بارزانی بۆ وەزیری بەرگری ئەمەریكا: دەبێت بەدیلی بەهێزتر هەبێت بۆ هەر داوایەكی دواخستنی ڕیفراندۆم

23-08-2017 12:20
پێشوازیی بارزانی لە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا.

 

پەرەگراف

 

وەزیری بەرگری ئەمەریكا نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی گەیاندە مەسعود بارزانی لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستان‌و ئەوە دەخاتەڕوو، ڕیفراندۆم دوور بووە لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی‌و وای بۆ دەچن ڕەنگە ئەو پڕۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات، بارزانیش لەو بارەیەوە دڵنیایی دەدات.

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكاو مەسعود بارزانی خستەڕوو كە لە هەولێر بەڕێوەچوو كە تێیدا گفتوگۆكراوە لەسەر شەڕی داعش‌و پرسی ڕیفراندۆم لە كوردستان.

 

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا تێگەیشتنی خۆی بۆ ماف‌و داواكاریی گەلی كوردستان‌و مێژوو و خەبات‌و نەهامەتییەكانی خستۆتەڕوو، "ئاماژەیشی بە نیگەرانییەكان و هەڵوێستی وڵاتەكەی لە هەمبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا و ڕایگەیاند كە ڕیفراندۆم دوور بوو لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی و ئەمەریكا وای بۆ دەچێ كە ڕەنگە ئەو پڕۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات و كێشەیش بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بكات."

 

لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی دڵنیایی ئەوەیداوە كە ڕیفراندۆم "بە هیچ شێوەیەك كێشە بۆ شەڕی تیرۆر دروست ناكات" هەروەها وتویەتی"هەر داوایەك بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێ بەدیلی هەبێت و ئەو بەدیلەیش دەبێ بەهێزتر بێت لە ئامرازی ڕیفراندۆم."

 

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم لەبارەی كۆبوونەوەكە

 

ڕۆژی سێشەممە 22ـی 8ـی 2017 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێمز ماتیووس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و دۆگلاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا.

 

لە دیدارەكەدا كە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە ئیداری و سیاسی و سەربازییە باڵاكانی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەروەكچۆن لە سەرەتاوە لەسەر شەڕی تیرۆر سوور بووین لە ئێستا و لە داهاتوویشدا پێداگیر دەبین لە دژایەتیكردنی تیرۆر. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە ئازادبوونی موسڵ بە مانای تەواوبوونی داعش نییە و تیرۆر هەڕەشەیەكی بەردەوامە كە سنوور ناناسێ بۆیە هەمیشە پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر هەیە بۆ ئەوەی تیرۆر تێكبشكێت و كاریگەریی نەمێنێت.

 

دواتر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ئامانجی هاتنی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هێزی پێشمەرگە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە لە قەڵەمدا و ئەوەی دووپات كردەوە كە بە بێ پێشمەرگە سەركەوتن لەدژی تیرۆریستان بەدی نەدەهات و سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر ڕووبەبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕاگەیاند و ئەوەیشی باس كرد كە بۆ ئەمەریكا شانازییە كە پشتیوانی پێشمەرگە بووە و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا زۆر گرنگە بۆ مسۆگەر كردنی سەركەوتن و ویستی وڵاتەكەیشی خستەڕوو بۆ پابەندبوون و بەردەوام بوون لەبەرانبەر دوژمنی هاوبەش كە تیرۆرە.

 

پرسی ڕیفراندۆم و مافی گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا تێگەییشتنی خۆی بۆ قووڵایی ماف و داواكاریی گەلی كوردستان و مێژوو و خەبات و نەهامەتییەكانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە نیگەرانییەكان و هەڵوێستی وڵاتەكەی لە هەمبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا و ڕایگەیاند كە ڕیفراندۆم دوور بوو لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی و ئەمەریكا وای بۆ دەچێ كە ڕەنگە ئەو پڕۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات و كێشەیش بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بكات. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دانوساندنی نێوان هەولێر و بەغدای بە بابەتێكی باش زانی و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پشتیوانی دانوساندن و حیواری بەردەوامی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات.

 

هەر سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ڕیفراندۆم بابەتێكی شەخسی نیە و مافی گەلە و لەگەڵ هیچێك لە پڕەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی ناكۆك نییە و بە هیچ شێوەیەك كێشە بۆ شەڕی تیرۆر دروست ناكات. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانی كرد لە ژیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی دەستوور و نەمانی پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و گوتیشی دەستووری عێراقیش ئەو مافەی بە گەلی كوردستان داوە كە لە دیباچەكەیدا بەڕوونی ئاماژە دراوە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی.

 

سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند یەكگرتنی بەزۆر هیچ كات سەركەوتوو نەبووە و ئێمە یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان هەڵبژارد بە مەرجی شەراكەت بەڵام چونكە شەراكەت سەری نەگرت و لەپێناو ڕێگەگرتن لە كێشەی قووڵتر دەمانەوەێ وەك دوو جیرانی باش لە تەنیشت یەكتر بژیین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر داوایەك بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێ بەدیلی هەبێت و ئەو بەدیلەیش دەبێ بەهێزتر بێت لە ئامرازی ڕیفراندۆم.

 

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان شێوازی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بۆ مسۆگەر كردنی مافەكانی گرتووەتەبەر و لە دانوساندن بەردەوام دەبێت بۆ دیاریكردنی سرووشتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق و بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەت كە هەردوولا وەك جیران لەگەڵ یەكتردا بژیین.

 

لە كۆتاییدا هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی دووقۆڵی.