كۆسرەت ڕەسوڵ: كورد لەبەردەم دوو ڕیانێكدایەو لە ڕیفراندۆم بە بەڵێ دەنگ بدەن

01-09-2017 09:06
كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆسرەت ڕەسوڵ داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات بەشداربن لە ڕیفراندۆم‌و بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەگەر بە بەشداریی نەتەوەیەكگرتووەكان كاتێكی دیكە دیاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئامادەن ئەو پڕۆسەیە لەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە دوابخەن.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، كۆسرەت ڕەسوڵ سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە خورماتوو بەسەركردەوەو دوای جەژنە پیرۆزە، بە ڕۆژنامەنوسانی وت، كورد لەبەردەم دوو ڕیانێكدایەو ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە‌و هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە ڕێگریی لێبكات.

 

بڕیارە 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا كە فشارەكانیان بەردەوامە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

"داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین هەركەسێك ویژدانی هەبێت دەبێت دەنگبداتە ڕیفراندۆم‌و بڵێت بەڵێ نەك نەخێر" كۆسرەت ڕەسوڵ وای وت، تەئكیدیشی كردەوە، "هەر شوێنێك هێزی پێشمەرگەی تێدابێت ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجامدەدرێت."

 

هەرێمی كوردستان، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی‌و بە مافێكی ڕەواو سروشتیی خەڵكی كوردستانی دەزانێت، ئەوەش لەكاتێكدایە‌ فشاری وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو پڕۆسەیە.

 

لەبارەی دواخستنی ڕیفراندۆم، كۆسرەت ڕەسوڵ دەڵێت"ئەگەر بەدیلێكی باش هەبێت‌و خەڵكی كوردستانی پێڕازی بێت، ئێمە ڕازین، بۆنمونە كاتێكی دیاریكراو دابنرێت‌و بڵێن لەو ڕێكەوتەدا ڕیفراندۆم بكەن، ئێمە ڕازین دوای بخەین، بەڵام بەومەرجەی كاتێكی بۆ دیاری بكرێت‌و بە بەشداریی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ لەبارە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانیشەوە، وتی"لەناو خۆمان یەك بین لە هەموو شت گرنگترە‌و پێویستە كێشەكانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین."

 

سەرباری حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئێران تووندتر لە توركیا دژی پڕۆسەكەیەو ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، بەتایبەت پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی چەندینجار تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە.

 

دوێنێش بارزانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەیدا داوای لە خەڵكی كوردستان كرد بەشداربن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بە دەنگدانی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ئەو ڕۆژە بكەنە جەژنێكی گەورەی نیشتیمانی.

 

مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان‌و موسڵمانانی جیهان‌و پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان كرد، وتی"هیوادارم لە 25ی ئەیلوول، هەموو خەڵكی كوردستان بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، ئەو ڕۆژە بكەنە جەژنێكی گەورەی نیشتیمانی و ساڵانی داهاتوو ئەو ڕۆژە وەك جەژنی سەربەخۆیی یاد بكەینەوە."

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.