چیای نەوشیروان مستەفا دەبێتە "مەترسی" لەسەر ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان؟

16-07-2017 02:24
چیا نەوشیروان مستەفا. فۆتۆ؛ سوركێو محەمەد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، جموجوڵ‌و دەستێوەردانەكانی چیای كوڕی لە كاروبارەكانی گۆڕان، نیگەرانیی بەرپرسانی باڵای ئەو بزوتنەوەیەو ئەندامانی بنەماڵەكەیی لێكەوتوەتەوە‌و هەندێكیان بە "مەترسی" لەسەر ئایندەی گۆڕان ناوی دەبەن.

 

نیگەرانییەكان لە كاتێكدایە وەك بەرپرسانی گۆڕان باسیدەكەن یەكێك لەو خاڵە جەوهەرییانەی بزوتنەوەكەیان لە حزبەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە، دەسەڵات لەناو گۆڕاندا لە باوكەوە ناگوازرێتەوە بۆ نەوەكانی‌و هیچ كەسێك بەهۆی باوك یاخود خزم‌و كەسییەوە نابرێتە پێشەوەو بەرپرسیارێتی پێنادرێت.

 

نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 19-5ی ئەمساڵ كۆچی دوایی كرد، دوو كوڕو كچێكی هەیە بە ناوەكانی (نما، چیاو چرا) وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف لەناو گۆڕان باسیدەكەن، نماو چرا حەزیان بەكاری سیاسی نییە‌و دەستێوەردانیان نییە، بەڵام چیای كوڕە بچوكی دەركەوتوترینیانەو جموجوڵەكانی ئەوە دەردەخەن كە دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە ناو بزوتنەوەكە لە دوای كۆچی دوایی باوكی.

 

"چیا، بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێكی لە ناو گۆڕاندا هەبێت، بەڵام كە قسەدەكات خۆی بەخاوەنی بزوتنەوەكە دەزانێت" سەرچاوەیەكی باڵا لە بزوتنەوەی گۆڕان وای وت، وتیشی"ئەوەی گۆڕان هەیەتی گردی زەرگەتەو كۆمپانیای وشەیە كە بەناوی كاك نەوشیروانەوە بوون‌و گواستراونەتەوە بۆسەر ناوی نماو چیای كوڕی، میدیای گۆڕانیش كە گرنگترین بەشی بزوتنەوەكەیە لە ئێستادا لە دەرەوەی كۆمپانیای وشەیەو هەوڵێك هەبوو كە بخرێتەسەر كۆمپانیا."

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان كە تەئكیدی لەوەدەكردەوە ناوی ئاشكرانەكرێت ئەوەشی خستەڕوو، چیای نەوشیروان مستەفا لە پشت ئەو هەوڵەوە بووە كە میدیای گۆڕان بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە، "بۆئەوەی بكەوێتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، بۆئەمەش چەند هەڵسوڕاوێكی گۆڕان پشتیوانییان دەكرد، بەڵام لە ئاستی باڵای بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو هەوڵە ڕاگیرا."

 

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی پەرەگراف كە بەهەمانشێوە بەرپرسیارێتی لەناو گۆڕاندا هەیە، باسلەوەدەكات چیای نەوشیروان مستەفا بە پشتیوانیی چەند هەڵسوڕاوێكی گۆڕان، ویستویەتی بۆردێك بۆ میدیای بزوتنەوەكە دابنێت، بەڵام ڕێگریی لێكراوە.

 

"بەرپرسانی باڵای گۆڕان لە دەستێوەردانەكانی چیا نیگەرانن، كاك عومەری سەید عەلی‌و زیاتریش كاك قادری حاجی عەلی زۆر نیگەرانەو هەرئەویش ڕێگریی لەهەوڵەكەی چیا كرد"بەرپرسەكەی گۆڕان كە بەهەمانشێوە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت وای وت.

 

نەوشیروان مستەفا یەكێك بوو لەو سەركردە سیاسییانەی بەوە دەناسرا كە بە سادەیی دەژی‌و پێگەو دەسەڵاتی خۆی بەكارنەهێناوە بۆ بردنە پێشەوەی كوڕو خزمەكانی، هەربۆیە تاخۆی لە ژیاندابوو كوڕەكانی هیچ ڕۆڵ‌و كاریگەرییەكیان لە ناو گۆڕاندا نەبووە.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوەكانی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان زانیویەتی، لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، چیای كوڕی بەتەواوی دەستی خستوەتە كارەكانی میدیای گۆڕان، بەتایبەت كەناڵی كەی ئێن ئێن‌و بۆ هەندێك بابەت دەگەڕێنەوە بۆ ڕای چیاو بۆچوونەكانی ئەو جێبەجێ دەكرێت.

 

"دەستێوەردانەكانی چیا مەترسیدارن‌و لەگەڵ سروشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكناگرنەوە، هەرچەندە دوای فراوانبوونی نیگەرانییەكان‌و بەتایبەت هەڵوێستی كاك قادر، دەستێوەردانەكانی كاڵ بوونەتەوە، بەڵام هەرماون" سەرچاوەیەكی دیكەی پەرەگراف كە ئاگاداری وردەكاریی جموجوڵەكانی چیای نەوشیروان مستەفایە وای وت.

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"هەندێك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان بەتایبەت گەنجەكان دەوروخولی چیا دەدەن‌و هانی دەدەن، ئەوانیش تێیاندایە بێ مەبەستەو تێشیاندایە دەیەوێت لەپەنای چیادا كار بۆ بەرژەوەندی‌و پێگەی داهاتووی خۆی بكات."

 

پەرەگراف زانیویەتی چەند كەسێك لە ناو گۆڕان‌و دەرەوەی ئەو بزووتنەوەیەش لەسەر ئەو پرسانە گفتوگۆیان لەگەڵ نماو چیای نەوشیروان مستەفا كردووە، گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیە بوون كە لە دوای كۆچی دوایی باوكیان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا وەك كوڕی سەركردەی حزبەكانی دیكە نەچنەپێشەوە، تەنانەت پێشنیاری ئەوەشیان بۆكراوە كوردستان جێبهێڵن‌و بۆماوەیەك بگەڕێنەوە بۆ لەندەن‌و لەوێ بژین.

 

بەرپرسێكی گۆڕان دەڵێت"خاڵی جەوهەریی كە گۆڕان لە حزبەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە دەسەڵات لای ئێمە لە باوكەوە ناگوازرێتەوە بۆ نەوەكانی وەك ئەوەی بۆنمونە لە ناو پارتی‌و یەكێتیدا هەیە، خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە لای گۆڕان ئابوری‌و سیاسەت تێكەڵ نین، واتە ئەوەی بەرپرسیارێتی سیاسی پێبدرێت لەگەڵیدا دەوڵەمەند نابێت وەك ناو یەكێتی‌و پارتی."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان تەئكیدی لەوە دەكردەوە كە "پێویستە نەهاتنە پێشەوەی كوڕەكانی كاك نەوشیروان ئەوخاڵە جیاوازەی گۆڕان لەگەڵ حزبەكانی دیكە زیاتر تۆخ بكاتەوە."

 

جموجوڵ‌و دەستێوەردانەكانی چیای نەوشیروان مستەفا، هاوشانی بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانیی لای ئەندامانی خانەوادەی نەوشیروان مستەفاش دروست كردووە، وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، بەختیاری برای نەوشیروان مستەفا لە دەستێوەردانەكانی چیا نیگەرانەو ئەوەشی لای بەرپرسانی گۆڕان دەربڕیوە.

 

"كاك بەختیار دەڵێت هەرگیز كاك نەوشیروان ئەوەی نەویستووە كە ئێستا چیا دەیكات‌و ئەوان وەك ئەندامانی بنەماڵەكەی لە ڕابردوودا كارێكیان نەكردووە ناو و پێگەی كاك نەوشیروان بۆخۆیان بەكاربهێنن، بۆیە ئێستاش نیگەرانن لە هەر هەوڵێك بۆ هێنانە پێشەوەو دەسەڵاتدان بە كوڕەكانی كاك نەوشیروان"سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان وای وت.

 

بەرپرسانی گۆڕان لارییان لەوە نییە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا وەك هەركەسێكی دیكە حەزبكەن كاری سیاسی لەناو گۆڕاندا بكەن، بەڵام نەك بەهۆی پێگەی باوكیانەوە دەسەڵاتیان پێبدرێت، بۆئەوەش پێشنیاری ئەوەیان بۆكراوە ئەگەر حەزیان بە كاركردنە، ببنە ئەندامی یەكێك لە ژورەكانی بزوتنەوەكەو پلە بە پلە بەهەقی خۆیان بچنە پێشەوە.

 

بۆ وەرگرتنی ڕای چیا نەوشیروان مستەفا لە بارەی ئەو نیگەرانییانە، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە ئیسماعیل ساڵح كەسی نزیكی چیاو نماو دواین سكرتێری نەوشیروان مستەفا، بەڵام ناوبراو وتی"چیاو نما ئەم ماوەیە هیچ قسەیەك ناكەن."

 

ئەوانەش لەكاتێكدان پرسی گەرمی ئێستای ناو گۆڕان چۆنێتی ڕێكخستنەوەی بزوتنەوەكەو جێگرتنەوەی نەوشیروان مستەفایە، هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی دیارترین دوو ناون لە ئێستادا‌و بە دوو ئاڕاستەی ناكۆكەوە كار بۆئەوە دەكەن ببنە كەسی یەكەمی بزوتنەوەكە.