وتەبێژی پارتی: 6 خاڵمان داوەتە گۆڕان بۆ دیراسەو گفتوگۆ لەسەر كردن

21-08-2017 06:04

 

پەرەگراف

 

پارتی پاكێجێكی 6 خاڵی ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ دیراسە‌و گفتوگۆ لەسەر كردن، پێشتريش گۆڕان 5 خاڵی بڵاوكردەوە كە  داواكاریی ئەوانە بۆ جێبەجێ كردن.

 

كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان گۆڕان‌و پارتی كە ماوەی 2 ساڵە ناكۆكی توند لەنێوانیاندا هەیە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، شاندی پارتی لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی‌و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە پێك هاتبوون، شاندی گۆڕان عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی‌و ژمارەیەك ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە بوون.

 

مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی‌و ئەندامی شاندی ئەو حزبە، دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشكراكرد كە 6 خاڵیان ئاڕاستەی گۆڕان كردووە بۆ دیراسەو گفتوگۆ لەسەر كردن.

 

وەك وتەبێژەكەی پارتی خستیەڕوو، خاڵەكان بریتین لە:

 

یەكەم: ئاسایكردنەوەو ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕان.

 

دووەم: ئاساییكردنەوەی كاری پەرلەمانی دوای ئەوەی مەرجەكانی پێشوومان لابرد.

 

سێیەم: پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم.

 

چوارەم: هەوڵدان بە هەموو لایەنەكان بۆئەوەی پاڵپشتی حكومەت بكەین بۆچاككردنی بژێوی خەڵك، هەموو تواناكانی حزبی لەدەرەوەو ناوەوە بەكاربێنین بۆ ئەوەی بتوانن موچەو بژێوی هاوڵاتیان چاكبكرێت.

 

پێنجەم: زەمینەیەكی لەباری سیاسی‌و ئیعلامی ئامادەبكەین بۆئەوەی هەڵبژاردنەكان لە كەشوهەوایەكی باش ئەنجامبدرێت لەكاتی خۆیدا.

 

شەشەم: پاڵپشتی دەزگا پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆئەوەی بتوانێت باشتر ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوەو شافافیەت زیاتربێت.

 

ئەوە 6 خاڵە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان 12ی ئەم مانگە لەو كۆبوونەوەیەیدا كە ڕەزامەندی پیشاندا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، 5 خاڵی بۆ ڕایگشتی ڕاگەیاند كە بزوتنەوەكە داوای جێبەجێ كردنیان دەكات، لە یەكێك لە خاڵەكاندا گۆڕان بە پێویستی دەزانێت پرسی ڕیفراندۆم بۆ كات‌و هەلومەرجێكی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.

 

بۆ پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، پارتی تەواوی مەرجەكانی خۆی لابردووە، بەڵام دەیەوێت كاراكردنەوەكە لە خزمەت پڕۆسەی ڕیفراندۆمدابێت كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێ‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتیان كردووە.

 

وتەبێژەكەی پارتی لەبارەی داواكارییەكانی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیاندا وتی"داوادەكەن هەموو ئەو بابەتانەی هەیان بووە هەمویان لێ قەبوڵ بكرێت ئەوكات پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە، ئێمە دەڵێین پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەموو شتەكان بكەین."

 

لەبارەی 6 خاڵەكەی پارتی بۆ گۆڕان، مەحمود محەمەد ئەوەی خستەڕوو، ئەوخاڵانەیان داوەتەدەست گۆڕان بۆئەوەی دیراسەی بكەن، "پێمانوتن چاوەڕوانین ئەگەر پێتان باش بوو دەرگامان كراوەیە بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكەین."

 

دەقی ئەو 5 خاڵەی بزوتنەوەی گۆڕان 12ی ئەم مانگە ڕایگەیاند:

 

یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچە، كە حكومەتی هەرێم بە نایاسایی بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاندویەتی.

 

دوەم: دەستەبەركردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت‌و غازو داهاتە ناوخۆییەكانی تر لە رێگای جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی (٢٠١٥)ی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی‌و گازییەكانی كوردستان‌و یاسا كارپێكراوەكانی وەزارەت‌و دەستەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی كۆمپانیاو كاسبكاران‌ بدرێتەوەو پارەی پرۆژە پەكخراوەكان خەرج بكرێ‌و خزمەتگوزاری لە هەمو كەرتەكاندا چاكبكرێت.

 

سێیەم: راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ئامانجی هەمو خەڵكی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە. ریفراندۆم ئامرازێكە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (٢٥/٩/٢٠١٧) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و كۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ كات‌و هەلومەرجێكی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.

 

چوارەم: پەرلەمانی كوردستان، دوای رێكەوتنی سیاسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان، ئاسایی بكرێتەوەو درێژە بە كاری یاسادانان‌و چاودێری بدات‌و بەردەوام بێت لە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی لە كوردستان.

 

پێنجەم: هەڵبژاردنە گشتییەكان لە وادەی یاسایی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.