گۆڕان و کۆمەڵ: ڕیفراندۆم دوابخرێ و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت

04-09-2017 01:37
کۆبونەوەی عەلی باپیرو عومەری سەید عەلی 4-9-2017. فۆتۆ؛ کەناڵی پەیام.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی جارێکی دیکە داوادەکەن ڕیفراندۆم دوابخرێت لە پەرلەمانەوە یاسای بۆدەربکرێت، هەروەها هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێن.

 

ئەو دوو حزبە ئەمڕۆ لەئاستی باڵادا کۆبوونەوەو لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیاند، کە تێیدا هاتووە"هه‌ردولا جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری پاشه‌كه‌وتی موچه‌ و چاككردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌جۆرێك كه‌ كاره‌كانی یاسادانان و چاودێری خۆیی بكات، ڕیفراندۆم دوابخرێ‌ بۆ كاتێكی گونجاو له‌ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه‌ بڕیار و یاسای بۆ ده‌ربكرێت و هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی یاسایی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت."

 

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، هەردوو حزب ئاماده‌یی خۆیان نوێ‌ كردووەتە‌وه‌، بۆ گفتوگۆی جدی له‌ پێناو چاره‌سه‌كردنی قه‌یرانه‌كان.

 

گۆڕان و کۆمەڵ پێشتریش داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان کردبوو، بەڵام داواکارییەکەیان بەهەند وەرنەگیراوەو حزبەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم سورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە لەوادەی خۆیدا.

 

 بڕیارە 21 ڕۆژی دیکە ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە‌و هەوڵدان بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

سەرباری دژایەتی حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئێران تووندتر لە توركیا دژی پڕۆسەكەیەو ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.
 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، بەتایبەت پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی چەندینجار تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە.