وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەرهەڵستی وڵاتەكەی بۆ ڕیفراندۆم دەگەیەنێتە مەسعود بارزانی

05-08-2017 12:36
مەسعود بارزانی‌و ڕێكس تیلەرسن.

 

پەرەگراف

 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی جەختی لە بەرهەڵستی وڵاتەكەی كردووەتەوە لە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ڕێكس تیلەرسن لەگەڵ بارزانی دوێنێ ئەنجامدراوەو كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردوەتەوە، هێشتا ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردوەتەوە، لەكاتێكدا پێشتر بە بایەخەوە پەیوەندیی بەرپرسانی وڵاتانی لەگەڵ مەسعود بارزانی بڵاودەكردەوە.

 

لەمیانی پەیوەندییەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا‌و بارزانی تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسیی‌و ئەمنییەكانی عێراقیان كردووەو تیلەرسن ستایشی ئازایەتی پێشمەرگەی كردوەو سوپاسی كردوون بۆ ڕۆڵی سەرەكییان لە شكستپێهێنانی داعش لە موسڵ.

 

"وەزیری دەرەوە جەختی كردەوە لە بەرهەڵستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌و پەیامی پشتگیریی بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای گەیاند بۆ عێراقێكی دیموكراتیی فیدراڵیی یەكگرتوو"كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر وادەڵێت.

 

هەروەها برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتی دژی داعش ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دژی ڕیفراندۆمی كوردستانە كە دەسەڵاتدارانی كورد دەیانەوێت 25-9 ئەنجامی بدەن، وتی"ئەمە شتێكە كە ئەمریكا، بە تووندی، بە تووندی دژیەتی."

 

هەر دوێنێ بەرلەوەی لەگەڵ بارزانی قسەبكات، ڕێكس تیلەرسن پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ حەیدەر عەبادی ئەنجامداوەو پشتگیری وڵاتەكەی بۆ گەلی عێراق‌و پابەندیی هەردو وڵات بە شەراكەتی گشتگیری نێوانیان دوپاتكردوەتەوە، كە لەو چوارچێوەیەدا دەستەبەری هاوكاری سیاسی‌و ئابووری‌و كلتوری‌و ئاسایش كراوە.

 

"وەزیری دەرەوە هانی سەرۆك وەزیران عەبادی‌و سەرۆك بارزانی دا بۆ بەشداریكردنی هەردوولا لە گفتوگۆی دروستەكەر لەسەر تەواوی بابەت‌و كێشەكان."

 

لەمیانی هەردوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، تیلەرسن پشتگریی وڵاتەكەی بۆ گەلی عێراق‌و شەڕی هاوبەشی هەردوولا دژی داعش دووپات كردەوە‌و تەئكیدی كردوەتەوە لە پێویستیی بەردەوامیی هاوكاریی بەهێزی نێوان بەغدادو هەولێر لە شەڕی داهاتووی نزیكیان لە دژی داعش لە تەلەعفەر و حەویجە.

 

بەرهەڵستی ئەمەریكا بۆ ڕیفراندۆمەكەی كوردستان كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای هەرێم بەردەوام دەڵێن، بەشێوەیەكی گشتی ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، تەنها هەڵوێستی دوو وڵات جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەویش ئێران‌و توركیان‌و توركیا نەرمترە.

 

ئێران لە ئاستی باڵادا بە هەڵوێستی فەرمی‌و لێدوانی توند دژایەتی ڕیفراندۆمی كردووە، هەفتەی ڕابردووش شاندێكی ئێرانی كە بەرپرسانی مەلەفی عێراق‌و هەرێم بوون لە سوپای قودس لە كوردستان بوون‌و لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكان كۆبوونەوە.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.