بەرهەم ساڵح لیستێكی نوێی "ئامادەكردووە" بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

03-09-2017 04:13
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوە. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرهەم ساڵح لیستێكی نوێی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان "ئامادەكردووە" كە بڕیارە لە 1-11 ئەنجامبدرێت، بەڵام بۆ فەرمیی ڕاگەیاندنی لیستەكەی چاوەڕوانی دواین هەوڵەكانی یەكێتییە بۆ چاكسازی ناوخۆیی.

 

دروستكردنی لیستی هەڵبژاردن لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، دوای بێئومێدبوونی دێت لە هەوڵەكانی ڕابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی.

 

بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادارو نزیك لە بەرهەم ساڵح، ئەو كەسایەتییە سیاسییە بەنیاز نییە حزب دروست بكات، تەنها لیستێك بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت، "لیستەكە ئامادەیە، بەڵام هێشتا ڕاناگەیەندرێت." سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف وای وت.

 

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەش كە هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە، وتیشی"ماوەیەكە هەوڵی گەڕاندنەوەی چڕ بووەتەوە بۆ ناو یەكێتی، بەڵام كاك بەرهەم بێئومێدە لە دۆخی ناوخۆی یەكێتی‌و چارەسەكردنی كێشەكان، هەربۆیە لیستێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دروست دەكات‌و چاوەڕەوانی دواین هەوڵەكانی یەكێتییە بۆ قۆستنەوەی پڕۆژە چاكسازییەكەی بە پێچەوانەوە لەدەرەوەی یەكێتی بەشداری هەڵبژاردن دەكات."

 

ئەو سەرچاوەیە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت بەو هۆیەی هێشتا بە فەرمی لیستەكە ڕانەگەیەندراوە، دەڵێت"لیستەكە بەدوور دەبێت لە ململانێی حزبی‌و كەسانی ناو یەكێتی‌و دەرەوەی یەكێتیشی تێدایە."

 

بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوەو بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە بەشداریی كۆبوونەوەكانی یەكێتی ناكات، پێشتریش لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ‌و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی ناوەندی بڕیاریان لەناو ئەو حزبە ڕاگەیاند، بەڵام دوای چەند مانگێك ناوەندەكە بە بێدەنگی هەڵوەشایەوەو بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی یەكێتی مایەوە.

 

وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، ئامانجی بەرهەم ساڵح كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازی‌و چاكسازیخوازەكانە لە لیستێكی فراواندا كە سەرتاسەری هەرێم بگرێتەوە، "هێشتا ناوەكەی یەكلایی نەبوەتەوە، بەڵام وشەی هاوپەیمانی تێدادەبێت، وەك ئاماژەیەك بۆ بەرەیەكی فراوانی چاكسازیخواز" كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵح وادەڵێت.

 

دروستكردنی لیستی نوێ بۆ هەڵبژاردن لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان سێ ساڵە لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسیدایەو حكومەت ناتوانێت نیو موچەی فەرمانبەرانیش لە كاتی خۆیدا دابەشبكات، ئەوەش وایكردووە بێزاری‌و نیگەرانییەكی زۆر لە ناو خەڵكدا دروست ببێت لە حزبەكان‌و زیاتریش لە حكومەت.

 

سلێمان عەبدوڵا یونس، كادری پێشكەوتووی یەكێتی‌و نزیك لە بەرهەم ساڵح، هەرچەندە ئامادەنەبوو بە فەرمی دروستكردنی لیست لەلایەن بەرهەم ساڵح پشتڕاست بكاتەوە، بەڵام ڕەتیشی نەكردەوە.

 

ئەو كەسایەتییەی نزیك لە بەرهەم ساڵح، بە پەرەگرافی وت"كاك بەرهەم بەشێك نیە لە كێشەو ململانێكانی ئەمڕۆی یەكێتی، كێشەی شەخسی نیە، بە دڵنییایەوە بەدوای بەرژەوەندی خۆی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی ڕزگاركەری بۆ یەكێتی‌و تەواوی كوردستان هەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە سەختەكانی حوكمڕانی. ئەگەر یەكێتی ئەو دەرفەتە لە دەستبدات ناتوانێت خاوەندارییەتی ئەو پڕۆژەیە بكات، ئەو ژمارەزۆرەی هەڤاڵانی سەركردایەتی كە داوای چاكسازی لە نێو یەكێتی دەكەن هاوبیری د.بەرهەمن كە ناكرێ چیتر ئەم وەزعە بەردەوام بێت."

 

سلێمان عەبدوڵا یونس، باسیلەوەشكرد خەڵكانی ناو یەكێتی‌و دەرەوەی ئەو حزبەش، چاوەڕوانی چاوەڕوانی هاوكاری‌و هاوپەیمانیی بەرفراوانن لە دژی پاوانكاری‌و بێدادیی لە هەرێمی كوردستان، وتی"كاك بەرهەم مەبەستێتی دۆخی نێوخۆی یەكێتی چاكبێتەوە، پەیوەندی گۆڕان‌و یەكێتی چاكبكاتەوەو برینەكانی ڕابردوو ساڕێژ بكات‌و بیكاتە دەستمایەی قۆناغیكی نوێ بۆ پەیوەندی نێوان لایەنەكان‌و دربازكردنی كوردستانیش لەم قۆناغە سەختە، پڕۆژەكەی د.بەرهەم جۆرێكە لە خۆڕێكخستنەوە بۆ كۆی پڕۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی."

 

پەرەگراف لە زاری كەسانی ئاگادارەوە زانیویەتی، تەنها بەرهەم ساڵح نییە كە لیستی نوێ دروست دەكات، بەڵكو چەند كەسایەتی‌و گروپی جیاوازی دیكە سەرقاڵی دروستكردنی لیستن، بەڵام هەوڵێك هەیە سەرجەمیان لەژێر چەترێكدا كۆببنەوەو بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بۆئەوەش گفتوگۆ لە نێوانیاندا دەستیپێكردووەو بەرهەم ساڵحیش لە ناو گفتوگۆكاندایە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكان بە پەرەگرافی وت"هەندێك لەو كەسایەتییانە پێیانوایە دروستكردنی چەند لیستێك پەرتبوون دروست دەكات‌و بە بەدەستهێنانی كورسیی كەم لە پەرلەمان گۆڕانكاریی ناكرێت، هەربۆیە لەهەوڵی كۆبوونەوەدان لەژێر یەك چەترو یەك لیستدا."

 

ئەو كەسایەتییانە هەرچەندە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە، ئیسلامی‌و عەلمانی‌و حزبیی‌و سەربەخۆیان تێدایە، بەڵام دەیانەوێت بەدوور لە ئایدۆلۆژیا پێكەوە كۆببنەوەو بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، پێیانوایە ئەوە تاكە ڕێگەی دەربازبوونە لەو دۆخە چەقبەستووەی هەرێمی كوردستانی تێدایە.

 

بڕیارە 1-11 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێن، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نزیكەی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.