كاندیدە گەنجەكانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن كشانەوە

25-07-2017 11:59
كاندیدێكی كشاوە: فشاریان دەكرد بۆ كشانەوەی گەنجەكان، ئێمەش پێكەوە كشاینەوە. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو گەنجانەی خۆیان پاڵاوتبوو بۆ ئەندام بوون لە خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە كشانەوە، ئەوەش لە ژێر "فشار"‌و بەهۆی ڕێككەوتنی پێشوەختەی ئاڕاستە ناكۆكەكانی بزوتنەوەكە لەسەر دابەشكاریی پۆستەكان.

 

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە بۆ هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن كە بە پێی ئەركەكانی پێكدێت لە: ڕێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی. پاڵێوراوان خۆیان بۆ یەكێك لەم پۆستانە كاندید دەكەن‌و بەدەرچوونیان ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

بەپێی سەرچاوەكانی پەرەگراف لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كە ئاگاداری وردەكاریی ململانێكانن، بەرلەوەی هەڵبژاردنەكە دەستپێبكات، پڕۆسەكە كێبڕكێی تێدا نەماو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەناوخۆیاندا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ڕێككەوتن، بۆئەوەش ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی 24 كاتژمێر ئەو پڕۆسەیەی درێژكردەوە كە كاندیدەكان بتوانن ئەو شوێنانە بگۆڕن كە خۆیانیان بۆ كاندید كردووە.

 

كاتژمێر 4ی ئێوارە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە كۆتا وادەبووە بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمی خۆپاڵاوتن بۆ ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، بەڵام پڕۆسەكە 24 كاتژمێر درێژكراوەتەوەو دوێنێ كاندیدەكان شوێنەكانی خۆیان گۆڕیوە، ئەوەش دوای ڕێككەوتنی نێوانیان. 

 

بەرلە ڕێككەوتنی بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەسەر دابەشكاریی پۆستەكان، كێبڕكێی توند لەنێوان چەند كاندیدێكدا هەبووە، دیارترینیان لە نێوان عوسمانی حاجی مەحمود‌و محەمەد تۆفیق ڕەحیم بووە كە هەردوكیان خۆیان بۆیەك پۆست كاندید كردبوو ئەویش سكرتێری كاروباری ژورەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام لەماوەی ئەو 24 كاتژمێرەی بۆیان درێژكراوەتەوەو دوای ڕێككەوتنی ئاڕاستە ناكۆكەكان، عوسمانی حاجی مەحمود‌ ئەو پۆستەی گۆڕیوەو خۆی بۆ پۆستێكی دیكە كاندید كردووە.

 

"سەركردە كۆنەكان سەرجەمیان بێڕكابەرن‌و هەركەسەو تەنها خۆیەتی‌و دەرچوونی مسۆگەرە"سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

هەریەكە لە دلێر عەبدولخالق كاندید بۆ سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، ئیسماعیل نامیق كاندید بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، ئاسۆ مەحمود كاندید بۆ سكرتێری باژێروانەكان‌و عەبدوڵای مەلا نوری كاندید بۆ كاروباری خەڵك لە پڕۆسەكە كشانەوە، هەروەها محەمەد عەلی كە بەنیازبووە خۆی بۆ سكرتێری كاروباری ژورەكان كاندید بكات‌و فۆڕمی خۆكاندید كردنی وەرگرتووە، بەڵام بەشداریی پڕۆسەكەی نەكردووە.

 

"لەهەرشوێنێك زانیبێتیان مەترسییان لەسەرە گۆڕیویانە، فشاریشیان دەكرد بۆ كشانەوەی گەنجەكان، ئێمەش پێكەوە هەموومان كشاینەوە"كاندیدێكی كشاوە بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو كاندیدە كشاوەیەی خانەی ڕاپەڕاندن كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت لەبەر هەستیاریی پرسەكە، وتیشی"پڕۆسەیەكی خراپ بوو، دوێنێ كاتیان بۆ درێژكرایەوە تاوەكو بەپێی ڕێككەوتنی نێوان خۆیان ئەو شوێنانە بگۆڕن كە خۆیانیان بۆ كاندید كردبوو."

 

چەند ڕۆژێك بەرلە هەڵبژاردنەكە جگە لە ئەندام بوونی ڕەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی لە خانەی ڕاپەڕاندن، هاوكات پۆستی ڕێكخەری گشتی بۆ عومەری سەید عەلی یەكلایی بوبوەوە، ئەوەش دوای ئەوەی قادری حاجی عەلی بڕیاریدا خۆی كاندید نەكات‌و لە پڕۆسەكە كشایەوە، بەڵام دوای ڕێككەوتنی دوێنێی ئاڕاستە ناكۆكەكان تەواوی پۆستەكان بەرلە هەڵبژاردن یەكلایی كراونەتەوەو "هەڵبژاردنەكە شكڵییە."

 

"ئەو برادەرانە دەستبەرداری دەسەڵات نابن، ئێستا هەموو هەرخۆیانن‌و كێبڕكێی تێدا نەماوە" كاندیدە كشاوەكەی گۆڕان وای وت.

 

عومەری سەید عەلی وەك ڕێكخەری گشتی، ڕەئوف عوسمان وەك سكرتێری جڤاتی گشتی‌و هەریەكە لە عوسمانی حاجی مەحمود، جەمال محەمەد، جەلال جەوهەرو شۆڕش حاجی دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، ئەمەش بەپێی ڕێككەوتنە پێشوەختەكە.

 

بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌، هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.

 

هەروەها خانەی ڕاپەڕاندن كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەیە، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی، ئەندامەكانی لە ناو جڤاتی نیشتمانی‌ هەڵدەبژێردرێن بۆ ماوەی دوو ساڵ‌و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.