ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دیاریكرا

19-07-2017 04:54
پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 2013. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

بە فەرمانی مەسعود بارزانی 1-11 وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دیاریكرا.

 

بارزانی لە فەرمانە هەرێمییەكەیدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە پابەندبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست‌و هاوكاریی‌و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی بۆ جێبەجێكردنی ئەو فەرمانە.

 

كۆتایی مانگی 5ی ئەمساڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم دەستپێكردنی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ڕاگەیاند‌و لەگەڵ حزبەكان كۆبوەوە بۆ وەرگرتنی ڕاو سەرنجیان لەبارەی سیستم‌و ڕێكارەكانی تایبەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

حكومەتی هەرێم بودجەی بۆ پڕۆسەكە داناوەو بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندووە كە بڕی نزیكەی 22 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم.

 

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، نزیكەی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردندا.