وردەكاریی هەوڵێكی گۆڕان‌و یەكێتی بۆ دەرهێنانی ڕیفراندۆم لە ژێر دەستی بارزانی

15-07-2017 05:46
پیاوێك لە هەولێر ئاڵای كوردستان دەدورێت بە وێنەیەكی مەسعود بارزانییەوە. فۆتۆ؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی لە هەوڵێكی نوێدا كاربۆئەوە دەكەن پرسی ڕیفراندۆم لەژێر دەست‌و بڕیاری مەسعود بارزانی دەربهێنن‌و لە ڕێی پەرلەمانەوە ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت، بۆئەوكارەش پەنا بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەبەن.

 

لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە لە پشكی گۆڕان‌و یەكێتی پۆستیان وەرگرتووە، بانگهێشتی دواین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كراون كە 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

 

بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەردوو حزب بۆ پەرەگراف، لەو كۆبوونەوەیەدا سەكردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان داوای ڕونكردنەوەی لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كردووە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، داواشیان لێكراوە كاربۆئەوە بكەن پڕۆسەكە لەڕێی پەرلەمانەوە ئەنجامبدرێت نەك سەرۆكایەتی هەرێم.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە هەریەكە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم، دوو نوسراوی جیاوازیان لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناردووە، هەرچەندە كۆمسیۆن هێشتا بە فەرمی وەڵامی هیچیانی نەداوەتەوە، بەڵام دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ ڕیفراندۆم كە بڕیارە لە 25-9دا ئەنجامبدرێت.

 

شیروان زرار، وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات، ئامادەكارییەكان بۆ ڕیفراندۆم بەردەوامن‌و لە ئێستادا تەواوی ڕێكارەكانی ئەنجامدانی گرێبەست بۆكڕینی كەلوپەلی هەڵبژاردن تەواو بووەو ئەوەماوە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجامبدەن بۆ كڕینی پێداویستی لۆجستی هەڵبژاردن‌و كابینەی دەنگدان‌و سندوقی دەنگدان، "پاشان بەپێی خشتەی كردارەكان كارەكانی دیكە تەواو دەكەین تا ڕۆژی 25-9."

 

شیروان زرار، ئامادەیی كۆمسیۆن پیشاندەدات بۆ وەڵامدانەوەی هەرداواكارییەكی لایەنەكان ئەگەر بە فەرمی ئاڕاستەیان بكرێت.

 

بەپێی ماددەی سێیەم لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی(ژمارە 4ی ساڵی 2014) كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەنەو"ملكەچە بۆ چاودێریی پەرلەمان‌و بەرپرسیاریشە لە بەرامبەریدا."

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت بۆ پەرەگراف تەئكیدی كردەوە، حزبەكەی بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و بە یاسایی كردنی پڕۆسەكە ناچێتە ڕیفراندۆمەوە.

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ڕیفراندۆم‌و ڕێكارە یاساییەكانی كاری پەرلەمانە، هەربۆیە دەبێت پەرلەمان كارابكرێتەوەو كاری خۆی لەسەر ئەو پرسە بكات."

 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكراكرد، لە دواین كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕاندا "نوێنەرانی هەردوو حزب" لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بانگهێشتكراون، وتی"داوای ڕوونكردنەوەیان لێكرا لەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم، ڕای سەركردایەتی هاوبەشیان پێوترا كە كۆمسیۆن سەربە پەرلەمانەو پێویستە لە پەرلەمانەوە بڕیار وەربگرێ بۆ ڕیفراندۆم" هاوكات سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم زانیارییانەی پشتڕاست كردەوە.

 

بەرپرسەكەی گۆڕان كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكەی قسەی بۆ پەرەگراف كرد، وتی"لە كۆمسیۆن بە دەنگدان بڕیار دەدرێت، ئەگەر گۆڕان‌و یەكێتی‌و كۆمەڵ یەك دەنگ بن، دەتوانین ئەوكارە بكەین‌و پڕۆسەكە بگەڕێنینەوە بۆ پەرلەمان، كاردەكرێت یەكگرتووش هاوكاربێت لەو پرسەدا."

 

ئەنجومەنی كۆمسیارانی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە 9 ئەندام پێكدێت‌و سەرۆكەكەی‌و دوو ئەندام لە پشكی پارتین، هەریەكە لە یەكێتی‌و گۆڕان یەكی دوو ئەندامیان هەیەو كۆمەڵ‌و یەكگرتووش هەریەكەی ئەندامێكیان هەیە، هەرچەندە لەدوای دەستبەكاربوونیان سوێندیان خواردووە سەربەخۆو بێلایەن بن.

 

بەپێی یاساكەیان، بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە دەنگدان‌و دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكان وەردەگیرێت، هەربۆیە ئەگەر نوێنەرانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ پێكەوەبن زۆرینە پێكدەهێنن(5 ئەندامن لەكۆی 9 ئەندام)‌و دەتوانن لە بەرژەوەندی خۆیان بڕیار بدەن.

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەشداریی كردو لەسەرتاوە پێكەوە لەگەڵ پارتی سەردانی حزبەكانی كرد بۆئەو پرسە، بەڵام 8ی ئەم مانگە نوێنەری نەنارد بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ڕۆژی دواتر بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێكی هەرێمیی بڕیاریدا لە ڕۆژی 25-9-2017 ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە ئەوەش بە مەبەستی جێبەجێكردنی مافی چارەنوس لەلایەن گەلی كوردستانەوە.

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە)، بزوتنەوەی گۆڕان كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە پێیوایە بارزانی شەرعیەتی یاسایی نییە.

 

هەروەها سەرۆكی پەرلەمان لە 29-5-2017 بە نوسراوێك داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە كە ئامادەسازیی سەرەتایی ئەنجام بدەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەمان كاتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكی هەرێم "ئەگەر تا ئەو كاتە بە یاسایەك شێوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستانەوە، ڕێكخرا بەشێوەیەك ڕاپرسی لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش ئەنجام بدرێت."

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە بارەی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەو نوسراوانەی لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمانەوە ئاڕاستەیان كراوە، ئەوەی خستەڕوو، لە ئێستادا ئەنجومەنی كۆمسیاران دیراسەی وەڵامی فەرمیی كۆمسیۆن دەكات‌و بەفەرمی وەڵامیان دەدەنەوەو ڕایدەگەیەنن، وتیشی"دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە لایەن هەردوو سەرۆكایەتی دراوە بە كۆمسیۆن، خۆمان بڕیاردەدەین‌و یەكلایی دەكەینەوە."

 

شیروان زرار لە بارەی هەوڵی لایەنەكان بۆ گەڕانەوەی پڕۆسەكە بۆ ژێر دەستی پەرلەمان، وتی"لایەنەكان ئەگەر هەر داواكارییەكیان هەبێت دەتوانن داواكاری خۆیان ڕاستەوخۆ پێشكەشی ئەنجومەنی كۆمسیاران بكەن‌و دەیخەینە بەرنامەی كاری ئەنجومەن‌و بە فەرمی وەڵامیان دەدەینەوە."

 

گۆڕان دەیەوێت "شكست" بە ڕیفراندۆم بهێنێت

 

لەگەڵئەوەی گۆڕان پێیوایە ڕیفراندۆم لە ڕێی پەرلەمانەوە نەكرێت نایاساییەو ئەو پڕۆسەیەی ئێستا بە حزبیی ناودەبات، هاوكات لە چەند لایەنێكی دیكەشەوە هەڵسەنگاندنی بۆ كردووەو ڕەتیدەكاتەوەو دەیەوێت "شكست"ی پێبهێنێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی بە گرنگییەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەڕوانێت‌و داوادەكات هەموو لایەنەكان بەشداربن‌و كاربۆ سەرخستنی بكەن.

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بزوتنەوەی گۆڕان، ڕای زۆرینەی بزوتنەوەكەی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ پەرەگراف ئاشكراكرد، وتی"گۆڕان كێشەی لەگەڵ لایەنی تەكنیكی‌و لایەنی جەوهەریی پرسەكە هەیە، بۆچوونی زاڵ لەناو بزوتنەوەكەدا ئەوەیە بەڕوونی دژایەتی خۆمان بۆ ئەم پڕۆسەیە دەرببڕین‌و لە ئەگەری جێبەجێ بوونی لایەنی تەكنیكیش بۆ نمونە ڕیكارە یاساییەكان‌و پەرلەمان، هێشتا لایەنە جەوهەرییەكە ئەوەدەهێنێت گۆڕان بەڕونی پڕۆسەكە ڕەتبكاتەوە."

 

بەرپرسەكەی گۆڕان باسیلەوەشكرد، ئەوان خوێندنەوەی وردیان بۆ لایەنی یاسایی، سیاسی‌و ئابوری پڕۆسەكە كردووەو پێیانوایە لە هیچ بوارێكدا دروست نییەو ئامادەكاریی پێویست نەكراوە.

 

بۆ سەرگرتنی هەوڵەكانی‌و پەكخستنی پڕۆسەكە، بزوتنەوەی گۆڕان پشتی بە كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی بەستووە‌و لە هەوڵی ڕازیكردنی یەكگرتووشدایە، ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە لە 25-9.

 

11ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی كە بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ڕیفراندۆم لە بەلجیكا بوو، لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند، داوایان لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كردووە بگەڕێنەوە پەرلەمان‌و بەشداربن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم، وتیشی، ئەگەر نەچنە پڕۆسەكەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن.

 

هەرلەمیانی وتەكانیدا بارزانی باسیلەوەشكرد، بڕیارو كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروستە‌و داوای پشتیوانیی وڵاتانی كرد بۆ ئەو پرسە، بەجۆرێك ئەگەر پشتیوانیی ناكەن دژیشی نەوەستنەوە، جارێكی دیكەش هۆشدارییدا لە خراپتربوونی دۆخەكەو ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرێت.

 

"ئەوەی دەكرێت پارتی‌و بارزانی دەیكەن، ئەو جۆرە لە دەوڵەتی سوڵتانیی كە دەیانەوێت دروستی بكەن لەگەڵ پرنسیپەكانی گۆڕان‌و پاراستنی ماف‌و ئازادییەكانی خەڵك یەكناگرێتەوە، بۆیە زۆرێك لەناو گۆڕان پێمانوایە دەبێت گۆڕان ڕوون‌و ڕاشكاو ڕەتی بكاتەوە" ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت وای وت.

 

بەرپرسەكەی گۆڕان تەئكیدی لەوەشكردەوە، گۆڕان دژی سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی كوردی نییە، بەڵام زەمینەسازی پێشوەخت لە هەموو بوارەكاندا بەلایانەوە گرنگە، وتیشی"ڕیفراندۆم هی پارتی‌و بارزانییەو نەخێر بۆئەوانە نەك دەوڵەتی كوردی، بەڵێ دەمانەوێت شكست بهێنێت‌و پێمانوایە سەركەوتنی بەم شێوازەی ئێستا دەبێتە مەترسی لەسەر ئایندەی خەڵكی كوردستان."

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەمانگی 10ی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.