جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا: ڕیفراندۆم دوابخرێت‌، ئەگەر دوانەخرێت‌ دەنگی نەخێر بدەن

08-08-2017 03:01
ڕاگەیاندنی فەرمیی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا.

 

پەرەگراف

 

جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بە فەرمی ڕاگەیەندراو داوادەكات ڕیفراندۆم دوابخرێت‌و لە ئەگەری دوانەخستنیدا هاوڵاتیان دەنگی نەخێر بدەن لە وەڵامی پرسیاری جیابوونەوە لە عێراق.

 

جوڵانەوەكە لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتووە‌و شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كۆمپانیای نالیاو كە ناڵەكانی ئێن ئاڕتی، ڕابون مەعروف پەرلەمانتاری گۆڕان‌، فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری یەكێتی‌و فاروق ڕەفیق ڕۆشنبیر، لە كەسە دیارەكانی جوڵانەوەكەن.

  

ڕابون مەعروف، وتەبێژی فەرمیی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی جوڵانەوەكەیانی خوێندەوە كە تێیدا هاتووە: بڕیاری ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول) هەڵوەشێتەوەو تەنها كاتێك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەببرێت، كە ڕێكارەكانی سەربەخۆیی ئەوە بخوازێت و هەروەها پایەكانی دەوڵەتێكی دیموكرات و سەركەوتو دامەزرابن و دەستور و پەیمانێكی كۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی گەلەكەمان و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان هەمو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان پەسەند كرابێت.

 

لە خاڵێكی بە یاننامەكەیدا جوڵانەوەی نەخێر داوادەكات، ئەگەر بەرەی (بەڵێ) پێداگیری كردو "بە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان ریفراندۆمەكە ئەنجامدرا، ئێمە داوا لە دەنگدەرانی وڵاتەكەمان دەكەین كە لەم ڕیفراندۆمەدا بە (نەخێر) دەنگ بدەن."

 

ڕاگەیاندنی ئەو جوڵانەوەیە لەكاتێكدایە ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.

 

سەرباری فشارە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان، بەڵام ئەو حزبانەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەیانداوە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە، هاوكات داوادەكەن خەڵك بەشداری پڕۆسەكە بكەن‌و دەنگی بەڵێ بدەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، مەسعود بارزانی چەندینجار تەئكیدی لەوە كردوەتەوە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییەو هیچ پاشەكشێیەك ناكەن لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ‌و ئەوكارەش لەڕێی گفتوگۆو دوور لە شەڕ ئەنجامدەدەن.

 

بەرلەوەی جوڵانەوەی نەخێر ڕابگەیەندرێت‌و داوای دواخستنی ڕیفراندۆم بكات، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان نییە لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بەفەرمی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان كردبووە.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ ڕۆژی 11-7-2017 دوای كۆبوونەوەیەكی باڵای نێوانیان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بە فەرمی داوایانكرد، پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دوابخرێت، یاخود لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

تائێستا داواكاریی ئەو دوو حزبەو جوڵانەوەی نەخێرو فشاری وڵاتان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم بەهەند وەرنەگیراوەو ئەو حزبانەی ئەندامن لە ئەنجومەنی باڵای ڕفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان كە تۆمەتی جۆراوجۆر ئاڕاستەی بەرەی نەخێر دەكات‌و بە "دژی دەوڵەتی كوردی" ناویان دەبات.

 

پێشتر هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف باسیلەوەكرد، ئەوانەی بە هەر پاساوێك نەخێر دەڵێن بۆ ڕیفراندۆم بەو هەڵوێستەیان دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، وتی"كاتێك پرسیار لەخەڵك دەكرێت ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانی؟ من بڵێم نەخێر مانای وایە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانم، خۆ پرسیاری دیكە نییە‌و یەك پرسیارە، هەركەس بڵێت نەخێر مانای وایە دژی سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە."

 

دەقی بەیاننامەی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا

 

بەیاننامەی "نەخێر لە ئێستادا"

 

لە كاتێكدا، بۆ دو ساڵ دەچێت، پەرلەمانی كوردستان بە نایاسایی و بەھێزی چەكداری حیزبی، پەكخراوە، ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٧، كۆمەڵێك حیزبی سیاسی، بێ ھیچ پاڵپشتیەكی یاسایی و ئیجماعی نیشتیمانی، رۆژی (٢٥ ی ئەیلول) یان بۆ ریفراندۆمێكی ناشەرعی دیاریكرد. ئەو كۆمەڵە حیزبە، كە بڕیاری ئەو ریفراندۆمەیان داوە، لەبری كۆكردنەوەی ھەمو پێكھاتە جیاوازەكانی گەلەكەمان لە دەوری بابەتێكی نیشتیمانی ئەوتۆ، خەڵكی ئەم وڵاتەیان بە تیژی بۆ دو بەرەی جیاواز و پێچەوانە دابەش كردوە: بەرەی (بەڵێ) و بەرەی (نەخێر)!

 

لە (٧ ی حوزەیران) ەوە، بەرەی (بەڵێ) لە رێگەی خراپ بەكارھێنانی دەزگا دەوڵەتی و نیشتیمانیەكان و ناوەندە ئیعلامیە زەبەلاحە حیزبی و سێبەرەكان، بانگەشە بۆ ئەم ریفراندۆمە ناشەرعیە دەكەن. بەڵام بەرەی (نەخێر) كە جوڵانەوەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی بەھێز و فراوانە و ھەزاران ھاوڵاتی ئاسایی ئەم ھەرێمە و چەندان كەسایەتی سیاسی و نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەكتیڤیستی كۆمەڵگای مەدەنی بەڕێیان خستوە و پشتیوانی دەكەن، نا فەرمی و پەرت و بڵاوە. ئەو بەرەیە، كە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان و سەروەری یاسا و دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكرات و دادپەروەر دەكات، لە ئێستادا ئەو ریفراندۆمە بە گونجاو نازانێت و بە ھەنگاوێكی پێچەوانەی ئەو ئامانجە لە مێژینەی گەلەكەمانی دەزانێت. بۆ كۆكردنەوە و رێكخستنی ئەو ھێزە كۆمەڵایەتیە فراوان و زیندوە، ئێمە ئەمڕۆ بە فەرمی دەستپێكردنی بانگەشەی (نەخێر لە ئێستادا) رادەگەیەنین!

 

ئێمە، جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، پێمانوایە ئەم ریفراندۆمە خزمەتی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستان ناكات. ئەم ریفراندۆمە نەك ھەر ھەنگاوێك نییە بە ئاراستەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كۆماریی دیموكرات و دادپەروەر، بە پێچەوانەوە، ھەڵەیەكی مێژویی ترسناكە بە ئاراستەی لەبار بردنی ئەو ئامانجە و دابەشبون و پەرتبونی زیاتر و راكێشانی گەلەكەمان بۆناو كارەسات و ماڵوێرانی و ململانێی چەكداری و خوێناوی. ھەنگاوێكە كە نەك ھەر دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان دروست ناكات، بەڵكو دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەكانیشمان لەدەستدەدات.

 

بەرەی (بەڵێ) ئەو حیزبانە پێكیانھێناوە كە لە دوای راپەڕینەوە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبەن و یەكێك لە ناشیرینترین نمونەكانی حوكمڕانیان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەسەر ئەم گەلەدا سەپاندوە. لە كاتێكدا ئامانجی نزیكی بەرەی بەڵێ داپۆشینی كێشەی سەرۆكایەتی ھەرێم و شكستە گەورە و ترسناكەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، ئامانجی ستراتیجی و دوری ئەو بەرەیە، داگیركردنی ئایندەی ئەم گەلە و ڕفاندنی دۆسێی سەربەخۆیی و بەكارھێنانێتی بۆ بەرژەوەندی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و چەند خێزانێكی سیاسی.

 

لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان بە ھەمو پێكھاتە سیاسی و نەژادی و ئاینی و ئاراستە كۆمەڵایەتیە جیاوازەكانەوە، ئێمە جوڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) داوا دەكەین:

 

یەكەم: بڕیاری ریفراندۆمەكەی (٢٥ ی ئەیلول) ھەڵوەشێتەوە و تەنھا كاتێك ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە ببرێت، كە رێكارەكانی سەربەخۆیی ئەوە بخوازێت و ھەروەھا پایەكانی دەوڵەتێكی دیموكرات و سەركەوتو دامەزرابن و دەستور و پەیمانێكی كۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی گەلەكەمان و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان ھەمو پێكھاتە جیاوازەكانی كوردستان پەسەند كرابێت.

 

دوەم: ئەگەر بەرەی (بەڵێ) پێداگیری كرد و بە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان ریفراندۆمەكە ئەنجامدرا، ئێمە داوا لە دەنگدەرانی وڵاتەكەمان دەكەین كە لەم ریفراندۆمەدا بە (نەخێر) دەنگ بدەن.

 

بەڵێ لەم ریفراندۆمەدا، واتە بەڵێ بۆ ستەمكاری و مۆنۆپۆلی دەسەڵات! واتە بەڵێ بۆ بیست و شەش ساڵی دەسەڵاتی كوردی; بیست و شەش ساڵی پڕ لە ستەم و نەبونی ئازادی و بێدادی و گەندەڵی و دزینی سامانی وڵات! بەڵێ، واتە بەڵێ بۆ شكاندنی شكۆ و كەرامەتی مرۆڤی كوردستانی! بەڵێ لەم ریفراندۆمەدا، واتە بەڵێ بۆ ئایندەیەك كە ھاوشێوەی بیست و شەش ساڵی رابوردو بێت; ئایندەیەك كە ھەمو گەلی ئێمە بكرێن بە كۆیلە و ئامرازی خزمەتكردنی كەڵكەڵە و ئارەزوە ترسناكەكانی چەند خێزانێكی چاوچنۆكی سیاسی!

 

ھەرچەندە، نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ئەزمونی شكستخواردوی حكومەتی ھەرێم; حكومەتی كلیپتۆكرات "دەسەڵاتی فەرھودچی" و میرەكانی جەنگ و بازرگانەكانی سیاسەت! نەخێر، واتە نەخێر بۆ دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار: ئەو دەستەبژێرەی كە سەلماندیان جگە لە كارەسات و نەھامەتی و ماڵوێرانی ھیچیتریان پێنیە پێشكەشی ئەم گەلەی بكەن! نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ھەژاری و نەھامەتی و ململانێی چەكداری و شەڕ و كوشتار و خوێن رشتن!

 

ئێمە، جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، بانگەوازی گەلەكەمان دەكەین كە لە پێناوی ئایندەی نەوەكانمان و پاراستنی نیشتیمانە خۆشەویستەكەمان لە كارەسات و نەھامەتی، پشتگیری بانگەشەی نەخێر لە ئێستادا بكەن.