ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بەردەوامەو ئامارەکانی بڵاودەکاتەوە

16-01-2017 05:41
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ

پەرەگراف


ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات پێشڕەوییەکانی قۆناغی دووەمی ئاشکراکرد کە توانیویانە 2 هەزارو 480 کیلۆمەتر چوارگۆشە ئازادبکەنەوەو 620 چەکداری داعشیش کوژراون و هەزاران هاوڵاتیش ڕزگارکراون.

 

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، لە گوندی حاجی عەلی سەربە ڕەقە، جیهان شێخ ئەحمەد وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوڕات، بەرەوپێشچوونەکان و ئامارەکانی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکراکرد. ئەوەش بەپێی ئاژانسی هاوار نیوز.

 

بەپێی ئامارەکە لە دووەمین قۆناغی ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوراتدا کە بۆ ڕزگارکردنی رەقە و دەوروبەری دەستیپێکردووە، ناوچەیەکی 2 هەزارو 480 کیلۆمەتر چوارگۆشەیی کە 196 گوندو دەیان کێڵگە لەخۆ دەگرێت لە چەکدارانی داعش پاکراوەتەوەو ڕزگارکراون، هەروەها 620 چەکداری داعش کوژراون.

 

لەبەشێکی دیکەی ئامارەکاندا هاتووە لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە 250 گەنج کە خەڵکی رەقە و دەوروبەرین پەیوەندییان بە شەڕڤانانی ئۆپەراسیۆنەکەوە کردووە.

 

ئامارەکە شەهیدبوونی ٤٢ شەڕڤانی تێدایە، کە سێ شەڕڤانیان خۆبەخشبوون و بەڕەگەز بەریتانی و کەندەی و ئەمریکی بوون، هەروەها سێ شەڕڤانیش ئەندامی مەجلیسی لەشکری سریانی بوون، و شەهیدانی دیکەش لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب بوون.

 

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکهێنەری سەرەکییەتی‌و نیوەی شەڕڤانانی هاوڵاتی بەڕەگەز عەرەبن، بە پشتیوانی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەقە بەڕێوەدەبەن‌و تا ئێستا ناوچەیەکی بەرفراوانیان ئازادکردوەتەوە.