وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لەبارەی ئەو فشارانەی لەسەریانە بۆ پەرەگراف دەدوێت

10-08-2017 04:39
ڕاگەیاندنی فەرمیی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا 8-8-2017.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا كە داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكات فشاری جۆراوجۆری لەسەرە، وتەبێژی جوڵانەوەكە دەڵێت، كاردانەوەیان نابێت‌و وەڵامی فشارەكان نادەنەوە.

 

لەچوارچێوەی فشارەكانی سەر جوڵانەوەكە، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی، هەڵوێستیان وەرگرت دژی دوو پەرلەمانتاریان كە لەناو جوڵانەوەكەدان.

 

جوڵانەوەكە 8ی ئەم مانگە بە فەرمی ڕاگەیەندراو لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتووە‌و شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كۆمپانیای نالیاو كە ناڵەكانی ئێن ئاڕتی، ڕابون مەعروف پەرلەمانتاری گۆڕان‌، فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری یەكێتی‌و فاروق ڕەفیق ڕۆشنبیر، لە كەسە دیارەكانی جوڵانەوەكەن.

 

"ئەو فشارانەی تائێستا ڕوبەڕوی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بوونەتەوە شێوازی جیاجیایان هەیە، بۆنمونە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەحەمولی هەڵوێستەكانی فەرهاد سەنگاوی نەكردووەو لە ڕیزەكانی یەكێتی دەریانكردوە، هەروەها كۆمەڵێك دەزگای جۆراوجۆر كەمپەینێكی بەرفراوانی جوێن‌و تەشهیرو بوختان كردنیان دژ بە ئەندامانی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا دروستكردووە"ڕابون مەعروف وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا كە هاوكات پەرلەمانتاری گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ بـڕیـارنامـەیەكی بڵاوكردەوەو هەڵوێستی توندی دژی فەرهاد سەنگاوی تێدا ئاشكراكردو مافی چارەنوس‌و ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی بە ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی ناوبرد.

 

بڕیارنامەكە لەبارەی بەشداریی فەرهاد سەنگاوی لە كەمپەینی نەخێر، دەڵێت"ئەم سیاسەتەش، سەراپا دژی بیروباوەڕی یەكێتی و پرۆگرامەكەیەتی، بۆیە، مەكتەبی سیاسی لەكۆبونەوەی ئێوارەی (9/8/2017) بڕیاری داوە لەریزی یەكێتی وەدەری بنێت كە پەرلەمانی كوردستانیش ئاساییكرایەوە، پەیگیری دەكرێت پشتبەندی پەرلەمانی لێبسەندرێتەوە، هەرچیشی بەهۆی یەكێتیەوە دەستكەوتبێت، لەرێی یاساییەوە، هەوڵی گێڕانەوەی بۆ یەكێتی دەدرێت."

 

بەرلە بڕیارنامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، فراكسیۆنی گۆڕانیش هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند لەدژی بەشداریی ڕابون مەعروف پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكە لە جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا.

 

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان جموجۆڵەكانی ڕابون مەعروف بە پێچەوانەی سیاسەتی فراكسیۆنەكەیان ناودەبات، دەڵێت"ئەم هەڵسوكەوتانەی ناوبراو هیچ پەیوەندییەكی بە سیاسەتی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نیە و سەرپێچی كردوە لە سیاسەتی فراكسیۆن و، هەمو ئەو قسانەشی كە كردی و بۆ لەمەودواش دەیكات، گوزارشت لە رای فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات و رای خۆیەتی."

 

ڕاگەیاندنی ئەو جوڵانەوەیە دوای ئەوەهات ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا وتیشی"ئێمە بڕیارمانداوە بە كاردانەوە ئیش ناكەین‌و وەڵامی ئەو تۆمەت‌و تەشهیرو جوێنانە نادەینەوەو سەرقاڵی ئەو بەرنامانە دەبین كە خۆمان بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم ڕیفراندۆمە لە پلانماندایە."

 

ڕابون مەعروف ئامادەنەبوو وەڵامی هیچ پرسیارێكی دیكەی پەرەگراف بداتەوە.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.

 

سەرباری فشارە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان، بەڵام ئەو حزبانەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەیانداوە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە، هاوكات داوادەكەن خەڵك بەشداری پڕۆسەكە بكەن‌و دەنگی بەڵێ بدەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

بەرلەوەی جوڵانەوەی نەخێر ڕابگەیەندرێت‌و داوای دواخستنی ڕیفراندۆم بكات، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان نییە لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بەفەرمی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان كرد.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ ڕۆژی 11-7-2017 دوای كۆبوونەوەیەكی باڵای نێوانیان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بە فەرمی داوایانكرد، پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دوابخرێت، یاخود لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

تائێستا داواكاریی ئەو دوو حزبەو جوڵانەوەی نەخێرو فشاری وڵاتان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم بەهەند وەرنەگیراوەو ئەو حزبانەی ئەندامن لە ئەنجومەنی باڵای ڕفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان كە تۆمەتی جۆراوجۆر ئاڕاستەی بەرەی نەخێر دەكات‌و بە "دژی دەوڵەتی كوردی" ناویان دەبات.

 

پێشتر هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف باسیلەوەكرد، ئەوانەی بە هەر پاساوێك نەخێر دەڵێن بۆ ڕیفراندۆم بەو هەڵوێستەیان دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، وتی"كاتێك پرسیار لەخەڵك دەكرێت ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانی؟ من بڵێم نەخێر مانای وایە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانم، خۆ پرسیاری دیكە نییە‌و یەك پرسیارە، هەركەس بڵێت نەخێر مانای وایە دژی سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە."