باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئێران: لەگەڵ توركیا پێداگرین كە نابێت ڕیفراندۆم بەڕێوەبچێت

18-08-2017 03:22
سەرلەشكر باقری لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە، 17-8-2017.

 

پەرەگراف

 

باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئێران دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان‌و بەرپرسانی دیكەی توركیا ڕایگەیاند، هەردوو وڵات پێداگرن لەسەرئەوەی ڕیفراندۆم لە كوردستان دەبێتە بنەمایەك بۆ ئاژاوەو پێكدادانی ناوخۆیی لە عێراق‌و نابێت بەڕێوەبچێت، وەزارەتی پێشمەرگەش وەڵامی دەداتەوەو ئەو وتانە بە دەستێوەردانی ئاشكرا ناودەبات.

 

ئێران زیاتر لە توركیا بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوەو فشارەكانیان بەردەوامە بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم كە بڕیارە 25-9 ئەنجام بدرێت.

 

لە درێژەی كاردانەوەی وڵاتانی ناوچەكە دژی ڕیفراندۆم، سەردار حسێن باقری سەرۆكی ئەركانی گشتیی هێزی چەكداریی ئێران، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرە، ئەوەی خستەڕوو هەردوو وڵات تێڕوانینی هاوبەشیان هەیە لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی كوردستان.

 

سەردار باقری ڕایگەیاند"گرینگترین پرسەكان لە ڕوانگەی بەرپرسانی دوو وڵات پرسی بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە مانگی سێپتەمبەر بوو كە هەر دوو وڵات لەسەرئەوە پێداگر بوون كە بەڕێوەچوون و ئەنجام گرتنی ئەو كارە دەبێتە بنەمایەك بۆ ئاژاوەو پێكدادانی ناوخۆیی لە عێراق‌و دەرئەنجامەكانیشی داوێنی وڵاتانی دەورووبەر دەگرێتەوە."

 

باقری وتیشی"ئەو بابەتە دەبێتە هۆی تێوەگلانی وڵاتانی عێراق، توركیا و ئێران‌و هەر بەو هۆیەش بەرپرسانی دوو وڵات جەخت لە نامومكین بوونی ئەو كارە دەكەن‌و نابێت بەڕێوەبچێت."

 

ئەوە یەكەمجارنییە باقری‌و بەرپرسانی دیكەی ئێران لێدوانی توند دژی ڕیفراندۆم بدەن، ئەو وڵاتە هەر لەسەرەتای دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم بەفەرمی هەڵوێستی توندی دژایەتیی ڕاگەیاندووە.

 

هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە مافێكی ڕەواو سروشتیی گەلی كوردستان دادەنێت‌و ئەوەدەخاتەڕوو، جگە لە خەڵكی كوردستان هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بكات، ئەمەش لە وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ لێدوانەكەی باقری هاتووە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە وەڵامی ئەو بەرپرسە ئێرانییەدا ڕایگەیاند"لێرەدا بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە قسەكردن لەبارەی مافەكانی خەڵكی كوردستان كاری ئەو بەڕێزە نییە و ئەوە بە دەستێوەردانێكی ئاشكرا لە كاروباری ناوخۆی كوردستان هەژمار دەكرێت."

 

بەر لەو لێدوانەی سەرلەشكر باقری، توركیاش هۆشدارییدا لە هەڵگیرسانی "شەڕی ناوخۆیی" بەهۆی ڕیفراندۆمەوەو وتی، وڵاتەكەی چاوەڕوانە كورد لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە.

 

مەولو چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕیفراندۆمی كوردستانی بە مەترسی ناوبردو ڕایگەیاند، پلانی ڕیفراندۆمی كورد بارودۆخی ناوچەكە خراپتر دەكات‌و ڕەنگە سەربكێشێت بۆ "شەڕی ناوخۆیی."

 

وەزیری دەرەوەی توركیا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەوان چاوەڕێ دەكەن هەرێمی كوردستان لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پاشگەزببێتەوە، وتی"'لەكاتێكدا عێراق ئەو هەموو كێشەیەی هەیە، ڕیفراندۆم لە پێناو سەربەخۆییدا دۆخی وڵاتەكە خراپتر دەكات. خوانەخواستە تا شەڕی ناوخۆیی دەبات."

 

چاوشئۆغڵو پێیوایە بڕیاری هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی هەڵەیەو لەناو خودی هەرێمیشدا لایەنە سیاسییەكان مشتومڕیانە لەسەر ئەو بابەتە، وتی''بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوێوە بەدەستمان گەیشتووە، گەل هیچ جۆش‌و خرۆشێكی نییەو بایەخی پێنادات. خەمی خەڵك ئابوورییە. كیشەی جددیی ئابووریی هەیە."

 

ئەو هەڵوێستانە دژی ڕیفراندۆم لە كاتێكدان بەرپرسانی هەرێم، بەردەوام دەڵێن، ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، بەڵام هەڵوێستی دوو وڵات جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەوانیش ئێران‌و توركیان‌و ئێران بە تووندتر ناودەبەن.

 

ئێران‌و توركیا لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانیان بەردەوامن بۆ یەكخستنی تێڕوانینەكانیان لەسەر ڕوداوەكانی ناوچەكە لەوانە پرسی ڕیفراندۆم، بڕیاریشە بەمنزیكانە ئەردۆغان سەردانی تاران بكات.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 6-7-2017 وڵاتانی دەرەوە هەڵوێستی جیاوازیان پیشاندا، تائێستاش تەنها ئیسرائیل پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش 11ی ئەم مانگە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی لە مەسعود بارزانی كرد.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو بەهەمانشێوە داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.

 

هەرلەسەر ئاستی ناوخۆ، 8ی ئەم مانگە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ڕاگەیەندرا كە لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتوون‌و داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.