گۆڕان داوا لە یەكێتی دەكات دروستكردنی هاوپەیمانیی نێوانیان تەواوبكەن‌و ڕایبگەیەنن

17-08-2017 04:19

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە فراكسیۆنی یەكێتی دەكات قۆناغی كۆتایی دروستكردنی هاوپەیمانیی فراكسیۆنەكانیان تەواو بكەن‌و ڕایبگەیەنن، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوەوە هەنگاوەكانی ئەو پڕۆسەیە ڕاگیراون.

 

یەكێتی‌و گۆڕان بۆ یەكخستنی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان، ساڵی ڕابردوو لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناو لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن، بەڵام بەرلەوەی پڕۆسەكە كۆتایی پێبهێنن كارەكانی لیژنەكە ڕاگیراو تائێستا فراكسیۆنەكانیان یەك نەخستووە كە بەپێی ڕێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانیان دەبێت ئەوكارە بكەن.

 

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ ئاڕاستەی فراكسیۆنی یەكێتی كردووە، فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت"لەبەر ئەوەی لە سەروبەندی قۆناغێكی نوێین بۆ ئاسایی و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوڕدستان، بۆیە ئێمە بەم بۆنەیەوە داوا لە بەڕێزتان دەكەین; كە لە سەر بنەمای رێكەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، قۆناغی كۆتایی دروستكردنی ئیئتلافی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان تەواو بكەین و، رایبگەیەنین. بۆ ئەوەی هەردوولاو، بە هاوكاری فراكسیۆنەكانی تر، بەیەكەوە كاربكەین بۆ هەردوو ئەركە سەرەكیەكەی پەرلەمان، كە یاسا دانان و چاودێرییە."

 

یەكێتی‌و گۆڕان لە 17-5-2016وە ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كردووە كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون لە ناویاندا یەكگرتنی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان.

 

ماددەی 15ی ڕێككەوتنەكەیان دەڵێت، هەردوولا پابەندن بە دروستكردنی ئیئتیلافێك بۆ فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان بە مەبەستی هاوهەڵوێستی سیاسی‌و یاسایی، ئەم ئیئتیلافەش كراوەدەبێت بۆ بەشداری فراكسیۆنەكانی دیكە بەپێی پرۆتۆكۆلی تایبەت.

 

ساڵی ڕابردوو لیژنەیەكی هاوبەش لە پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پێكهێنرا بۆ ڕێكارەكانی یەكگرتنیان، بەڵام دوای نزیكەی 2 مانگ كۆبوونەوەو بڕینی چەند هەنگاوێك، كارەكانی لیژنەكە ڕاگیرا.

 

بێستون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات، لەئێستادا هیچ بەرەوپێش چونێك لەسەر ئەو پرسە نییە، تەنها ئەو پەیامەی فراكسیۆنەكەیان هەیەو هەردوو فراكسیۆن ئامادەن بۆ یەكگرتن.

 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە ئەندامی لیژنەی یەكگرتنی فراكسیۆنەكانیانە، لەبارەی كاری لیژنەكەیانەوە دەڵێت"دانیشتنەكان كۆتایی نەهات، هەندێك كار مابوو بۆ یەكگرتنی فراكسیۆنەكان لە نیوەیدا بەجێهێڵدرا، ئەوەش پەیوەندی بە فراكسیۆنەكانەوە نەبوو، پەیوەندی بە سەركردایەتی هاوبەشەوە هەبوو."

 

لیژنە هاوبەشەكەی یەكگرتنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر چەند خاڵێك ڕێكەوتووە، لەوانە ڕاگەیاندنی فراكسیۆنی هاوبەش بۆ كاری هاوبەشی پەرلەمانی، یەك دەستی‌و یەك ڕەنگی لەسەر كەیسە سیاسی‌و یاساییەكانی پەرلەمان، ماوەتەوە نوسینەوەی پەیڕەوی ناوخۆی فراكسیۆن‌و ڕێككەوتن لەبارەی چۆنێتی پڕۆسەی دەنگدان لەناو فراكسیۆنەكەو دیاریكردنی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی فراكسیۆن‌و ناوی فراكسیۆنەكە.

 

پەیامەكەی ئەمڕۆی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی هاوپەیمانیی نێوانیان، دوای ئەوەدێت مانگی ڕابردوو فراكسیۆنی یەكێتی هەمان داواكاری ئاڕاستەی گۆڕان‌و سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كرد.

 

ئێستا هەردوولا ئامادەن بۆ هاوپەیمانیی، بەڵام ئەوكارە بۆ ناكرێت؟ لە وەڵامدا خەڵەف ئەحمەد، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان كە ئەندامی لیژنەی پێكهێنانی هاوپەیمانیی فراكسیۆنەكەیەتی لەگەڵ گۆڕان، دەڵێت"دەبێت لە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان پرسیار بكرێت، ئەوان پێیان وابوو ئێمە كەمتەرخەمین، بەڵام ئەوە هەردوولامان ئامادەییمان دەربڕیوەو دەبێت ئەوان تەواوی بكەن."

 

لە ئەگەری پێكهێنانی هاوپەیمانیی نێوانیان، یەكێتی‌و گۆڕان دەبن بە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان‌و خاوەنی 42 كورسیی، پارتی كە ئێستا گەورەترین فراكسیۆنە 38 كورسی پەرلەمانی هەیە لەكۆی 111 كورسی (11یان بۆ كۆتاكانە).

 

هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان، پارتی كە ڕێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی هەیە ناڕەزایی پیشانداو بە فەرمی دژی ئەو ڕێككەوتنە هەڵوێستی ڕاگەیاند.

 

"پارتی هیچ كاریگەریی نابێت، پێشتریش ئەوان دژایەتییان ڕاگەیاند، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە ڕێككەوتنەكە، ئەوەشی تائێستا ئەنجامی نەبووە، پەیوەندی بە یەكێتی‌و گۆڕانەوە هەیەو پەیوەندی بە پارتییەوە نییە" پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بۆ پەرەگراف وای وت، وتیشی"هیچ ڕێككەوتنێك لەسەر حسابی ڕێككەوتنێكی دیكە نییەو كوردستان پێویستی بەوەیە تەواوی هێزەكان ڕێككەوتنیان هەبێت."

 

هەوڵەكانی یەكێتی‌و گۆڕان بۆ جێبەجێكردنی خاڵێكی ڕێككەوتنە سیاسیەكەیان كە تایبەتە بە هاوپەیمانیی فراكسیۆنەكانیان لەكاتێكدایە، كاری ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسا كەمتر لە 3 مانگی ماوە، هەروەها لە 12-10-2015وە پەرلەمان بە بڕیاری پارتی پەكخراوەو هێشتا دۆخەكەی ئاسایی نەكراوەتەوەو لەوكاتەوە كۆبوونەوەی نەكردووە، ئەو هاوپەیمانییەش ئەگەر پێكبهێنرێت تەنها بۆئەم خولەی پەرلەمانە.

 

"كاری پەرلەمانی بەرەو كۆتایی دەچێت ئەوەندەی گرنگە هێزەكان لەیەك تێبگەن‌و ڕێككەوتنی تەواویان هەبێت ئەوەندە فراكسیۆنی پەرلەمانیی گەورەو بچوك گرنگ نییەو باوەڕناكەم ئەمە كاریگەریی لەسەر بیركردنەوەی پارتی هەبێت، یەكگرتنی فراكسیۆن بۆ ئەم خولەی پەرلەمانەو لەگەڵ هەڵبژاردنی نوێ دوو فراكسیۆنی جیاواز دروست دەبن‌و دەبێت ڕێككەوتنی دیكە بكرێت، مەگەر یەكێتی‌و گۆڕان بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن بكەن"خەڵەف ئەحمەد وای وت.

 

لە 25 ماددەی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان، تائێستا تەنها ئەو ماددەیە جێبەجێ كراوە كە دەڵێت سەركردایەتییەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حزب پێكدەهێنرێت.

 

گۆڕان بەردەوام یەكێتی تۆمەتباردەكات بە جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە كە لەماوەی ڕابردودا قسەوباسی زۆری لەسەر كرا لەناو ئەو دوو حزبەدا، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی سەرەتای ئەمساڵ بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كرد لەسەر ئەو پرسەو داوای هەڵوێست‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان كرد.

 

هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی یەكێتی بۆ نوسینەوەی ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی كە شوێنی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان دەگرێتەوە.

 

ڕێككەوتنە نوێیەكەی پارتی‌و یەكێتی 8ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی باڵای هەردوو حزبدا بڕیاری لەسەردرا كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لە خۆبگرێت‌و لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ نوسینەوەی.

 

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، ئەنجامدانی ڕێككەوتنە نوێیەكەی لەگەڵ پارتی ئاشكراكردو نێچیرڤان بارزانیش پشتڕاستی كردەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكردوە كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد.

 

ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی ئەو ڕێككەوتنەی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردۆتەوەو پێیوایە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوەو "هاوسەنگیی نەپاراستووە" لە دابەشكاریی پۆستە حكومییەكاندا.

 

مەلا بەختیار، وتی"پێویست بە ڕێككەوتنێكی نوێ دەكات كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی دەخرێتە ناوڕێككەوتنە تازەكەو ڕێككەوتنەكەش بەشێوەیەك دەبێت كە لەسەر حسابی هیچ لایەك نابێت، تەنیا خاڵە هاوبەشەكان‌و ئامانجە هاوبەشەكانی پارتی‌و یەكێتی كۆدەكەینەوە و تێدەكۆشین بۆ ئەوەی بەدییان بهێنین."

 

هاوكات نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند"ڕێككەوتوین لەسەرئەوەی ئەم قۆناغە نوێیە لە كوردستان پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ هەیە‌و ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی لیژنە دابنرێت‌و بەزوترین كات دەستبكەین بە جێبەجێ كردن‌و نوسینەوەی ئەو ڕێككەوتنە."

 

ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدایە، مادەی 21 لە ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان مافی بە هەردوولا داوە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنی سیاسی دیكەدا، بەڵام دەڵێت"بەمەرجێك بەهیچ شێوەیەك ئەو ڕێككەوتن‌و هاوپەیمانییە پێچەوانەو ناكۆك نەبێت لەگەڵ هیچ كام لە ماددەو بڕگەكانی ئەم ڕێككەوتنە."