هیومان ڕایتس وۆچ هەرێمی كوردستان بە "دەركردنی" چەند خێزانێكی ئێزدی تۆمەتبار دەكات

10-07-2017 02:08
5ی ئازاری 2017، قەزای شەنگال، خێزانە ئێزدییەكان بەهۆی شەڕەوە ناوچەكانیان جێهێشتووە. فۆتۆ: مەروان ڕەسام.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی 2017 لانیكەم چوار خێزانی ئێزدی بە "زۆر دەركردووە"و هەڕەشەی دەركردنی چەندین خێزانی تریش دەكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی ئەو خێزانانە پەیوندییان بە ڕیزەكانی هێزە عێراقییەكانەوە كردووە.

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتێكیدا كە یەكشەممە 9-7 بڵاویكردووتەوە، دەڵێت كە هۆكاری دەركردنی ئەو خێزانە ئێزدییانە لە هەرێمی كوردستانی عێراق پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەندامانی ئەو خێزانانە "پەیوەندییان بە هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە كردووە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی سزادانی بە كۆمەڵ و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە."

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت"پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستهەڵبگرن لە دەركردنی ئەو خێزانە ئێزدییانە، چونكە ئەمە دەبێتە سزادانی بە كۆمەڵ و ئەو خێزانانە مافی ئەوەیان هەیە كە بە زۆر نەنێردرێنەوە بۆ گوندە وێرانەكانیان."

 

هیومان رایتس وۆچ كە چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە سەرتاسەری دونیا، لە كۆتاییەكانی مانگی حوزەیران چاوی بە نۆ ئاوارەی ئێزدی كەوتووە لە گوندەكانی كۆجۆ و تەل قەسەب و سیبا شێخ خدری لە شەنگال. كە گوندەكانیان لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە كۆنتڕۆڵكراونەتەوە. كە سەرجەمیان لە هەرێمی كوردستان دەژین و ئارەزووی گەڕانەوە ناكەن بۆ گوندەكانی خۆین بەهۆی ئەو وێرانكارییەی بەر گوندەكانیان كەوتووە.

 

هەروەها بەهۆی بوونی گۆڕی بەكۆمەڵ و ئەو بۆمبە چێنراوانەی كە تاوەكو ئێستا نەتەقیونەتەوە و ئاو و كارەباش بوونی نییە لە گوندەكانیان.

 

"ئەو كەسانەی خێزانەكانیان لە مانگی ئابی 2014 لە شەنگالەوە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە هەڵهاتوون‌و سەرجەم ئەوانەی قسەیان بۆ كردوین وتیان كە هێزەكانی ئاسایش هەڕەشەی دەركردنیان لێكردوون بەهۆی ئەوەی خزمانیان پەیوەندییان بە هێزەی ئێزیدخان-ەوە كردووە، چوار حاڵەتیان وتیان كە ئاسایش ڕۆژی 5ی یۆلیۆی 2017 بە زۆر دەریكردوون بۆ شەنگال" بەپێی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس وۆچ.

 

پیاوێكی ئێزدی كە لە كەمپێكی نزیك شارۆچكەی زاخۆ لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوو بە ڕێكخراوەكەی وتووە "سێ كوڕم پەیوەندییان بە هێزەكانی ئێزیدخانەوە كردووە كە سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبییە… كارمەندێكی ئاسایش داوایلێكردووم كە سەردانی ئۆفیسەكەیان بكەم، بە گەیشتنم بە بنكەكەی ئاسایش كارمەندێك پێی وتم كە ئەگەر وانەكەیت كوڕەكانت واز لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبی نەهێنن و نەگەڕێنەوە بۆ كەمپەكە، ئەوا دەبێت خۆت ‌و ئەندامانی خێزانەكەت كە ژمارەیان 15 كەسە كەمپەكە جێبهێڵن پێش ڕۆژی 21ی حوزەیرانی 2017و بگەڕێنەوە بۆ كۆجۆ."

 

كوڕەكانی ئەو پیاوە ڕیزەكانی حەشدی شەعبییان جێنەهێشت، بۆیە ڕۆژی 29ی حوزەیران كارمەندێكی ئاسایش فەرمانی پێكردن كە هەر ئێستا پێویستە كەمپەكە جێبهێڵن.

 

ئەو پیاوە داوای 24 كاتژمێری مۆڵەتی لێكردوون، بەڵام ئاسایش ڕەتیكردووەتەوەو یەكێكیان بە ئۆتۆمبێلێك گەڕاندنیانەوە بۆ شەنگال. ئەو پیاوە وتی"ئێستا نازانم چی بكەم، گوندەكەم بە تەواوەتی خاپوور بووە، ئاو و كارەبا لە ناوچەكە بوونی نییە."

 

ڕۆژی 23ی حوزەیران هیومان ڕایتس وۆچ ژمارەیەك پرسیاری لەسەر ئەو تۆمەتانە ئاراستەی د.دینداری زێباری، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن‌و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان-ی سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكی نەداوەتەوە.

 

هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵی 2016 چەند حاڵەتێكی تری تۆماركردووە كە هێزەكانی ئاسایش داوایان لە چەند خێزانێك كردووە كە كەمپەكانی سەر بە شاری دهۆك چۆڵبكەن، بەهۆی ئەوەی ئەندامانی ئەو خێزانانە پەیوەندییان بە باڵای سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ەوە كردووە لە شەنگال.

 

یاسای نێودەوڵەتی سزادانی بە كۆمەڵ قەدەغەدەكات كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بكرێت لە بەرامبەر كۆمەڵە خەڵكانێك بەهۆی كارێكەوە كە ئەنجامیاننەداوە.

 

لەما فەقیە دەشڵێت "سەرەڕای ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حەشدی شەعبی، سزادانی خێزانانی شەڕڤانانی ئەو هێزە كارێكی هەڵەو نایاساییە."