بارزانی: داوامانكردوە گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداربن لە ڕیفراندۆم ئەگەر نەیەن بەرپرسیاردەبن

11-07-2017 08:55
بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپاوە هێرشی توندی كردەسەر گۆڕان.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند، داوایان لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كردووە بگەڕێنەوە پەرلەمان‌و بەشداربن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم، وتیشی، ئەگەر نەچنە پڕۆسەكەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن.

 

بارزانی كە بەسەرۆكایەتی شاندێكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە برۆكسلە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەوروپا وتارێكی پێشكەشكردو دواتر وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە، بارزانی تەئكیدی كردەوە كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروستەو دوای پڕۆسەكەش دەستدەكەن بە ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بۆئەوەی شەڕ ڕوونەدات.

 

بارزانی لەسەر دۆخی ناوخۆی كوردستان‌و مانەوەی لەپۆستەكەی دوای كۆتایی هاتنی وادەی یاسایی، جارێكی دیكە ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەهۆی ئەوەی حزبەكان كەسیان دیارینەكردووە تا دەسەڵاتی ڕادەست بكات، ئەو لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی شورا لە پۆستەكەی ماوەتەوە.

 

هەروەها مەسعود بارزانی لەبارەی بەشدارنەبوونی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم، وتی"داوامانكردووە لە هەموو حزبەكان لەناویاندا گۆڕان‌و كۆمەڵ بێنەوە ناو پەرلەمان بە ڕەغمی ئەو تاوانانەی كە كردیان، داواشمان كردووە بەشداربن لەڕیفراندۆم‌و هەموو دەرگاشمان بۆ كردوونەتەوە، ئەگەر بێن بەخێربێن ئەگەر نەیەن خۆیان بەرپرسیاردەبن."

 

ئەوەش لەكاتێكدایە هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ لەئاستی باڵادا لە سلێمانی كۆبوونەوەو تەئكیدیان لەوە كردەوە، ڕیفراندۆم هەنگاوێك بێت بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانەوە، دەڵێن"بەڵام سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر رێكارو میكانیزم و ئامادەسازیەكانی ئێستا هەیە."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ 6 خاڵیان وەك دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەیان خستوەتەڕوو كە تێیدا تەئكید لەسەر ئاسایی كردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان‌و باشكردنی دۆخی گوزەرانی خەڵك‌و لابردنی سیستمی پاشەكەوتی موچە دەكەن، دەشڵێن"هەڵبژاردنی گشتی لەكاتی خۆیدا بكرێ و ریفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێ، یا هەڵبژاردن و ریفراندۆم لەیەك كاتدا بكرێ."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانی كوردستانن، پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان بایكۆت كردووە كە 7ی مانگی ڕابردوو لەكۆبوونەوەیەكی نێوان مەسعود بارزانی‌و حزبە سیاسییەكان، بڕیاردرا لە 25-9دا لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی درەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردو ڕەخنەیان لەو بڕیارەگرت‌و ئەو پرسەیان بەكاری پەرلەمان دانا، تائێستاش ئامادەنین نوێنەری خۆیان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری بكەن كە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەكات

 

لەبارەی تێكچوونی دۆخی هەرێم‌و لەكارخستنی پەرلەمانی كوردستان، بارزانی بزوتنەوەی گۆڕانی بەهۆكاری دۆخەكە داناو تۆمەتباری كرد بەوەی "دووجار هەوڵیداوە كودەتا ئەنجامبدات" وەك ئاماژەیەك بۆ كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی 2015 كە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ چوار پڕۆژە یاسای لایەنە سیاسییەكان كرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و فراكسیۆنی پارتی كۆبوونەوەكەی بایكۆت كرد.

 

جاری دووەمیش كە بارزانی بە "كودەتا"ی گۆڕانی دادەنێت، 19ی ئابی 2015 بوو كاتێك پێنج حزبە سەرەكییەكە لە دوای كۆبوونەوەیەكی دورودرێژ ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دوانەخراو هەوڵدرا كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاساییەوە ئەنجام نەدرا.

 

هەرلەمیانی وتەكانی ئەمڕۆی لە پەرلەمانی ئەوروپا، مەسعود بارزانی باسیلەوەشكرد، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروستە، لەبارەی نیگەرانییەكانی توركیاوە وتی"ئەگەر لای توركیا هەڵەیە لای ئێمە ڕاستە."

 

بارزانی لە ئەوروپاوە داوای پشتیوانیی وڵاتانی كرد بۆ ڕیفراندۆم‌و ئاماژەی بەوەكرد ئەگەر پشتیوانیی ناكەن دژیشی نەوەستنەوە، جارێكی دیكەش هۆشدارییدا لە خراپتربوونی دۆخەكەو ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرێت.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.