بارزانی: هیوادارم بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی 25ی ئەیلول بكەنە جەژنێكی گەورەی نیشتیمانی

31-08-2017 06:59

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەیدا داوادەكات خەڵكی كوردستان بەشداربن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بە دەنگدانی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ئەو ڕۆژە بكەنە جەژنێكی گەورەی نیشتیمانی.

 

بڕیارە 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا كە فشارەكانیان بەردەوامە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

بارزانی لە پەیامێكیدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان‌و موسڵمانانی جیهان‌و پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان دەكات، دەڵێت"هیوادارم لە 25ی ئەیلوول، هەموو خەڵكی كوردستان بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، ئەو ڕۆژە بكەنە جەژنێكی گەورەی نیشتیمانی و ساڵانی داهاتوو ئەو ڕۆژە وەك جەژنی سەربەخۆیی یاد بكەینەوە."

 

سووربوونی بارزانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لەكاتێدایە فشاری وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە بۆ پاشگەز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لەو پڕۆسەیە.

 

ئێران زیاتر لە توركیا بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.

 

هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە مافێكی ڕەواو سروشتیی گەلی كوردستان دادەنێت‌ كە جگە لە خەڵكی كوردستان هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بكات.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو بەهەمانشێوە داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن.

 

هەرلەسەر ئاستی ناوخۆ، 8ی ئەم مانگە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ڕاگەیەندرا كە لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتوون‌و داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.