرتێری ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی‌و سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەشداریكردنی نەجمەدین كەریم لە كۆبوونەوەكە، ئەوان ڕەتیان كردەوە ئەو دوو كەسایەتییە وەك نوێنەری حزبەكانیان بەشدارییان كردبێت.

 

سەمیر هەورامی، سكرتێری ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی بۆ پەرەگراف تەئكیدی كردەوە، قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە.

 

"كاك قوباد سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لەناو حكومەت‌و بەئاگاداریی یەكێتی بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە، ئەگەر قسەیەكیش بكات دەبێت تەعبیر لە سیاسەتی یەكێتی بكات، وەك جێگری سەرۆكی حكومەت بانگهێشتكراوەو وەك جێگری سەرۆكی حكومەت بەشداربووە نەك نوێنەری حزب"سەمیر هەورامی وای وت. 

 

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەشداریكردنی نەجمەدین كەریم لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، ئەوەدەخاتەڕوو، بەشداریكردنی ناوبراو لە كۆبوونەوەكە بۆئەوەبووە كە هەرلەسەرەتاوە پشتیوانیی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، وتی"گرنگی ڕیفراندۆمەكەش ئەوەیە ئەو شوێنانەی تێدابێت، بۆیە بەشداریكردنی دكتۆر نەجمەدین زۆر گرنگ بوو بۆ دیاریكردنی ئایندەی ئەو ناوچەیە."

 

ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت ئەوەشی خستەڕوو، ئاگادارن كە بەشداریكردنی نەجمەدین كەریم مشتومڕی لێكەوتوەتەوە، "حساب زۆر بۆئەوە ناكرێ وەك نوێنەری حزب چوە یان نا، ئەوەگرنگە كەسێك وەك پارێزگاری كەركوك بەشداریی كردووە لە كۆبوونەوەكە، بۆ خەڵكی ناوچەكەش هەرئەوە گرنگە."

 

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە پێدەچێت نەجمەدین كەریم سبەینێ بە فەرمی قسە لەسەر شێوازی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكە بكات، هاوەكات بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی، بەڵام بەردەست نەبوون.

 

هەڵوێستی یەكێتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، ئەو حزبەی ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند كردووەتەوە، هەرچەندە لە سەرەتاوە لەگەڵ پارتی پێكەوە كاریان لەو پڕۆسەیەدا كردو سەردانی حزبەكانیان كرد بۆ ئەومەبەستە، بەڵام لە كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كە 23ی مانگی ڕابردو بەڕێوەچوو ئامادەكاریی بۆ ڕیفراندۆم بەستەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانەوەو ڕایگەیاند، دوای ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ ڕیفراندۆم بەمەبەستی سەربەخۆیی.

 

هەربۆیە بەشداریكردنی یەكێتی لەو پڕۆسەیە بەرلە كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەوحزبە ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی گۆڕان‌و بەشێك لە جاوەرەكەی دەكاتەوە.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

ئەمڕۆش لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سێ بڕیار دران، لە بڕیاری یەكەمدا هاتووە"پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریكردنی ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك."

 

لەخاڵی دووەمدا بڕیاردراوە بە هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ڕیفراندۆم‌و هەیكەلیەتی كاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كراون.

 

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فەراهەم دەكات"بەپێی خاڵی سێیەمی بڕیارەكانی ئەمڕۆی كۆبوونەوەكە.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە كوردستان، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.