وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌ مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ برایانی كورد

06-09-2017 03:40
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

 

پەرەگراف

 

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دەدات لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و بە "مەترسییەكی زۆر گەورە بۆ كورد" ناوی دەبات، تەئكیدش لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكاتەوەو ئەوەدەخاتەڕوو، وڵاتەكەی پشتیوانی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا دەكات.

 

كاردانەوەكان لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستان كە بڕیارە 19 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت بەردەوامە، ئێران جارێكی دیكە لەزاری وەزیری دەرەوەوە نوێترین هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند كە سوربوونە لەسەر ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم.

 

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پێیوایە هەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوهەڵوێستی ئێرانن سەبارەت بە پاراستنی یەكپارچەیی سوریاو عێراق، لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە، دەڵێت"ئەم پرسە مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ برایانی كوردی ئێمە. ئێستا دۆخی كوردەكانی عێراق زۆر باشترە لە ڕابردوو، سەرۆك كۆماری عێراق كوردەو ڕێژەیەكی بەرچاو وەزیر و پەرلەمانتاری كورد لە عێراقدا هەن."

 

بڕیارە 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە‌و هەوڵدان بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

سەرباری دژایەتی حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئێران تووندتر لە توركیا دژی پڕۆسەكەیەو ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆ بە ڕێگەچارەی گونجاو دەزانێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و "پێشێلكردنی یەكپارچەیی وڵاتان" بە هەڕەشەیەكی سەرەكی دەزانێت، دەشڵێت"بە نوێنەرایتی گەلێكی دۆست ئەم قسانە دەكەم كە لەكاتی پێویست‌و هێرشی سەدام بۆ سەر هەڵەبجە یان كاتی نزیكبونەوەی داعش لە هەولێر یارمەتی برایانی كوردیان داوە."

 

لەبارەی ئەوەی لە ئەگەری پێداگری كورد بۆ جیابوونەوە لە عێراق، ئێران چ كارێك دەكات؟ زەریف دەڵێت"بە ڕای من باشترین ڕێگا گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێرە و ئێمە بێ گومان پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان دوو لایەن دەكەین."

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، بەتایبەت پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی چەندینجار تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە.