وردەكاریی ڕفاندن‌و ئازادكردنی فەرهاد سەنگاوی لەزاری خۆیەوە

20-08-2017 03:44
كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی فەرهاد سەنگاوی دوای ئازادكردنی.

 

پەرەگراف

 

چەكدارانی نەناسراو لە شاری سلێمانی فەرهاد سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڕفێنن‌و دوای چەند كاتژمێرێك ئازادی دەكەن، نوسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی بەڵگەی لەبەردەستدایە كە سەرەداوی ڕفێنەران بدۆزرێنەوە.

 

سەنگاوی كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"یە دوای ئازادكردنی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە نوسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی، چۆنێتی ڕفاندنەكەی گێڕایەوەو باسیلەوەكرد پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كاتێك لەماڵی برایەكی بووە لە گەڕەكی كانی با، چەند چەكدارێكی نەناسراو چوونەتەسەر ماڵەكەو ڕفاندویانە.

 

سەنگاوی ئەوەی خستەڕوو، لەكاتێكدا لەحەوشەی‌ ماڵی براكەی دانیشتووەو چاوەڕوانی چەند میوانێكی كردووە، پێنج-شەش كەس چوونە ژوورەوە، وتی"منیش وامزانی‌ میوانەكانن دەستم برد تەوقەیان لەگەڵ بكەم، بەڵام ئەوان هەردوو دەستیان گرتم‌و بردیانم بۆ بەردەم‌ دەرگاو وتیان دەتبەین بۆ مەكتەبی سیاسی، منیش نەمزانی‌ مەبەستیان مەكتەبی سیاسی كام حزبە، بەپەلە سواری‌ ئۆتۆمبیلەكەیان كردم‌و شتێكیان كرد بەسەرمدا بۆ ئەوەی‌ كەس نەمناسێتەوە."

 

بەوتەی فەرهاد سەنگاوی، بە ئۆتۆمبێلەكە زۆر سوڕاونەتەوەو گەڕاون لەوكاتەدا "یەكێكیان وتی‌ بادەرزییەكی‌ لێبدەین و لەكۆڵمان بێتەوە، یەكێكی‌ تریان وتی‌ با بیبەین بۆ سەڵاحەدین، نازانم مەبەستیان كوێ بوو، بەڵام من ئێستاش نازانم ئەوان چ حزبێك بوون‌و مەبەستیان لەو قسانە چی بوو، ناتوانم هیچ لایەنێك تۆمەتبار بكەم" سەنگاوی لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا وتیشی"لەكۆتاییدا یەكێكیان وتی‌ تۆ ڕێزت هەیەو ئۆتۆمبێلێكی‌ مەكتەبی سیاسیت لەلایە بۆمان بهێنەوە، منیش وتم كاكە بۆتانم دەهێنایەوە، پێویستی‌ نەدەكرد بەم شێوەیە، ئەویش وتی‌ لەماوەی‌ 24 كاتژمێردا بۆمان بگەڕێنەوە كوا ئۆتۆمبێلەكە، منیش وتم وەرگەڕاوەو هەموو كەس ئەوەدەزانێت، ئەگەرمابوو بۆتان دەنێرمەوە، ئەوانیش وتیان ئەگەر نەشمابوو شتێكی‌ ترمان بۆ بهێنەرەوە."

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت"دەموچاوی كەسیانم نەناسی، من چەند سەیارەیەكم لەبەردەرگا بینی، دواتر كە هاتمەوە وتیان لە كۆڵانەكانی دیكەشدا ئۆتۆمبێل وەستاوە‌و تەنانەت باسی ئەوەشیانكرد كە دۆشكەشیان پێ بووە، باسی ئەوەیانكرد دوای ئەوەی كە منیان بردووە هاتوون كامێرای ماڵەكانی دەوروبەریان بردووە"فەرهاد سەنگاوی وای وت، لەبارەی جلوبەرگی ئەوكەسانەی ڕفاندویانە وتی"جلی ئاساییان لەبەردا بوو."

 

سەنگاوی یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" كە داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكات، جوڵانەوەكە فشاری جۆراوجۆری لەسەرە‌و لەو چوارچێوەیەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی 10ی ئەم مانگە لە بـڕیـارنامـەیەكدا فەرهاد سەنگاوی لە ڕیزەكانی دەركرد.

 

فەرهاد سەنگاوی پێیوابوو ڕووداوەكە تەنها پەیوەندی بە ئەندامێتی ئەو لە جووڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا نەبووە، وتی"تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە، بەڵام دەكرێ ئەویش دەوری هەبووبێت" دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕفاندن‌و ئازاردانی، فەرهاد سەنگاوی لە گەڕەكی قڕگەی سلێمانی لەلایەن ڕفێنەرانەوە ئازاد كراوە.

 

سەنگاوی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆیدا ڕووەو یەكێتی نیشتمانی وتی"ئۆتۆمبێلێكی شڕیان لەلامە، دەچم لەبەردەم مەكتەبی سیاسیدا ئاگری تێبەردەدەم بۆئەوەی هەموو خەڵك بیبینێت."

 

ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەتوندی ئیدانەی ڕفاندنی فەرهاد سەنگاوی دەكەن‌و داوادەكەن دەستبەجێ ئەوكەسانە بدۆزرێنەوەو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، دەشڵێن، بۆدۆزینەوەیان بەڵگە لەبەردەستدایە.

 

سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی فەرهاد سەنگاویدا ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی كراوە هیچ پاساوو بەهانەیەكی نییە، دەستدرێژی بۆسەر ئەندام پەرلەمان دەستدرێژییە بۆسەر خەڵك‌و شكۆی دامەزراوەی پەرلەمان.

 

"تاكاتژمێر 10:54 خولەك كاك فەرهاد لێرەبووە، كاتێك لەگەڵ ئۆتۆمبێل‌و شۆفێرەكەی دەڕوات ئۆتۆمبێلێكی گومانلێكراو كە ژمارەی دیارە شوێنی دەكەوێت، ئەوە سەرەداوێكی زۆرباشە ئەگەر لە شوێنی ڕفاندنیشی بوترێت كامێرا نەبووە، نوسینگەی پەرلەمان بەڵگەی ئەوەی لەبەردەستدایە كە سەرەداوی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بدۆزرێنەوە كە تاوانی ڕفاندنی ئەندام پەرلەمانە‌و تۆقاندن لە هەرێم بڵاودەكاتەوە، من داواناكەم‌و پێویستە دەستبەجێ دەزگای ئەمنی‌و هەركەسێك بەناویەوە ئەم تاوانە كراوە ئاشكرا بكرێ‌و دەستگیربكرێت، سەرەڕای ئیدانە دەبێت لێپێچینەوەو لێپرسینەوە بكرێت"سۆران عومەر وای وت.

 

هاوكات عەلی حەمەساڵح ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان، باسیلەوەكرد ڕفاندنی فەرهاد سەنگاوی ئەوەدەڵێت كە هیچ كەسێك لەم وڵاتە پارێزراو نییە، "ئەگەر وا بەرامبەر فەرهاد سەنگاوی بكرێت كە پەرلەمانتارەو پیاوێكی شۆڕشگێڕە، ئەبێت چی بەرامبەر خەڵكی ئازادیخواز بكرێت."

 

عەلی حەمەساڵح وتیشی"زۆر بەڕونی دەیڵێین بەڵگە زۆرە كە كێن، ئەمانە یەك كەس‌و دووكەس نەبوون، دامەزراوە بوون‌و هێزی چەكداربوون، ئەگەر نەدۆزرێنەوە دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی كە مەحسوبن لەسەر یەكێتی نیشتمانی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە خەڵكی بەڕێزی تێدایە بەرپرسن لەوەی كە ئەمانە بدۆزنەوە."

 

دوای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی فەرهاد سەنگاوی، هەر لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی پەرلەمانتارانی هاوڕێی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو ئەوەیان خستەڕوو، تكایان لە فەرهاد سەنگاوی كردووە كاردانەوەی نەبێت.

 

عومەر عینایەت پەرلەمانتاری گۆڕان وتی"كاك فەرهاد زوڵمێكی گەورەی بەرامبەركراوەو ئیدانەمانكردووە، باسی ئەوەیكرد بچێت لە كاردانەوەدا ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی بسوتێنێت، دواتر گفتوگۆمان لەگەڵ كردو سەرۆكی پەرلەمان تەكلیفی لێكرد، وتی خۆم دەكوژم ئێمە دەست‌و چاویمان ماچكرد ئەو كارە نەكات‌و كەس چاوەڕێ نەبێت كاك فەرهاد كاردانەوەی وای هەبێت."

 

هەروەها عەلی حەمەساڵح ئەوەی خستەڕوو، فەرهاد سەنگاوی پەشیمان نەبووەتەوە، بەڵام خزم‌و كەسوكاری بە "چەكەوە" هاتوون ئەگەر ئەوكارە بكات لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی كێشەكە گەورەتردەبێت، وتیشی"لەلایەن بەرپرسی باڵای ئەمنییەوە پەیوەندی بە ئێمەوە كراوە كە دەزانن كێیە ئەوەی كردووە، واتە ئێستا بەرپرسانی باڵای یەكێتی دەزانن كێیە ئەمەی كردووەو كاك فەرهاد چاوەڕێی ئیجرائاتی ئەوانە."

 

عەلی حەمەساڵح وتیشی"دەزانرێ كێیەو لەچەند ڕۆژی ئایندەدا ئاشكرا دەبێت، كاك فەرهاد خۆشی دەزانێت."

 

تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی هیچ لێدوان‌و ڕوونكردنەوەیەكیان نییە لە بارەی ڕفاندنی فەرهاد سەنگاوی.