بارزانی: نە خۆم‌و نەهیچ خزمێكم كاندید نابین بۆ سەرۆكایەتی هەرێم

20-08-2017 02:30
بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25-9دا.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، نە خۆی‌و نەهیچ خزمێكی كاندید نابن بۆ سەرۆكایەتی هەرێم كە بڕیارە 1-11 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەوەشدەخاتەڕوو، هیچ بەڵێنێكی بە ئەمەریكا نەداوە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم‌و لەكاتی خۆیدا پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت.

 

ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتووە لەگەڵ ڕۆژنامەی عوكازی سعودی كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوەو تێیدا بارزانی لەسەر چەند تەوەرێك وەڵامی پرسیارەكانی ڕۆژنامەكە دەداتەوە.

 

لەسەر پرسی ڕیفراندۆم‌و لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە داوای دواخستنی پرسەكەی كرد، بارزانی دەڵێت"ڕەزامەندیمان نەداوە لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵام ڕازی بووم لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكرێت بۆئەوەی دانوستاندن لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بكرێت كە ئایندەیەكی باشتر بۆ هەردوولا دەستەبەربكات."

 

لەبارەی دواخستنی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت، بارزانی دەڵێت"ئەمە بە هیچ شێوەیەك ڕوونادات" وتیشی"ڕەنگە لەو هەلومەرجەی ئێستاداو بەو گوشارانەی هەن بۆ ماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ شەریك بمێنینەوە، بەڵام تا ئەوكاتەی سیاسەتی بەغدا بەرامبەر كوردستان نەگۆڕێت‌و مافە بنەڕەتییەكانمان ڕەتبكرێنەوە، ئەو شەراكەتەش شكستدەهێنێت."

 

لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیش بارزانی جارێكی دیكە بزوتنەوەی گۆڕان تۆمەتبار دەكات بە شكاندنی تەوافوق‌و هەوڵدان بۆ "كودەتا" ئەوەشدەخاتەڕوو، لەئێستاداو دوای‌ نەمانی‌ مەترسی داعش، "دەكرێت سەرۆكی‌ پەرلەمان بگەڕێتەوەو پەرلەمان كۆببێتەوە، ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی‌ گۆڕاندایە."

 

لە 12-10-2015وە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی ڕێگری كرا لەسەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەركارەكەی لە هەولێر، لەو كاتەوە پەرلەمان پەكخراوەو كۆبوونەوەی نەكردووە، پارتی ئێستا تەواوی مەرجەكانی وەلاناوە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان لەپێناو پشتگیریكردن لە ڕیفراندۆم، چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ پارتی‌و گۆڕان لەسەر ئەوپرسە كۆببنەوە.

 

بارزانی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا باسلە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان دەكات لە 1-11-2017و دەڵێت"داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێممان كرد لە 1ی تشرینی دووەمدا، نە خۆم‌و نە هیچ خزمێكم كاندید ناكەم."

 

لەبارەی هەڵوێستی ئێران‌و توركیا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم كە ئەو دوو وڵاتە بە توندی دژایەتیی پڕۆسەكە دەكەن، بارزانی باسیلەوەكردووە كە هەرێمی كوردستان بۆئەو دوو وڵاتەی سەلماندووە كە مایەی هەڕەشە نییەو دەیەوێت پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵیاندا هەبێت.

 

"پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمدا هەڕەشە نەبوون بۆسەر توركیاو بەپێچەوانەوە پێشكەوتنی دۆخی ئەمنیی و سیاسی و ئابووری لە هەرێم لە بەرژەوەندی توركیایە و یارمەتیدەری سەقامگیری دۆخی توركیایە، بەرژەوەندی گەورەی ئابووری لەنێوان هەرێم و توركیا هەیە لەڕووی بازرگانییەوە."بارزانی وا دەڵێت.

 

لەبارەی ئێرانیشەوە دەڵێت"دەمانەوێ پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش‌و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت. ناشمانەوێ هیچ لایەك دەستتێوەردان لە كاری ئەوی دیكەدا بكات."

 

سووربوونی بارزانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لەكاتێدایە فشاری وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە بۆ پاشگەز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لەو پڕۆسەیە.

 

ئێران زیاتر لە توركیا بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.

 

سەردار حسێن باقری سەرۆكی ئەركانی گشتیی هێزی چەكداریی ئێران، كۆتایی هەفتەی ڕابردوو دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرە، ڕایگەیاند"گرینگترین پرسەكان لە ڕوانگەی بەرپرسانی دوو وڵات پرسی بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە مانگی سێپتەمبەر بوو كە هەر دوو وڵات لەسەرئەوە پێداگر بوون كە بەڕێوەچوون و ئەنجام گرتنی ئەو كارە دەبێتە بنەمایەك بۆ ئاژاوەو پێكدادانی ناوخۆیی لە عێراق‌و دەرئەنجامەكانیشی داوێنی وڵاتانی دەورووبەر دەگرێتەوە."

 

باقری وتیشی"ئەو بابەتە دەبێتە هۆی تێوەگلانی وڵاتانی عێراق، توركیا و ئێران‌و هەر بەو هۆیەش بەرپرسانی دوو وڵات جەخت لە نامومكین بوونی ئەو كارە دەكەن‌و نابێت بەڕێوەبچێت."

 

هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە مافێكی ڕەواو سروشتیی گەلی كوردستان دادەنێت‌ كە جگە لە خەڵكی كوردستان هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بكات.

 

بەر لەو لێدوانەی سەرلەشكر باقری، مەولو چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕیفراندۆمی كوردستانی بە مەترسی ناوبردو ڕایگەیاند، پلانی ڕیفراندۆمی كورد بارودۆخی ناوچەكە خراپتر دەكات‌و ڕەنگە سەربكێشێت بۆ "شەڕی ناوخۆیی."

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 6-7-2017 وڵاتانی دەرەوە هەڵوێستی جیاوازیان پیشاندا، تائێستاش تەنها ئیسرائیل پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش 11ی ئەم مانگە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی لە مەسعود بارزانی كرد.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو بەهەمانشێوە داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.

 

هەرلەسەر ئاستی ناوخۆ، 8ی ئەم مانگە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ڕاگەیەندرا كە لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتوون‌و داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.