شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرپەرشتی بارزانی بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت

10-07-2017 02:54
مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەكات.

 

پەرەگراف

 

شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت‌و پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان دەبەنە پەرلەمانی ئەوروپا.

 

بەپێی سایتی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە 10-7-2017 بە سەرپەرشتی بارزانی‌و یاوەریی شاندێكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێكەوتوون.

 

شاندەكە سەردانی "پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆكسل دەكات و لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا و ژمارەیەك لەبەرپرسانی بەلژیكا كۆدەبنەوە" سەرۆكایەتی هەرێم وادەڵێت بەبێ ئەوەی ناوی ئەندامانی شاندەكەو حزبەكانیان ئاشكرابكات.

 

سەردانی شاندەكە یەكەم هەنگاوی پڕاكتیكییە بۆ پرسی ڕیفراندۆم، ئەوەش دوای ئەوەدێت لە كۆبوونەوەی 8ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاردرا بە "هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ڕیفراندۆم‌و هەیكەلیەتی كاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كراون."

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بەوپرسە بەشداریی كردبوو، بەڵام 8ی ئەم مانگە نوێنەری نەنارد بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕوون نییە ئەو شاندەی بارزانی سەرپەرشتی دەكات‌و بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوتووە نوێنەری یەكێتی تێدایە یاخود نا.

 

هەرچەندە هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی(جێگری سەرۆكی حكومەت لە پشكی یەكێتی)و نەجمەدین كەریم(پارێزگاری كەركوك لە پشكی یەكێتی) بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەی 8ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و ئەوەش مشتومڕی لێكەوتەوە، بەپێی میدیای فەرمی ئەو حزبەو وتەی كەسانی نزیك لەو دوو بەرپرسە بۆ پەرەگراف، ئەو دوو كەسایەتییە بە سیفەتی پۆستە حكومییەكانیان بەشداربوون نەك نوێنەرایەتی یەكێتی.

 

هەڵوێستی یەكێتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، ئەو حزبەی ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند كردووەتەوە، هەرچەندە لە سەرەتاوە لەگەڵ پارتی پێكەوە كاریان لەو پڕۆسەیەدا كردو سەردانی حزبەكانیان كرد بۆ ئەومەبەستە، بەڵام لە دواین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان پرسی ڕیفراندۆم خراوەتە دوای ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان كە لە 12-10-2015وە بە بڕیاری پارتی پەكخراوە.

 

هەربۆیە بەشداریكردنی یەكێتی لەو پڕۆسەیە بەرلە كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەوحزبە ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی گۆڕان‌و بەشێك لە جاوەرەكەی دەكاتەوە.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە كوردستان، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.