حەسرەت‌و گریانی دوای شەڕ

بەسەرهاتی زیانلێكەوتوانی بەری ڕاستی موسڵ
29-07-2017 06:51
موسڵ، 27-7-2017، بەهۆی شەڕەوە زیانی زۆر لە بەری ڕاستی شارەكە كەوتووە. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

نەدا لە ژێر خێمەیەكی كەمپی ئاوارەكاندا دانیشتبوو، بە پەنجەی ئاماژەی بۆ منداڵەكانی كرد تا بەراوردی دۆخی پێش شەڕ‌و ئێستایان بكات، بەڵام گریانی بە كوڵ ڕێگەی پێنەدا.

 

كوڕەكە ساواكە‌و هەردوو كچەكەی ئەو ژنە، لەشیان لاواز‌و دەموچاویان زەرد هەڵگەڕابوو، لەكاتێكدا پێشتر زۆر چالاك‌و گەش بوون، بەرلەوەی وێرانكارییەكانی شەڕ‌و ئاژاوە بگاتە بەری ڕاستی موسڵ.

 

نەدا ناسری، بێوەژنێكی خەڵكی موسڵە‌و لە گەڕەكی فاروقەوە هەڵاتووە، كاتێك خانووەكەیان موشەكی بەركەوتووە‌و بەهۆیەوە، هاوسەر‌و دوو لە كوڕەكانی لەدەستداوە.

 

ئەو ژنە بە گریان‌و حەسرەتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ڕەنگە تا تەمەنم ماوە نەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەكەم، چونكە تێچوونی چاككردنەوەیم نییە، لایەنی حكومیش ڕەنگە جددی نەبن لە قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندان‌و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان."

 

ئەوەی لە خێزانەكەی نەدا ماوەتەوە، مەیسەم-ی ساوا، مریەم 11 ساڵ‌و عەزرا تەمەن هەشت ساڵە، بەهۆی كەمی خواردن، ئاو‌و دەرمانەوە، لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین لە كەمپی حەمام عەلیل.

 

 

موسڵ، 27-7-2017، گەڕەكی زەنجەلی لە بەری ڕاست بۆتە وێرانە. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری ڕاستی موسڵ، پێنج مانگی خایاند‌و بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان تەواوی گەڕەكەكان زیانیان بەركەوتووە‌و بەشێكیان بە تەواوی تەخت بوون، زیاتر لە 50 هەزار خانووش خاپور بوون.

 

عەبدوڵا محەمەد تائی، چاودێر بۆ كاروباری موسڵ دەڵێت ڕێژەی ئەو زیانەی بەر ژێرخانی گشتی‌و تایبەتی بەری ڕاستی موسڵ كەوتووە، دەگاتە لەسەدا 95‌و ئەوەش كێشەیە لە دوبارە بنیاتنانەوەدا، چونكە پڕۆژە سەرەكییەكان نەماون.

 

هەروەها ئاماژەیدا بە دۆخی مرۆیی لە موسڵ‌و بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد، چەندین جۆر نەخۆشی لەو بەشەی شارەكە بڵاوبۆتەوە‌و لەگەڵ ئەوەشدا، خراپی خۆراك‌و نەبونی خزمەتگوزارییەكان بۆتە ئەشكەنجە بۆ خەڵك.

 

تائی بۆ قۆناغی داهاتوو، هەوڵی حكومی‌و نێودەوڵەتی‌و ڕێكخراوە مرۆییەكان بە گرنگ دەزانێت، بۆ هەستانەوەی شارەكە لەو وێرانكارییەی تێیكەوتوە.

 

لە بەری ڕاستی موسڵ، شەقامەكان چۆڵ‌و دەنگی هیچ نابیستی، دوكانەكان داخراون‌و تەنیا ئاژەڵە ماڵییەكان دەبینرێن.

 

 

موسڵ، 27-7-2017، ناوچەی مەیدان كۆتا شوێن بوو لە دەستی داعش دەرهێنرا. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

ئەبو ئەنوەر، دانیشتوی ناوچەی ساعەیە لە ناوەڕاستی موسڵ‌و لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بۆ چەند خولەكێك قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد‌و وتی، هیچ مادەیەكی خۆراكی لە بازاڕدا نییە‌و كۆگاكراوەكانیش لە چەند مانگی گەمارۆی خنكێنەری سەر ناوچەكەدا، تەواو بوون.

 

"ئاو بڕاوە، دەرمان كەمە، خۆڵ‌و خاشاك لە هەموو شوێنێك بڵاوبۆتەوە، ئەوانەش وایكردووە قەیرانی مرۆیی سەرهەڵبدات‌و بەری ڕاستی موسڵ، بۆتە شوێنێك هاوشێوەی جەهەنم"، بەوتەی ئەبو ئەنوەر.

 

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، یەك ملیۆن‌و زیاتر لە 72 هەزار كەس بەهۆی شەڕی موسڵەوە هەڵاتن، لەو ژمارەیە هێشتا زیاتر لە 800 هەزاریان لە ئاوارەییدا ماونەتەوە‌و زۆرینەیان، لە كەمپ‌و ناوەندەكانی فریاگوزاریدا دەژین.

 

بیدا عاید نەجار، سەرۆكی ڕێكخراوی (داهاتوویەكی گەش) بۆ كاروباری مرۆیی بۆ (كەركوك ناو) ڕونیكردەوە، خەڵكی بەری ڕاستی موسڵ ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان‌و بژین دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی، بەهۆی بڵاوبونەوەی پاشماوەكانی جەنگ لەهەموو لایەك.

 

"ناوچەكانی بەری ڕاست، لەگەڵ چركەكانی سەرەتای ئاوابوونی خۆردا زۆر ترسناك دەبێت وەك شاری خێوەكان، ڕوناكی‌و ئاو و هیچ خزمەتگوزارییەكی تر نییە."

 

 

موسڵ، 27-7-2017، ژمارەیەكی زۆر تەرم هەڵنەگیراونەتەوە بەتایبەت تەرمی چەكدارانی داعش. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە دەڵێت لەگەڵ هەڵاتنی خۆریش، چاوی مرۆڤ جگە لە داروپەردوی خانووەكان‌و ئۆتۆمبێلی تێكشكاو و عەمودی كارەبایی كەوتوو، هیچی تر نابینێت.

 

بیدا عاید ئاشكرایكرد دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، "چەندین حاڵەتی مردنی منداڵ‌و ژنان لە كەمپی ئاوارەكان‌و بەری ڕاستی شارەكە تۆماركراون بەهۆی برسێتی‌و تینوێتی‌و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە."

 

بەپێی ئامارەكانی ئەو ڕێكخراوە، لە كۆی 250 هەزار خێزان ئەوانەی تائێستا لەبەری ڕاستی موسڵ ماونەتەوە، ژمارەیان لە 9 هەزار خێزان تێناپەڕێت.

 

ئۆپەڕاسیۆنی بەرفراوانی پاككردنەوەی موسڵ لە ڕێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌، هێزە عێراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای نزیكەی نۆ مانگ لە 10-7-2017 كۆتاییهات.