توركیاو بەغدا هەڵوێستی خۆیان ئاشكراكرد دەربارەی بڕیارەكەی كەركوك بۆ ڕیفراندۆم

29-08-2017 06:38
هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر قەڵای كەركوك، 20-3-2017. فۆتۆ؛ كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ بەشداری پارێزگاكە لە ڕیفراندۆم بە پێشێلكارییەكی مەترسیداری دەستور ناودەبات، بەغداش دژی دەوەستێتەوە.

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەبێ بەشداری پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان بڕیاریاندا ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بڕیارەكە لەلایەن لیستی برایەتییەوە درا كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكانی كوردن.

 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئەو بڕیارە، بە پێشێلكاری مەترسیداری دەستوری عێراق ناودەبات‌و پێیوایە ئەو هەنگاوە"ئەڵقەیەكی نوێیە لە زنجیرە هەڵەكان"، وادەی ڕیفراندۆمیش لە ئەیلولی ئەمساڵدا خۆی هەڵەیە.

 

ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەنقەرەش كردووە كە بە حكومەتەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەویش نیشاندانی نیگەرانییە دەربارەی ئەو بڕیارانەی هەرێم دەریاندەكات.

 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا جەختیكردۆتەوە، سور بوون‌و بەردەوامی بەرەو ئەو "ئاڕاستە مەترسیدارە" خزمەتی هەرێم‌و عێراق ناكات، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە قبوڵناكرێت‌و لە بەرژەوەندی بەدیهێنانی ئاشتی‌و سەقامگیری نییە لە ناوچەكەدا.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە نوێنەرانی توركمان‌و حزبە توركمانییەكانی كەركوك، ئەمڕۆ بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگایان ڕەتكردەوە لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پارێزگای كەركوك‌وو جەختیانكردەوە لەوەی لیستی برایەتی‌ باوەڕی بەكاری هاوبەش نەماوە.

 

هاوكات سەعد حەدیسی وتەبێژی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ فرانس پرێس دژایەتیی بەغدای بۆ بڕیارەكەی ئیدارەی كەركوك پیشاندا، وتی"کەرکوک یەکێکە لە‌و پارێزگایانەی پەیوەندی بە هەرێمەوە نییەو بەشداری کۆبونەوەی حکومەتی ناوەندی دەکات‌و لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە پەیوەندی بە حکومەتی ناوەندییەوە هەیە."

 

حەدیسی دەشڵێت"ئەو هەنگاوە دژی دەستوری عێراقە و یاساکانی عێراقیش بە هەموو شێوەیەک ئەو بریارە ڕەتدەکەنەوە، بڕیارێكی ڕاست نییەو ئەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا نیە."

 

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی "جێناكۆك" ڕیفراندۆم بكرێت.

 

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان ڕێكنەكەوتوون.

 

بڕیاردانی ڕیفراندۆم لە كەركوك لەكاتێكدایە سەدا 32ی پارێزگاكە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدایە، لەوانە قەزای حەویجەو ناحییەكانی زاب، ڕەشاد، ڕیازو عەباسی.

 

هەروەها حكومەتی عێراقی دژایەتی سازدانی ڕیفراندۆم دەكات، زۆرێك لە "ناوچەی جێناكۆك" لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی بەغدادایە، بەتایبەت لە پارێزگای دیالە لەوانە ناحییەكانی (سەعدیە، مەندەلی، بەدرەو جەسان)، هەروەها چەند ناوچەیەكی قەزای شەنگالیش لە‌ نەینەوا.