توركیا: ڕیفراندۆم دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی كێشەی چاوەڕوان نەكراو

02-09-2017 03:18
كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25-9. فۆتۆ؛ ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

 

 توركیا تەئكید دەكاتەوە ڕیفراندۆمی كوردستان ناسەقامگیری دروستدەكات‌و دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی كێشە لە ناوچەكە كە "هیچ چاوەڕوانكراو نین"، دەشڵێت، لە ناوچە جێناكۆكەكان تەنیا كورد ناژی‌و بە بڕیارێكی بارزانی چارەنوسی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت.

 

كاردانەوەكان لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستان كە بڕیارە 23 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت بەردەوامە، توركیا لەزاری جێگری سەرۆك وەزیرانەوە نوێترین هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندو بەردەوامیی هەوڵەكانی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ پاشگەزبونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم.

 

بەكر بۆزداغ، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا باسلەوەدەكات هەڵوێستی وڵاتەكەی ڕوونەو لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدایە، "ئومێدەوارین ئەو ڕیفراندۆمە دوابخرێت‌و ناوچەكە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری، نائاسوودەیی‌و نائارامی زیاتر نەكاتەوە. ڕێگە بە ئاژاوەو ئاڵۆزی نوێ نادرێت. توركیا تا ئەمڕۆ بەردەوامبووە لەسەر هەموو هەنگاوێكی پێویست بۆ دواخستنی ئەو ڕیفراندۆمە، لەمەودواش بەردەوام دەبێت. هەروەها بەشداریكردنی كەركوك لەو ڕیفراندۆمەدا هەڵەیەكی گەورەی جودایە."

 

بڕیارە 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە‌و هەوڵدان بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

بۆزداغ كە هاوكات وتەبێژی فەرمی حكومەتی توركیایە، وتیشی"ئەو ڕیفراندۆمەی دەكرێت ئاسوودەیی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە ناهێنێت، دۆخی ئاسایش تێكدەدات، ناوچەكە ناسەقامگیر دەكات‌و دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی كێشە لە ناوچەكە كە هیچ چاوەڕوانكراو نین. لە ناوچەكەدا تەنیا كورد ناژین، لەوێ ناوچەی جێناكۆك هەیە، توركمان‌و عەرەبی لێیە. تەنیا بە بڕیارێك كە بارزانی دەریدەكات قەدەری ئەو ناوچەیە ناگۆڕێت."

 

جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا جەختلەوەشدەكاتەوە وڵاتەكەی پێیوایە ڕیفراندۆمی كوردستان هەڵەیە، "لەبەرئەوە توركیا پێی باشە ڕیفراندۆمەكە دوابخرێت‌و باسیشی لەوە كردووە كە دواخستنی ڕیفراندۆمەكە مەرجە بۆ دەستەبەری ئاسوودەیی، ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی ناوچەكە."

 

سەرباری دژایەتی حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئێران تووندتر لە توركیا دژی پڕۆسەكەیەو ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، بەتایبەت پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی چەندینجار تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە.