ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: لەماوەی دوو هەفتەدا پەرلەمان دەستبەكار بكات

30-07-2017 02:40
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم. فۆتۆ؛ سایتی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

پەرەگراف

 

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كۆتایی هات‌و تێیدا سێ بڕیار دران، یەكێكیان تایبەتە بە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و بڕیاردراوە لەماوەی دوو هەفتەدا پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربكات بۆ چارەسەری كێشەكان‌و پشتیوانیی ڕیفراندۆم.

 

بڕیاری دەستبەكار كردنەوەی پەرلەمان لەو كۆبوونەوەیەدا لە كاتێكدایە بزوتنەوەی گۆڕان كە لایەنێكی سەرەكی ئەو پرسەیەو سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی ئەوە، بەهۆی بایكۆتكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بەحزبیی دانانی ئەو پڕۆسەیە نوێنەری لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نییە.

 

كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری پیرمام بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریكراودا 25-9.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم

 

ڕۆژی یەكشەممە 30-7-2017 لە پیرمام كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و بەشداریی بەڕێزان كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوەچوو.

 

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی كوردستان، بەشدار بوو و وردەكارییە تەكنیكییەكانی كۆمسیۆنی بۆ ئامادەكاریی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی دیاریكراوی خۆیدا خستەڕوو و ئامادەیی تەواوی كۆمسیۆنی بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ڕاگەیاند.

 

دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:

 

یەكەم: كۆبوونەوەكە بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی بەڕێزان مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بۆ پێكهێنانی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا.

 

دووەم: كۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو هەفتە دا پەرلەمانی كوردستان دەست بە كار بكات بۆ چارەسەری كێشەكان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم.

 

سێیەم: لەبارەی پڕەنسیپەكانی پێكهاتە و سكرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ كرا.

 

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
30-7-2017