یەكەم ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا

22-07-2017 12:35

 

پەرەگراف

 

د.ڕەئوف عوسمان بە سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا كە ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكە بەوەش بووە یەكەم ئەندامی ئەو خانەیە لە كۆی 7 ئەندام، هاوكات دەقی نامەیەكی نەوشیروان مستەفا بۆ یەكەمجار ئاشكرا كرا لەبارەی هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكەی.

 

جڤاتی گشتی گۆڕان ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی نوێی كۆبووەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەكەدێت لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا(19-5-2017).

 

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك‌و جێگرو سكرتێری بۆ جڤاتی گشتی گۆڕان هەڵبژێردران، هەریەكە لە د. ڕەئوف عوسمان بە سەرۆك، ساڵح محەمەد بەجێگرو دڵخواز قادر بە سكرتێری جڤاتی گشتی هەڵبژێردران، بەپێی میدیای فەرمی بزوتنەوەكە.

 

هەرلەو كۆبوونەوەیەدا بۆ یەكەمجار نامەیەكی نەوشیروان مستەفا ئاشكراكرا كە لەبارەی هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن ئاڕاستەی جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەكەی كردووە.

 

نامەكەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان خوێندرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد مێژووی نامەكە بۆ مانگی 2ی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە.

 

نەوشیروان مستەفا لە نامەكەیدا ئاماژەبەوەدەكات، دووساڵ لەمەوبەر لە سێ بۆنەی جیاوازدا ئەوەی ڕاگەیاندووە كە ئەو ئەركی سەرشانی خۆی بەجێهێناوەو ئیتر ڕەنگە گۆڕان پێویستییەكی ئەوتۆی بە ئەو نەمابێت‌و خۆیشی توانای كاركردنی جارانی نەمابێت‌و كاتی ئەوە هاتبێت گۆڕان ڕێكخەرێكی دیكە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.

 

"بەڵام ئەوەی دوایخستم لە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ڕووداوە نەخوازراوەكانی كوردستان و بەدوای ئەویشدا هێرشی ناڕەوای پارتی بوو بۆ سەر بزووتنەوەكە و بۆسەر شەخسی خۆم"نەوشیروان مستەفا وادەڵێت.

 

ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان باسلەوەشدەكات، ئاڵوگۆڕ لە هەیكەلی سەركردایەتی بزووتنەوەكەیدا لە چاو حزب‌و ڕێكخراوەكانی تردا ئاسانە‌و پێویستیان بە بەستنی كۆنگرە نییە.

 

نەوشیروان مستەفا دەشڵێت"من ئێستا پێم وایە كە ئیتر كاتێكی گونجاوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كەسێكی دیكە لە جێگەی من هەڵبژێرن بۆ ڕێكخەری بزووتنەوە و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم وەك ڕێكخەری گشتی بە هەموو توانامەوە هاوكاری دەكەم بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لە ئەركەكەیدا. قسەیەك كە لێرەدا بەباشی دەزانم بیكەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن و هەموو ئۆرگانە سەركردایەتییەكانی بزووتنەوەكە، تێكەڵاوكردنی ئەزموونە تێكۆشەرەكانی ناو بزووتنەوەكەیە لەگەڵ گەنجە تازە پێگەیشتووەكانی."

 

بڕیارە 25ی ئەم مانگە جڤاتی گشتی گۆڕان كۆببێتەوەو ڕێكخەری نوێی بزوتنەوەكەو ئەندامانی دیكەی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرێت، بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌، هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.

 

بەر لە هەڵبژاردنی كەسێك بۆ ڕێكخەری گشتی، ئەو بزوتنەوەیە خانەی ڕاپەڕاندن دروستدەكات، كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە دەبێت، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی، هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە كە بە ڕێكخەری گشتییەوە لە حەوت كەس پێكدێن لە ناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.

 

قادری حاجی عەلی خۆی كاندید ناكات بۆ ڕێكخەری گشتی گۆڕان ئەوەش بۆ بەرژەوەندی عومەری سەید عەلی تاوەكو وەك تاكە كاندید بمێنێتەوە، تائێستاش چەند كەسایەتییەك خۆیان یەكلایی كردوەتەوە كاندیدبن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

 

دوای ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان لە ئاستی باڵادا بوون بە دوو بەشەوەو هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی وەكو كەسی یەكەمی دوو ئاڕاستەی جیاوازو ناكۆك دەركەوتن‌، هەوڵی چەند بەرپرسێكی ناوخۆی گۆڕان‌و چەند كەسایەتییەكی دەرەوەی بزوتنەوەكە سەركەوتوو بوو بۆ كشانەوەی یەكێك لەو دوو كەسایەتییە بەهێزە لە پڕۆسەكە.

 

پێشتر پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی ئاشكراكرد كە لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا(19-5-2017) پەیوەندییەكانیان تاڕادەیەك بەرەو باشترچوون، بەڵام كێشەكانیان چارەسەر نەبوون.

 

ئێستا لەناو گۆڕان ئەندامبوون لە خانەی ڕاپەڕاندن گەرمترین پرسی ناو بزوتنەوەكەیەو چەند كاندیدێك لە كێبڕكێیەكی تووند دان، پەرەگراف لەزیاتر لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە، ئەو ناوانەی دەستكەوتووە كە تائێستا بڕیاری خۆ كاندید كردنیانداوە بۆ ئەندامبوون لەو خانەیە.

 

هەریەكە لە؛ عومەری سەید عەلی(وەك ڕێكخەری گشتی)، عوسمانی حاجی مەحمود، جەلال جەوهەر، جەمال حاجی محەمەد، شۆڕش حاجی، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئاسۆ ڕەحیم، شەماڵ عەبدولوەفا، ئاسۆ مەحمود، عەبدوڵا مەلانوری، ئەو كەسانەن كە بڕیارە خۆیان كاندید بكەن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

 

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بە پێی ئەركەكانی پێكدێت لە: ڕێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی. ئەو كەسایەتییانە خۆیان بۆ یەكێك لەم پۆستانە كاندید دەكەن‌و بەدەرچوونیان ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

سێ ڕۆژە دەرگاری خۆ پاڵاوتن كراوەتەوەو تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئەگەری هەیە كەسایەتیی دیكەش خۆیان بۆ ئەندامبوون لە خانەكە كاندید بكەن، بەتایبەت لەكاتێكدا مەرجەكانی بوون بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن ئاسانن‌و تەنها ئەوەندە بەسە كەسایەتییەكی بزوتنەوەكەبیت‌و بتوانیت‌و دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی مسۆگەر بكەیت.

 

كاندیدەكان لە دەنگدانێكی نهێنی‌و ڕاستەوخۆدا لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێن كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆسەكە بەڕێوەبچێت‌و بە دەرچوونی هەریەكێك لە كاندیدەكان ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكە.

 

بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە كە باڵاترین دامەزراوەی بزوتنەوەكەیە.

 

دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا كە ئەمڕۆ ئاشكراكراو مانگی 2ی ئەمساڵ نوسیویەتی

 

هاوڕێیانی بەڕێز
ئەندامانی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان
ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان

 

ڕێز و سڵاو

 

نزیكەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سێ بۆنەی جیاوازدا بە ڕاشكاوی ڕامگەیاند كە ئەم بەندەیە ئەركی ئەخلاقی، ئەركی دینی، ئەركی نیشتیمانی، ئەركی نەتەوەیی خۆمم بە جێهێناوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش كەوتووەتە سەرقاچی خۆی، بۆیە ئیتر ڕەنگە پێویستییەكی ئەوتۆی بە من نەمابێت و منیش توانای كاركردنی جارانم نەمابێت و كاتی ئەوە هاتبێت گۆڕان ڕێكخەرێكی دیكە بۆ خۆی هەڵبژێرێت. بەڵام ئەوەی دوایخستم لە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ڕووداوە نەخوازراوەكانی كوردستان و بەدوای ئەویشدا هێرشی ناڕەوای پارتی بوو بۆ سەر بزووتنەوەكە و بۆسەر شەخسی خۆم.

 

ئاڵوگۆڕ لە هەیكەلی سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە چاو حزب و ڕێكخراوەكانی تردا ئاسانە، ئەوەشمان لە ئەنجامی شیكردنەوەی تەجروبەی هەموو حزبەكانی تر دەرهێنا، بۆ ئەوەی سەركردایەتی نەبێتە مۆتەكەی سەر لەشی حزب، بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتی پێویستان بە بەستنی كۆنگرە نییە وەكو حزبەكانی تر، جڤاتی نیشتیمانی بە شێوەكی ئاسۆیی لە هەموو باژەرەكانی كوردستان و لەناو ڕێكخراوكانی تاراوگە هەڵدەبژێرێت، بەبێ ئەوەی پێویستان بە كۆنگرە بێت ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرن.

 

ئێستاش جڤاتی نیشتیمانی بە هاوكاری و هەماهەنگی ژورەكان و جڤاتی گشتی كەسێك لە خۆیان یان كادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوە هەڵبژێرن بە ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنیش هەڵبژێرن، بە پێچەوانەی هەموو حزبەكان بێ ئەوەی پێویستیان بە كۆنگرە بێت.بە واتایەكی تر گۆڕین لە هەیكەلی سەركردایەتی گۆڕاندا هەمیشە ئاسانە بكرێت و نابێتە كۆسپ.

 

من ئێستا پێم وایە كە ئیتر كاتێكی گونجاوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كەسێكی دیكە لە جێگەی من هەڵبژێرن بۆ ڕێكخەری بزووتنەوە و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم وەك ڕێكخەری گشتی بە هەموو توانامەوە هاوكاری دەكەم بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لە ئەركەكەیدا. قسەیەك كە لێرەدا بەباشی دەزانم بیكەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن و هەموو ئۆرگانە سەركردایەتییەكانی بزووتنەوەكە، تێكەڵاوكردنی ئەزموونە تێكۆشەرەكانی ناو بزووتنەوەكەیە لەگەڵ گەنجە تازە پێگەیشتووەكانی.

 

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕ لە هەیكەلی سەركردایەتییەكەدا پێویستی بە بەستنی كۆنگرە نییە، تەنیا بۆ هەمواكردنەوەی دەستورەكەی و پەسەندكردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی گشتی و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكان پێویستی بە كۆنگرەیە.

 

لەگەڵ خۆشەویستی زۆری نەوشیروان مستەفا