پەرەگراف
عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لەسەر ئەو پرەنسیپو ئامانجانەی كە بزوتنەوەی گۆڕانی پێناسراوەو كاردەكەن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی.
ئەو وتانەی ڕێكخەری گشتی گۆڕان لە سوپاسنامەیەكدا هاتووە كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوەو تێیدا هاتووە"لەگەڵ هاوڕێیانم لە خانەی راپەڕاندن، پڕ بەدڵ سوپاسی هەموو ئەو حزب و كەسایەتیی و لایەنە سیاسیانە دەكەین، كە بەتەلەفۆن، یان نامە، یاخود بەسەردانیكردن، پیرۆزبایی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانیان لێكردوین."
عومەری سەید عەلی لە سوپاسنامەكەیدا دەشڵێت"هەموو ئەو بەڕێزانە و خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پرەنسیپ و ئامانجانەی، كە بزوتنەوەی گۆڕانی پێناسراوە و كار دەكەین بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانمان."
25ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ڕێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكەی هەڵبژارد، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن كە بە ڕێكخەری گشتییەوە لە 7 كەس پێكدێن، هیچیان بەتەمەن گەنج نینو هیچ ژنێكیشیان تێدانییە، ئەوەش لەكاتێكدای ئەو بزوتنەوەیە بەردەوام تەئكیدی لە ڕۆڵی گەنجو ژنو هێنانە پێشەوەیان كردووە.
هەڵبژاردنە ناوخۆییەكەی گۆڕان بە ڕێككەوتنی پێشوەخت یەكلایی كرایەوەو فشارو دەستێوەردان هەبووە بۆ دەرچواندنو كشانەوەی كاندیدەكان، پێشتر پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا زانیاریی وردی لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەوە بڵاوكردەوە.
ئەو هەڵبژاردنانە پڕۆسەی خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە دوای نەوشیروان مستەفا كە 19-5-2017 كۆچی دوایی كردو لە گردی زەرگەتەی سلێمانی بەخاكسپێردرا.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانیو دوو ساڵ جارێك دەبێت، هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.
هەروەها خانەی ڕاپەڕاندن، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی، ئەندامەكانی لە ناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن بۆ ماوەی دوو ساڵو تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.
ڕێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانو ڕێژەی دەنگەكانیان:
عومەر سەید عەلی - ڕێكخەری گشتی، 38 دەنگو 18 دەنگی سپی.
جەمال محەمەد - سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی، 39 دەنگو 17 دەنگی سپی
عوسمان حاجی مەحمود - سكرتێری كاروباری باژێڕەكان، 45 دەنگو 11 دەنگی سپی.
جەلال جەوهەر - سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، 37 دەنگو 6 دەنگی سپی(ڕكابەرەكەی 13 دەنگ)
محەمەد تۆفێق ڕەحیم - سكرتێری كاروباری ژورەكان، 34 دەنگو 22 دەنگی سپی.
شۆڕش حاجی - كاروباری خەڵك، 34 دەنگ (دەنگەكانی دیكە ڕكابەرەكانی هێناویانە).
ڕەئوف عوسمان - سكرتێری كاروباری جڤاتی گشتی(22ی ئەم مانگە لە جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا).