پۆلیسی فیدراڵی: هەزار داعش لە موسڵی كۆن كوژراون

09-07-2017 09:39
موسڵ، تەمموزی 2017، هێزە عێراقییەكان لەشەڕی دواین ناوچەكانی داعش. فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لە بەری ڕاستی موسڵ، تەنیا چەند چەكدارێكی داعش ماون‌و لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا بە تەواوی شارەكە كۆنتڕۆڵدەكرێتەوە، ئەوەش بەوتەی ئۆپەڕاسیۆنەكانی نەینەوا.

 

سایتی عێراقییەی نیمچەفەرمی لە زاری یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكانی نەینەواوە بڵاویكردەوە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا هێزە عێراقییەكان تەواوی بەری ڕاستی موسڵ كۆنتڕۆڵدەكەنەوە‌و تەنیا چەند چەكدارێكی داعش، لە شارەكە ماون.

 

ئاشكراشیكرد كە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەركەوتنی شەڕی دژ بە داعش لە موسڵ، ڕادەگەیەنێت.

 

ئەمڕۆ یەكشەممە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق گەیشتە موسڵ‌و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان لە بەری ڕاستی شارەكە، تاوتوێی سەركەوتنەكان‌و چۆنیەتی پاراستنی ئارامی‌و پارێزگاریی كرد لە ژیانی مەدەنی‌و ئاوارەكان.

 

بەپێی بەیاننامەیەكی پۆلیسی فیدراڵیش، شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری كۆن لە بەری ڕاستی موسڵ كوژرانی زیاتر لە هەزار چەكداری داعشی لێكەوتۆتەوە، جگە لە تەقاندنەوەی 65 ئۆتۆمبێلی چەكهەڵگر‌و 20 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لەگەڵ لەناوبردنی دەیان مۆڵگە‌و چەك‌و تەقەمەنی ڕێكخراوەكە.

 

هێزەكانی سوپا، دژەتیرۆر‌و پۆلیسی فیدراڵی 18-6 دوایین ئۆپەراسیۆنیان لە ناوشاری موسڵ دەستپێكرد، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو چەند گەڕەكە كەمەی بە دەست داعشەوە ماوە.

 

پێشتر‌و لە 29-6ی ئەمساڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق "كۆتاییهێنان"ی دەوڵەتی خەلافەتی لە عێراق ڕاگەیاند، ئەوەش دوابەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مزگەوتی گەورەی موسڵ –مزگەوتی نوری- هات.

 

چەكدارانی داعش، ئێوارەی چوارشەممە 21-6 منارەی مێژویی حەدبا‌و مزگەوتی گەورەی نوری-یان لە بەری ڕاستی موسڵ تەقاندەوە، ئەوەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە بە "شكست‌و كۆتایی" ڕێكخراوەكە لە موسڵ دادەنرێت بەوپێیەی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر لەو مزگەوتەوە "خەلافەت"یان ڕاگەیاند.

 

پێشڕەوییەكان بەشێكە لە قۆناغی كۆتایی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە بەری ڕاستی موسڵ، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەی 19-2 دەستیپێكرد، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە.

 

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە دەست ڕێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عێراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی.