بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن

11-07-2017 02:43
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە بارەگای سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی داوادەكەن پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دوابخرێت، یاخود لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

ئەو دوو حزبە ئەمڕۆ لەئاستی باڵادا لە سلێمانی كۆبوونەوەو بەپێی ڕاگەیەنداروی كۆبوونەوەكە تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە، ڕیفراندۆم هەنگاوێك بێت بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانەوە، دەڵێن"بەڵام سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر رێكارو میكانیزم و ئامادەسازیەكانی ئێستا هەیە."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ 6 خاڵیان وەك دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەیان خستوەتەڕوو كە تێیدا تەئكید لەسەر ئاسایی كردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان‌و باشكردنی دۆخی گوزەرانی خەڵك‌و لابردنی سیستمی پاشەكەوتی موچە دەكەن، دەشڵێن"هەڵبژاردنی گشتی لەكاتی خۆیدا بكرێ و ریفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێ، یا هەڵبژاردن و ریفراندۆم لەیەك كاتدا بكرێ."

 

ئەو داوایەی گۆڕان‌و كۆمەڵ لەكاتێكدایە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كە 8ی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەنجامدار تەئكید كرایەوە كە 25-9 ڕیفراندۆم ئەنجامدەدرێت. 

 

لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لە زۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوهەڵوێست بوون.

 

هاوكات گۆڕان‌و كۆمەڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان بایكۆت كردووە كە 7ی مانگی ڕابردوو لەكۆبوونەوەیەكی نێوان مەسعود بارزانی‌و حزبە سیاسییەكان، بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی درەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردو ڕەخنەیان لەو بڕیارەگرت‌و ئەو پرسەیان بەكاری پەرلەمان دانا، تائێستاش ئامادەنین نوێنەری خۆیان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری بكەن كە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەكات.

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی گۆڕان‌و كۆمەڵ

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

 

ئەمڕۆ 11/7/2017 شاندی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی كۆبونەوە. هەردولا تەئكیدیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كردەوە:

 

1. مافی سەربەخۆیی گەلی کوردستان مافێکی سروشتی و رەوای خەڵکی کوردستانە.

 

2. ریفراندۆم هەنگاوێک بێ بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانەوە، بەڵام سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر رێکارو میکانیزم و ئامادەسازیەکانی ئێستا هەیە.

 

3. پێویستە گوزەران و بژێوی هاوڵاتیان باش بکرێ و سیستمی پاشەکەوت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە.

 

4. پێویستە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەرو هەمویانەوە پەرلەمانی کوردستان، بێ هیچ مەرجێک ئاسایی بکرێتەوەو کارەکانی خۆیان بێ هیچ لەمپەڕێک ئەنجام بدەن.

 

5. هەڵبژاردنی گشتی لەکاتی خۆیدا بکرێ و ریفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێ، یا هەڵبژاردن و ریفراندۆم لەیەک کاتدا بکرێ.

 

6. بەدیهێنانی ئاشتەوایی ناوخۆ و یەکدەنگی نیشتیمانی لەسەر پرسە چارەنوسسازو نیشتیمانییەکان لەڕێی وتووێژی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
11/7/2017