یەكێتی: دەركردنی بەهرۆز گەڵاڵی بەهۆی شكستی ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگری توركیا بووە لە سلێمانی

24-08-2017 06:11
بەهرۆز گەڵاڵی‌و خێزانەكەی دوای گەیشتنەوەی بۆ سلێمانی. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

وتەبێژی فەرمی یەكێتی هۆكاری دەركردنی نوێنەری حزبەكەی لە توركیا ئاشكرادەكات‌و دەڵێت، توركیا ئۆپەراسیۆنێـكی هەواڵگری لە سنوری سلێمانی ئەنجامداوەو بە زیانی خۆیان كۆتایی هاتووە، هەربۆیە نوێنەری حزبەكەی باجی ئەو شكستەی توركیا دەدات.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە لەگەڵ خێزانەكەی گەیشتنەوە سلێمانی، ئەوەش دوای ئەوەی توركیا داوای لێكردبوو ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.

 

گەڵاڵی لەكاتی گەیشتنەوەی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامداو ئەوەی خستەڕوو، توركیا ئاگاداریان كردووەتەوە كە نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمنیی سلێمانی‌و داوایان لێكردووە لەماوەی 3 ڕۆژدا مەكتەبی یەكێتی لە توركیا دابخرێت تا ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.

 

"لە ماوەی ڕابردوودا ڕووداوێك لە سلێمانی دروستبووە كە ڕەنگە هەڵەی یەكێتی تێدابووبێت، بەڵام زیاتر هەڵەی خۆیان بووە"گەڵاڵی وای وت، بەبێ ئەوەی ئامادەبێت وردەكاریی ئەو ڕووداوە ئاشكرابكات، وتیشی"یەكێتی باجی هەڵوێستەكانی هەمیشە داوە، پێویستە لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكانی سنوری یەكێتی وای لێنەیەت ببێتە شوێنی تەراتێنی وڵاتان."

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا نوێنەرایەتی لە توركیا نییەو حزبەكان نوێنەرایەتییان كردووەتەوە، بەهرۆز گەڵاڵی ماوەی 17 ساڵە نوێنەری یەكێتییە لە ئەنقەرە.

 

ئەمڕۆش سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەی دەركردنی نوێنەرەكەی یەكێتی لە ئەنقەرە باسیلەوەكرد، زۆر جار حزبەكەی نرخی سیاسەتی كوردستانی‌و هاوكاری نەكردنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە دەدات، وتی"ئەم جارەش هەمان شتە كە كردەوەیەكی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی لەلایەن توركیاوە كراوەو سەركەوتوو نەبووەو بە زەرەری توركەكان تەواوبووە."

 

سەعدی پیرە بۆ دەنگی ئەمەریكا ئەوەشی خستەڕوو، كاربەدەسـتانی توركیا یەكێتی تۆمەتباردەكەن بەوەی هاوكاری نەكردوون لەو كردەوەیەدا، وتیشی"یەكەم توركیا مافی ئەوەی نییە لە وڵاتێكی دیكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات، دووەم كەسیان ئاگادارنەكردووەتەوە و خۆیان خەریكی بەرنامەیەك بوون كە تیایدا سەرنەكەوتوون، لەبری ئەوەی دانبنێن بە شكستەكەیان دەیانەوێت قەیرانێك دروستبكەن بۆ ئەوەی شكستەكەیان بشارنەوە، بۆیە بەهرۆز گەڵاڵی و بنەماڵەكەی باجەكەی دەدەن."

 

لەبارەی ئەو كردەوە هەواڵگرییەی توركیا ئەنجامیداوە، وتەبێژەكەی یەكێتی وتی"ئۆپەراسیۆنەكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بووە، من وردەكاری ئەم پرسە ناتوانم باس بكەم."

 

ناردنەوەی نوێنەرەكەی یەكێتی لە توركیا لەكاتێكدابوو شەوی ڕابردوو سەعدی پیرەو قوباد تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی یەكێتی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوونەوە كە بەسەردانێك لەشاری هەولێر بوو.

 

"لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆمان كردووە كە كاربكەین لەسەر چارەسەركردنی ئەو كێشەیەو هیوادارم بتوانین چارەسەری بكەین"وتەبێژەكەی یەكێتی وای وت.

 

یەكێتی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پەكەكەو هەدەپەو حزبە كوردییەكان لە باكوری كوردستان هەیە، سەعدی پیرەو بەهرۆز گەڵاڵی پێیانوایە ئەو پەیوەندییانەش كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكەی توركیا هەبووە بۆ داخستنی نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنقەرە.

 

"پشتیوانی لە هەدەپەو پەیەدەو گوێنەدانە داخوازییە ناڕێكەكان هەمووی هۆكارن‌و ئێمەش پەشیمان نین لەو هەڵوێستانەمان"سەعدی پیرە وای وت، وتیشی"لەهەندێك بابەتدا برایانی پەكەكە ئیستیغلالی وەزعەكە دەكەن."