بارزانی: بەهیچ شێوەیەك ڕیفراندۆم دواناخرێ‌و ئەو خوێنەی كە ڕژاوە دەبێت بەرهەمی هەبێت

22-08-2017 03:44
"ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە بۆ 2005 من هەرگیز سەرۆكایەتی هەرێم ناكەم"

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی جارێكی دیكە تەئكید دەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك ڕیفراندۆم دواناخرێت‌و ئەو خوێنەی خەڵكی كوردستان ڕشتویەتی دەبێت بەرهەمی هەبێت، دووپاتیشی دەكاتەوە خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم كاندید ناكاتەوە.

 

ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هات لەگەڵ پێكهاتەكانی كوردستان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كە سەرباری فشاری ناوخۆیی‌و دەرەكی بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

بارزانی تەئكیدی كردەوە بەهیچ شێوەیەك ڕیفراندۆم دواناخرێت‌و كارێكی لەوشێوەیە، میسداقییەتی میللەت‌و ئەوانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەبارەی سەردانی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا ئەوەی خستەڕوو، شاندەكە بۆئەوە نەچووە گفتوگۆ لەسەر ئەوەبكات ماددەكانی دەستور جێبەجێ بكرێن، وتی"چوون بۆئەوەی ببینە دوو دراوسێی باش."

 

لەمیانی وتەكانیدا بارزانی باسیلەوەشكرد، لەو بڕوایەدا نییە وڵاتانی دراوسێ لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمدا سنورەكانیان دابخەن، وتی"سەركێشیی نەهاویشتنی ئەم هەنگاوە زۆر مەترسیدارترە لەوەی چاوەڕوان بكەین" وتیشی"تائێستا هیچ دەوڵەتێك نەهاتووە بڵێت من دژم، ئەڵێن كاتەكەی گونجاونییە، ئێمەش دەپرسی ئەی كەی كاتیەتی؟"

 

سووربوونی بارزانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لەكاتێدایە فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا بەردەوامە بۆ پاشگەز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لەو پڕۆسەیە.

 

بارزانی پێیوایە پرسی ڕیفراندۆم لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان وەستاوەو ئەگەر ئیرادە بەهێزبێت خەڵكی دیكەش ڕێزی دەگرێت، هەروەها دڵنیاییدا لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستان.

 

بارزانی باسیلە شەڕی داعش كردو ئاماژەی بەوەكرد قوربانیدانەكانی گەلی كوردستان بۆئەوە نییە، جارێكی دیكە چارەنوسی كورد بدرێتە دەست ئایندەیەكی نادیار، وتی"ئەم خوێنەی كە ڕژاوە دەبێت بەرهەمی هەبێت."

 

مەسعود بارزانی كە لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە، لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام تائێستا بەردەوامە، ئەمڕۆش جارێكی دیكە تەئكیدی كردەوە كە لەهەڵبژاردنی داهاتوو خۆی كاندید ناكاتەوە.

 

"ئەگەر زەمەن بگەڕێتەوە بۆ 2005 من هەرگیز سەرۆكایەتی هەرێم ناكەم، ڕەنگە گەورەترین هەڵەی ژیانم كە من بە خۆمدا بچمەوە ئەوەبوو كە نەدەبوا من سەرۆكایەتی هەرێم بكەم، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرو وەزیرەكان فەرمانبەرن بە پلەی جیاواز، بەڵام من پێشمەرگەم پێشمەرگایەتی نە پێویستیم بە پشتگیری‌و ڕەزامەندی كەس هەیە، خۆ ناچم دانیشم لەماڵ هەوڵدەدەم یارمەتیدەرو هاوكاربم" بارزانی وای وت.

 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت سیستمێك بۆ كوردستان دابنرێت كە هاتنی كەسێك‌و ڕۆیشتنی كەسێك كاریگەری لەسەر ژیان‌و چارەنوسی خەڵك نەبێت، "ئەوەش بە دەستورێك دەبێت كە پێكهاتەكان بەشداردەبن لە نوسینەوەو جێبەجێ كردنی."